دونیا

له‌ ئه‌مریكا موسڵمانان ڕووبەڕووی زۆرترین جیاكاری ده‌بنه‌وه‌

له‌ ڕاپرسییه‌كی نوێدا كه‌ له‌ ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییه‌ی زۆرترین جیاكاریی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌درێت، موسڵمانه‌كانن.

له‌و ڕاپرسییه‌دا كه‌ پۆرتاڵی هه‌واڵیی به‌ناوبانگی The Hill و كۆمپانیای HarrisX بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجامیانداوه‌، به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكا ڕووبەڕووی جیاكاری ده‌بنه‌وه‌.

له‌ ڕاپرسییه‌كه‌دا كه‌ ڕۆژانی ١-٢ی ئازار له‌سه‌ر هه‌زار و سێ ده‌نگده‌ری تۆماركراو ئه‌نجامدراوه‌، له ‌سه‌دا ٨٥ی به‌شداربووان پێیانوایه‌ له‌ ئه‌مریكا موسڵمانه‌كان ڕووبەڕووی زۆرترین جیاكاری ده‌بنه‌وه‌ و له ‌سه‌دا ٧٩ی به‌شداربووانیش باوه‌ڕیان وایه‌ جووله‌كه‌كان ڕووبەڕووی زۆرترین جیاكاری ده‌بنه‌وه‌.

له ‌سه‌دا ٦١ی به‌شداربووانی هه‌مان ڕاپرسی پێیانوایه‌ كریستیانه‌كان و له ‌سه‌دا ٥٥یشیان وایبۆده‌چن ئاته‌یسته‌كان (بێباوەڕەکان) ڕووبەڕووی جیاكاری ده‌بنه‌وه‌.

ڕاپرسییه‌كه‌ له ‌دوای ئه‌و مشتومڕانه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گوته‌كانی ئیلهان عومه‌ر یه‌كه‌م ژنه‌ نوێنه‌ری موسڵمانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، كه‌ نوێنه‌ری ویلایه‌تی مینه‌سۆتایه‌، ئەنجامدرا؛ کە له‌باره‌ی ئیسرائیله‌وه‌، ده‌ستیان پێكردبوو. ڕاپرسییه‌كه‌ له‌و ڕووه‌ی كه‌ بیروبۆچوونه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ جیاكاریی ئاینیی ئاشكراكرد، پڕمانا بوو.

له‌كاتێكدا كه‌ مشتومڕه‌كان له‌باره‌ی ئیلهان عومه‌ره‌وه‌ درێژه‌یان هه‌یه‌، ئه‌نجوومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسلام-ئه‌مریكا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌وه ‌كراوه‌، له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ ئه‌مریكا ئیسلامۆفۆبیا ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close