جیهانی ئیسلامی

ئەردۆغان: هەموو جۆرە جیاكارییەک لەژێر پێماندایە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری توركیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ڕایگەیاند، “هەموو جۆرە جیاكاری و دابەشكارییەك، لەژێر پێماندایە. برایانم ئەم وڵاتە هی هەموومانە، ئەم بانگە هی هەموومانە، ئەم دەوڵەتە هی هەموومانە. بۆ ئەمەش چی دەڵێین؟ دەڵێین یەک گەل.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە گردبوونەوەی جەماوەریدا کرد، کە لەلایەن پارتەکەیەوە لە گۆڕەپانی دادی شرنەخ سازکرابوو، تیایدا گوتارێکی پێشکەشکرد.

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ناتوانن بە جیا لە پارێزگاکانی دیکە بیر لە شرنەخ بکەنەوە و وتی، “هەموو جۆرە جیاكاری و دابەشكارییەك، لەژێر پێماندایە. برایانم ئەم وڵاتە هی هەموومانە، ئەم بانگە هی هەموومانە، ئەم دەوڵەتە هی هەموومانە. بۆ ئەمەش چی دەڵێین؟ دەڵێین یەک گەل. یەک گەل واتە چی؟ واتە هەموو ئەوانەی لەم وڵاتەدا دەژین، بە تورک، کورد، عەرەب، چەرکەس، بۆسنی، جۆرجی، ڕۆمانییەکان، بێ ئەوەی تەماشای نەژادیان بکرێت، یەک گەلن. ئەمە تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ گەل. باش دەزانن، ‘میللەتی ئیبراهیم’ یەک میللەتە.”

سەرۆک کۆماری تورکیا پرسیاری ئەوەی لە هاووڵاتییان کرد، کە دۆخی شرنەخ ١٠-٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا چۆن بووە و وتی، “هەموو لایەک زبڵدان، چاڵ، قوڕ، زێرابەکان لە کۆڵانەکانەوە دەڕۆیشتن، وایە؟ بیناکان وەک ئەوە نەبوو کە خۆیان بۆ بگیرێت، ڕەزالەتە. ئایا ئێمە لە ڕێگەی وەزارەتی ژینگە و شارسازیمانەوە هاتینە ئێرە؟ هاتین و ئەو بینا جوانانەمان بۆ ئێوە دروستکرد؟ ئێستا ئێوە لەو بینایانەدا جێگیربوون و دەبن. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەمەیە کە شایەنی خوشک و برا شرنەخییەکەمە.”

وتیشی، “ئێستا شرنەخ-ێکی نوێ هەیە، دەمانەوێت نەک لە ڕێگەی ئەوانەی کە پشتیوانیی ڕێکخراوی تیرۆریستیان هەیە، بەڵکو لە ڕێگەی دەسەڵاتی ئاک پارتی-یەوە، کە بە ڕاستی خاوەندارێتیتان لێدەکات، لە دەسەڵاتی خۆجێیدا قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات. هەربۆیە برامان مەهمەت یارکامان داناوە (وەکو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی).”

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لایەنگرانی جەهەپە و هەدەپە بێڕێزییان بەرامبەر بانگ کرد و لەکاتێکدا گردبوونەوەیەکیان ڕێکخستبوو، لەکاتی بانگداندا دەستیان بە فیکە و هاوار و هوتافکێشان کرد، ئەوەش وەکو بێڕێزیکردن بە بانگ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لێکدرایەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ٣١ی ئازاردا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close