جیهانی ئیسلامی

ئەردۆغان: هەوڵدەدەین نەهێڵین برا کوردەکانمان ببنە ئامرازی پیلانی وڵاتانی بێگانە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، “ئێمە خەبات دەکەین بۆئەوەی برا کوردەکانمان نە لە عێراق و نە لە سووریا و نە لە ھیچ شوێنێکی دیکە، نەبنە ئامێری پیلانەکانی ئیمپریالیستەکان”.

سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری دیاربەکر (ئامەد) گوتارێکی پێشکەشکرد.

ئەردۆغان باسی لە دۆخی ١٠ ساڵ پێش ئێستای دیاربەکر کرد و وتی، “ئیتر دیاربەکری ١٠ ساڵ پێش ئێستا بوونی نییە. ئێستا دیاربەکرێکی نموونەیی ئیستانبوڵ ھەیە. ئەمە بە پاشماوەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە نەبووە، بەڵکو ئەمە بە برایانی قەییوم گەیشتووینەتە ئەم ڕۆژە. ئەوان ئەو پارەیەیان لە شاری دیاربەکر خەرجکردووە کە لە دەوڵەتەوە بۆیان ھاتووە.”

ئەردۆغان وتی، “ئایا ئەو خزمەتەی کە قەییومەکان پێشکەشیانکردووە، توانیوتانە لەو کەسانە وەریبگرن کە چوونەتە ژێر فەرمانی تیرۆر؟ نەخێر ناتوانن لێیانوەربگرن، چونکە ئەمانە کێشەی خزمەتکردنیان نییە، ئەمانە لە ژێر فەرمانی ڕێکخراون (رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە).”

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند، “ئیتر دیاربەکر لەبری قەندیل، پێویستی بە سەرۆکی شارەوانیی بەڕەوشت ھەیە، کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە خزمەت بکات و ئەو شارە بەڕێوەببات.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئەمڕۆ بڕی ٤١ ملیار لیرە وەبەرھێنانیان لە دیاربەکر کردووە و وتیشی، “بەڕێز کەمال لەم شتانە تێناگات، ھەدەپەییەکان ناتوانن لەمە تێبگەن. کاتێک پارە دەکەوێتە دەستی ئەمانەوە، ئەوا بۆ قەندیلی دەنێرن.”.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتەکەیەوە وتی، “بەڵێنی شارەوانی کەسایەتی بەرز و خاوەن سپاردەپارێزتان پێدەدەین، نەک کەسێک کە لە ژێرزەمینەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بخرێتە ژێر لێپرسینەوە و زلـلە لێدان.”

ئەردۆغان وتیشی، “تاکە پێویستیی دیاربەکر ئەوەیە کە سێبەری ڕێکخراوی جوداخواز لەسەر ئەم شارە لابچێت. بە درێژایی مێژوو ئەو ڕێکخراوەی کە زۆرترین ستەمی لە کورد کردووە، پەکەکەیە.”

ئەردۆغان ڕایشیگەیاند، “ئێمە خەبات دەکەین بۆئەوەی برا کوردەکانمان نە لە عێراق و نە لە سووریا و نە لە ھیچ شوێنێکی دیکە، نەبنە ئامێری پیلانەکانی ئیمپریالیستەکان.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پاراستنی مافی کوردەکان وتی، “لەم وڵاتەدا ئەوەی کە بۆ پاراستنی ماف و کولتووری برا کوردەکانمان کاریکردووە و خۆی خستووەتە مەترسییەوە، ئێمە بووین.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close