جیهانی ئیسلامیمێژوو

عەبێر ئەلجەنابی، ئەو منداڵەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق لاقەیانکرد و سوتاندیان

ئایا چیرۆکی عەبێرت بیستووە؟ بیرت دێتەوە؟ عەبێر کچێکی ١٤ ساڵان بوو، لەلایەن سەربازانی ئەمریکییەوە لە ساڵی ٢٠٠٦دا، لە ناوچەی ئەلمەحمودییە لە عێراق، لاقە کرا و دواتر شەهیدکرا و پاشانیش تەرمەکەی سوتێنرا.

عەبێر هەمزە ئەلجەنابی، لەگەڵ دایکی و باوکی بەناوەکانی (فەخریە تەها ٣٤ ساڵ و قاسم هەمزە ڕەحیم ٤٥ ساڵ) و خوشک و براکانیدا دەژیا. ماڵیان نزیکەی ٢٠٠ مەترێک لە خاڵێکی پشکنینی ئەمریکییەکانەوە دووربوو، کە شەش سەربازی ئەمریکی تیادابوو، لە گوندی یوسوفییەی سەر بە ئەلمەحمودییە بوون، ئەو ناوچەیە بە “سێگۆشەی مەرگ” ناسرابوو.

بەگوێرەی وتەی دراوسێکانی عەبێر، عەبێر زۆرینەی کاتەکانی لە ماڵەوە بەسەردەبرد، دایک و باوکی لەبەر خراپیی دۆخی ئەمنیی ڕێگەیان نەداوە بچێتە قوتابخانە. سەربازانی ئەمریکی، لەکاتێکدا عەبێر خەریکی کاری ماڵەوە بووە، لە خاڵە پشکنینەکەوە زۆر سەیری عەبێریان کردووە. دراوسێکان ئاگاداری باوکی عەبێریان کردووەتەوە لەوە، بەڵام باوکی عەبێر لە وەڵامدا وتوویەتی، کێشەیەک نابێت و ئەو کچێکی بچووکە.

موحەمەدی برای عەبێر و برا بچووکەکەی تری، کە لەکاتی کوشتنی (دایک و باوک و خوشکە بچووکەکەی عەبێر و عەبێر)دا لە قوتابخانە بوون و زیندوون باسیان لەوە کردووە، سەربازانی ئەمریکی ماڵەکەیانیان زۆر پشکنیوە و، سەربازێکیان بەناوی ستیڤن دەیڵ گرین دەستی بە ڕوومەتی عەبێردا هێناوە.

دوای ئەمەش دایکی عەبێر خزم و کەسی ئاگادارکردووەتەوە و شەوانە عەبێری ناردووەتە ماڵی ئەحمەد قاسمی مامی بۆئەوەی لەوێ بخەوێت.

شەوی ١٢ی ئازاری ٢٠٠٦ سەربازانی ئەمریکی لە خاڵی پشکنینەکە عەرەقیان خواردووەتەوە و دواتر تاوتوێی لاقەکردنی عەبێریان کردووە. دواتر و لە ناوەڕاستی ڕۆژ و بە ڕۆژی ڕووناک (لە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٦) سەربازەکان چوونەتە ماڵی عەبێر و خێزانەکەییان لەیەکتری جیاکردووەتەوە و عەبێریان بردووەتە ژوورێک و خێزانەکەیشییان بردووەتە ژوورێکی ترەوە. دواتر ستیڤن گرین، کە یەکێک بوو لە سەربازەکان، دایک و باوکی عەبێر و خوشکە بچووکەکەی دەکوژێت، لەم کاتەشدا دوو لە سەربازە ئەمریکییەکان عەبێریان لاقە کرد. پاش کوشتنیان، ستیڤن گرین هاتووەتە ئەو ژوورەی عەبێری تیادا لاقەدەکرا و بە سەربازەکانی وتووە، “ئەوانم کوشت، هەموویان مردوون.” دواتریش گرین عەبێری لاقە کردووە و دوای لاقەکردنیشی فیشەکێکی ناوە بە سەرییەوە، پاشانیش لەگەڵ سەربازەکانی تردا ماڵەکە و تەرمەکانیان سوتاند.

دراوسێکانی عەبێر یەکەم کەس بوون کە شاهیدی ڕووداوەکە بوون. یەکێک لە دراوسێکانی عەبێر وتوویەتی، “ئەو کچە فەقیرە، کچێکی زۆر جوان بوو، ئا لەوێدا (تەرمەکەی) کەوتبوو، قاچێکیانی درێژبووبوو، قاچێکیانی نوشتابووەوە، پۆشاکەکەیشی (بە مردوویی) بۆ سەرەوە هەڵدرابووەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close