دونیا

لە وڵاتێکی ئەوروپی تا ئێستا یەک تاکە مزگەوت بوونی نییە و ڕێگە بە کردنەوەی مزگەوتیش نادرێت

کەناڵی (تی ئاڕ تی وۆرڵد) لە ڕاپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات کە لە وڵاتی سلۆڤاکیا هیچ مزگەوتێک بوونی نییە و ڕێگە بە کردنەوەی مزگەوتیش نادرێت، ئاماژە بەوەش دەکات، “موسڵمانبوون لە سلۆڤاکیا ئاسان نییە، لە قوتابخانەکاندا ناتوانرێت فێرکاریی ئیسلامی هەبێت.”

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، “زیاتر لە پێنج هەزار موسڵمان لە سلۆڤاکیادا دەژین، بەڵام هێشتا کۆمەڵگای موسڵمانان لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە نەناسێنراون.”

پێشتر لە سلۆڤاکیا بۆ ناساندنی کۆمەڵگایەک تەنیا ٢٠ هەزار ئیمزای هەر هاووڵاتییەک پێویستبوو، بەڵام لە ٢٠٠٧ەوە ئەو ژمارەیە بۆ ٥٠ هەزار ئیمزای هاووڵاتییانی ئەو کۆمەڵگەیە بەرزکرایەوە، کە داوای بە فەرمی ناساندن دەکەن، بەم شێوەیەش موسڵمانان، کە ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار کەسە، پێناچێت بەمنزیکانە ئەو مافەیان پێبدرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە موسڵمانان ڕێژەی نزیکەی ٠.٢%ی دانیشتووانی سلۆڤاکیا پێکدەهێنن، بەڵام هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە باس لە مەترسیی “بەئیسلامیکردن”ی سلۆڤاکیا دەکەن.

ئەندرێ دانکۆ پەرلەمانتاری سلۆڤاکی لەوبارەوە وتوویەتی، “بەئیسلامیکردن لە کەبابێکەوە دەستپێدەکات و لە براتیسلاڤا (پایتەختی سلۆڤاکیا) دەستیپێکردووە.”

لە ساڵی ٢٠١٧شدا سەرەڕای ڤیتۆی سەرۆکی سلۆڤاکیا، ئەنجومەنی نیشتمانی، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو ئیمزای داواکراوی کۆکردەوە، بەڵام کۆمەڵگای موسڵمانان بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە دانیان پێدا نەنرا.

موحەمەد سەفوان حەسنا سەرۆکی دامەزراوەی ئیسلامیی سلۆڤاکیا ڕایگەیاندووە، “ئێمەی موسڵمان، بەڕاستی پێویستمان بەوەیە کە بە تەواوی بناسێنرێین، و هەستی ئەوەمان هەبێت کە لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگاوە قبوڵکراوین، ئێمەی موسڵمانیش هاووڵاتیین، لەپاڵ ئەرکەکانماندا مافیشمان هەیە.”

نەناساندنی کۆمەڵگای موسڵمانانیش بە فەرمی، کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هەموو موسڵمانان هەیە، موسڵمانانی سلۆڤاکیا مافی ئەوەیان نییە کە سەرکردەیەکی موسڵمانیان هەبێت؛ ناتوانن پرۆسەی هاوسەرگیریی بە شێوەیەکی ئیسلامییانە ئەنجامبدەن؛ ناشتوانن هاوکاریی دارایی لە حکومەت وەرگرن؛ ١٨ ئاینزا و بیروباوەڕی تر لە سلۆڤاکیا بوونیان هەیە و مافیان پێدراوە، بەڵام موسڵمانان تاکە کۆمەڵگەن کە مافەکانیان لێ زەوتکراوە و، ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار کەسە (نزیکی ٠.٢%ی دانیشتووان).

موسڵمانان لە ساڵی ١٩٩٩دا ناچارکران بە فرۆشتنی زەوییەک، کە کڕیبوویان بۆئەوەی بیکەن بە سەنتەرێکی ئیسلامی (مزگەوتێک) و پەرستشی تیادا بکەن.

لە سلۆڤاکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی ئیسلام دەکرێت و ئیسلامۆفۆبیا بە شێوەیەکی بەربڵاو بوونی هەیە، سەرەڕای ئەمانەش، قسە و لێدوانی ڕقاوی لەلایەن سیاسییەکانی ئەو وڵاتەوە دژ بە موسڵمانان بوونی هەیە و ئەمەش شتێکی نائاسایی نییە لەم وڵاتەدا، بەڵکو شتێکی ئاساییە لەلایان.

ستانیسلاڤ میزیک ئەندامی پەرلەمانی سلۆڤاکیا دەڵێت، “هەموو ئەوروپییەکی ئاسایی، مەسیحییە یان مولحید! دەبێت لەم منداڵبازە شەیتانانە بترسن کە دروستکراوی شەیتانن، کە شوێنکەوتووی ئیسلامن!”

لەدوای ئەو شەپۆلە لە کۆچبەران کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، دۆخی موسڵمانان بە زۆر خراپ بووە. تەنانەت لە سلۆڤاکیا نەبوونی مزگەوت کراوە بە بیانوو بۆ دژایەتیکردنی قبوڵکردنی کۆچبەرانی موسڵمان.

موحەمەد سەفوان حەسنا سەرۆکی دامەزراوەی ئیسلامیی سلۆڤاکیا لەوبارەیەوە دەڵێت، “سیاسییەکان زۆر باش دەزانن کە دەتوانن کەشێکی ترسئامێز بە قسەکردن لەسەر ئیسلام و کۆچبەران بڵاوکەنەوە، ئەوەیش بە شێوەیەکی ئەنقەست و بە تێکەڵکردن و گرێدانیان پێکەوە.”

لە ساڵی ٢٠١٧دا ئیسلامۆفۆبیا لە سلۆڤاکیا وەستا، بەڵام موسڵمانان هێشتا چاوەڕێی مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن. سلۆڤاکیا ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە و بەپێی یاساکانی یەکێتییەکەش دەبێت هەموو تاکێک مافی پێبدرێت، بەڵام ئایا سلۆڤاکیا پەیڕەویی ئەوەی کردووە؟!

لەکاتێکدا موسڵمانان بچووکترین مافەکانیان لەم وڵاتەدا نییە، کەچی ئەم وڵاتە ترسی “بەئیسلامیکردن”ی لێ نیشتووە، ئەی دەبێت ئەگەر مافەکانیان پێبدرێت، ئەوکات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

لەم وڵاتە ئەوروپییە سەرەڕای ئەوەی هیچ مزگەوتێک نییە، ڕێگە بە کردنەوەی مزگەوتیش نادرێت و بە فەرمییش دان بە کۆمەڵگای موسڵماناندا نەنراوە!

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Wednesday, March 13, 2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close