دونیا

نیوزلەندا.. ئەمڕۆ لە خۆشبەخترین وڵاتەوە بووە بەدبەخترین وڵات

نیوزلەندا.. کە ساڵی ڕابردوو بە هەشتەمین وڵاتی جیهان لەڕووی خۆشبەختییەوە ناوی تۆمارکرا، ئەمڕۆ بەدبەختترین ڕۆژی تێپەڕکرد و دەیان نوێژخوێن خەڵتانی خوێن بوون.

دوو هێرشی چەکداریی ماتەمینی خستە دڵی هاوڵاتییانی نیوزلەندا بەگشتی و شاری کرایستچێرچ بەتایبەتی، کە تیایدا دوو چەکدار بە هەڕەمەکی دەستڕێژی گولـلەیان لە ژمارەیەک نوێژخوێنی دوو مزگەوت کرد.

یەکێک لە چەکدارەکان، دوای نوێژی نیوەڕۆ هەر لە دیوی دەرەوەی دەرگای مزگەوتێکەوە بە ناوی (مزگەوتی نور) دەستڕێژی گولـلەی لە نوێژخوێنان کردووە، کاتێکییش فیشەکی لێ بڕاوە، گەڕاوەتە ناو ئۆتۆمبیلەکەی تا چەکەکەی پڕ گولـلە بکاتەوە و بە هەردوو جارەکە بۆ ماوەی سێ خولەک تەقەی کردووە و، بەهۆیەوە ٤٢ کەس شەهیدبوون و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

مزگەوتی نور دەکەوێتە شەقامی (دینیز) لە شاری کرایستچێرچ، ئەوەش کە تەقەکەی کردووە ناوی (برینتۆن تارانت)ە، کە ئێستا دەستگیرکراوە و کەسێکی سپی پێستە و تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە ئوستورالیا لە دایک و باوکێکی بە ڕەچەڵەک بەریتانی لەدایکبووە.

(برینتۆن تارانت) ڤیدیۆی ڕووداوەکەی بە ڕاستەوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، کە بەوە ناسراوە کەسێکى توندڕەوی دژە پەنابەرانە و، پێیوایە موسڵمانانی پەنابەر وڵاتانی ئەوروپا داگیردەکەن و، لە هەژماری خۆی لە تویتەر و فەیسبووک دەیان پۆستى دژ بە پەنابەرانى موسڵمان کردووە.

هاوکات لە مزگەوتێکی تر کە دەکەوێتە سەر شەقامی لینوود لە شاری کرایستچێرچ، بە هەمان شێوە دەستڕێژی گولـلە لە نوێژخوێنان کراوە و بەهۆیەوە ٧ نوێژخوێن شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، بەڵام بکەری ڕووداوەکە و ژمارەیان هێشتا ئاشکرانەکراوە.

دوابەدوای ڕووداوەکانیش هێزە ئەمنییەکان ٣ پیاو و ئافرەتێکیان دەستگیرکردووە، کە گومانیان لێ دەکرێن دەستیان لە ڕووداوەکاندا هەبێت.

هاوکات مستەفا فاروق، سەرۆکی یەکێتیی کۆمەڵگەی ئیسلامی نیوزلەندا ڕایگەیاند، ئەو دوو مزگەوتەی هێرشیان کراوتە سەر لە کۆنترین مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەن و جگە لە چالاکیی ئاینی ئیسلام چالاکیی سەرجەم دینەکانی دیکەشی تیادا دەکرێت.

ڕووداوەکان کە جاسێندا ئاردیرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندای دووچاری شۆک کردووە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ناخۆشترین ڕۆژی لە مێژوویدا تۆمارکرد و ئاستی مەترسیی ئەمنیشی لە سەرتاسەری نیوزلەندا بۆ پلەیەکی باڵا بەرزکردەوە.

لەلایەکی ترەوە پەرلەمانتارێکی نیوزلەندا ئۆباڵی ڕووداوەکەنای خستووەتە ئەستۆی ئەو سیاسەتەی کە ڕێگە بە موسڵمانان دەدات بۆ نیوزلەندا کۆچ بکەن، وتیشی ڕاستە لەو دوو ڕووداوەدا موسڵمان بوونە قوربانی، بەڵام بە گشتی موسڵمانان لەسەر ئاستی جیهان هاوڵاتی بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە دەکوژن.

ژمارەی دانیشتووانی نیوزلەندا نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە و ١%ی ئەو ژمارەیەش موسڵمانن و، لە ٥٠ هەزار کەس تێپەڕیکردووە، کە زۆربەیان پەنابەرن و شانبەشانی مەسیحی و هیندۆس و بوزییەکان ژیان بەسەردەبەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close