جیهانی ئیسلامی

زیاتر لە هەزار دادوەری جەزائیر: بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ناکەین

زیاتر لە هەزار دادوەری جەزائیری دەڵێن، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵدا ناکەن ئەگەر عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە سەرۆکی وڵاتەکە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

دادوەرەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، پاش چەند کاتژمێرێک لەوەی بۆتەفلیقە لە چارەسەری پـزیشکی لە سویسرا گەڕایەوە.

لەلایەکی ترەوە ئەلتەیب لۆح وەزیری دادی جەزائیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتەکەی، هەڵوێستی دادوەرەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، دادوەران لەسەریانە بێلایەنبن و گومان نەخەنە سەر خۆیان.

بەپـێی یاسای هەڵبژاردنەکانی جەزائیر، دەبێت بۆ هەر بازنەیەکی دەنگدان دادوەرێک سەرپەرشتیی پـرۆسەی هەڵبژاردنەکە بکات.

لە لایەکی دیکەوە، فەریق قاید ساڵح سەرۆکی ئەرکانی لەشکری جەزائیر ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئەوەی باسی خۆپـیشاندانەکانی دژی بۆتەفلیقە بکات ڕایگەیاند، “لەشکری جەزائیر و گەلەکەی هەمان تێڕوانینیان بۆ ئایندە هەیە.” وتیشی، جەزائیریـیەکان دەزانن چۆن نیشتمانی خۆیان بپارێزن.

هەر لە سەروبەندی پشتگیریکردن لە خۆپیشاندەرانی جەزائیر، ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە حزبی دەسەڵاتی جەزائیر دەستیانلەکارکێشایەوە و چوونە ڕیزی خۆپیشاندەران.

بۆتەفلیقەی تەمەن ٨٢ ساڵ، لە ساڵی ١٩٩٩وە پـۆستی سەرۆکایەتیی جەزائیری گرتووەتەدەست، لە ئێستادا سوورە لەسەر خۆکاندیدکردنی بۆ گەڕی پـێنجەم. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣وە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لەوکاتەوە لە هیچ بۆنەیەکی گشتیدا قسەی نەکردووە و بەسەر عارەبانەوەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close