جیهانی ئیسلامی

سۆیڵو: پەكەكەمان ڕیشەكێشكردووە

سولەیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، “پەكەكەمان ڕیشەكێشكردووە، لەڕووی دەروونیشەوە پەرێشانمانكردوون. لە هەر قسەكردنێكیاندا لەناو خۆیاندا، فرمێسكیان هەیە، دەڵێن سووتاین، كۆتاییمان هات، ناتوانین دەربچین. ئەم ڕۆژە باشانەتان لە لووتتانەوە دەردەهێنینەوە.”

لە میانی بەشداریكردنی لە چالاكییەكدا لە شاری ئیستانبوڵ، سۆیڵو جەختیكردەوە كە ساڵانێكە بەرەنگاری پەكەكە دەبنەوە و وتیشی، “ئەمە باڵی سیاسیشی هەیە. هیچ كەس زوویر نەبێت من بەوە ناڵێم پارت. كێ چی دەڵێت با بیڵێت. بەوە دەڵێن پارت كە كارێكی تایبەت بە نیشتمانی هەبێت. ئەوان باڵی سیاسیی پەكەكەن. من بەوان ناڵێم نوێنەری گەل (پەرلەمانتار). ئەمە بە سووكایەتی بە خۆم و گەلەكەشم دەزانم.”

سۆیڵو کە ئاراستەی قسەکانی بۆ هەدەپە بوو، وتیشی، “ئەوان نوێنەری تیرۆرن. ئەوان نوێنەری ڕێكخراوی تیرۆریستی و پەكەكەن. لەو شارەوانییانەی ئەوان بەڕێوەیاندەبرد، ئەندامێكی پەكەكە بە نهێنی كاری بەڕێوەبردنی ئەنجامدەدا. لە ئێمە تووڕە دەبوون كە قەییووم-مان بۆ داناون. ئێوە ئەو ڕۆژەی ئەو شارەوانییانە هەڵبژێردران لە قەندیلەوە قەییوومتان نارد بۆیان. ئەوانەی ئەوێ بووكەڵەن. سەرۆك لقی شار و شارۆچكەكانی ئەمانە، خزمەتی قەندیل دەكەن و ئەندامیان بۆ كۆدەكەنەوە.”

لەلایەکی تریشەوە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند “ئەو پارتەی پێیدەڵێن هەدەپە، بووكەڵەی پەكەكەیە. ئەمانە بەبێ مۆڵەتی پەكەكە ناتوانن وشەیەك بڵێن و هەنگاوێك بنێن”.

چاوشئۆغڵو لەمیانی كەمپینی هەڵبژاردنی پارتەكەی لە شاری بورسا، وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایشیگەیاند، كاندیدەكانی هەدەپە لەلایەن پەكەكەوە دەستنیشاندەكرێن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، “ئەمڕۆ دەكرێت ئییی پارتی و جەهەپەی نێو هاوپەیمانیی زیللەت، پەكەكە وەك كێشەی مانەوەی توركیا ببینن؟ نەخێر. پێكەوە هەڵسوكەوت دەكەن. لیستەكان پێكەوە پێكدەهێنن.”

وتیشی، “زۆر بە ڕوونی دەیڵێم، لێرەدا بێگومان هەدەپە كاندید و شتی نییە لە لیستەكەدا. وایە؟ لێرە هەیە؟ تەنها بۆ نمایشە. تەواوی ئەو كاندیدانەی بە ناوی هەدەپەوە لە لیستەكەدا هەیە، لەلایەن پەكەكە دانراون. ئەو پارتەی پێیدەڵێن هەدەپە، بووكەڵەی پەكەكەیە. ئەمانە بەبێ مۆڵەتی پەكەكە ناتوانن وشەیەك بڵێن و هەنگاوێك بنێن. لە دیدارەكانی بوودجەدا ڕووبەڕوو پێموتن. توانییان بڵێن نەخێر ڕاست ناكەیت و سەربە پەكەكە نین؟ ئەوان دەڵێن پەكەكە دڵنیایی ئێمەیە.”

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close