جیهانی ئیسلامی

“بوتەفلیقە ماوەی سەرۆکایەتیی بۆ خۆی درێژکردەوە”

دوای ئەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی جەزائیر ڕایگەیاند، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید ناکاتەوە و هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی ١٨ی مانگی داهاتووشی دواخست، بەشێک لە چاودێران وا لێکدانەوە بۆ بڕیارەکە دەکەن کە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەیەتی، چونکە هیچ ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردن دیارینەکرا و، بوتەفلیقە دەڵێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکاندا دەکەن بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

لەلایەکی ترەوە خۆپیشاندەرانی جەزائیر داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەپەلەی بوتەفلیقە دەکەن.

دوای ناڕەزایەتی فراوان و خۆپیشاندانی بەردەوام دژی خۆکاندیدکردنی بۆ سەرۆکی جەزائیر، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی تەمەن ٨٢ ساڵ ڕایگەیاند، “تەمەن و باری تەندروستیم ڕێگەنادەن جارێکی دیکە خۆم کاندید بکەمەوە.”

بوتەفلیقە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە بۆ ماوەی چوار خولە سەرۆکی جەزائیرە. لە ساڵی ٢٠١٣وە بە کەمی لە میدیاکان دەردەکەوێت، ئەوەش بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە.

پێشتر بوتەفلیقە لە نەخۆشخانەیەکی سویسراوە ڕایگەیاندبوو، بۆ جاری پێنجەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی جەزائیر کاندید دەکاتەوە، ئەوەش وایکرد هەزاران کەس بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕن.

هاوکات عەبدولعەزیز بوتەفلیقە حکومەتی هەڵوەشاندەوە و وەزیری ناوخۆی وڵاتی کرد بە سەرۆک وەزیران. هەروەها ڕایگەیاند، کۆنفرانسێکی نیشتمانیی لەبارەی چاکسازیی سیاسی و دەستووری تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و، حکومەتی نوێش سەرپەرشتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات.

بوتەفلیقە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی پەسەندکردووە و وەزیری ناوخۆی لە جێگەی ئەو داناوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، کە بتوانێت چاودێریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات، بەڵام هێشتا دیارنییە کەی بەڕێوەدەچن.

دوایەمین گۆڕانکارییەکانی جەزائیر و بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی جەزائیر، ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە بوتەفلیقە لە سویسراوە گەڕایەوە وڵاتەکەی، کە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی لەو وڵاتە بوو.

خولی سەرۆکایەتیی جەزائیر پێنج ساڵە، بڕیاربوو لە ١٨ی نیسانی ٢٠١٩ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی جەزائیر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەیەوە بەڕێوەناچێت و بەڕێوەنەچوونیشی بەمانای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆکە نەخۆشەکە دێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close