جیهانی ئیسلامیمێژوو

شێخ موحەممەد ئەلغزالی کێیە؟

شێخ موحەممەد غەزالی لە ساڵی ١٩١٧ لە گوندێكی سەربە شاری (البحیرە)ی میسر لەدایكبووە، لە تەمەنی “دە” ساڵیدا قورئانی پیرۆزی لەبەركردووە، ساڵی١٩٤١ زانكۆی ئەزهەری تەواوكردووە و بۆ ماوەیەكیش هەر لەوێ وانەی وتووەتەوە.

لە چەند زانكۆیەكی تریش كاری كردووە، وەك زانكۆی (ام القرى) لە مەككە و زانكۆی (قەتەر) و زانكۆی (ئەمیر عەبدولقادر) لە جەزائیر، دووجار لەسەر كۆمەڵی برایان (إخوان المسلمین) دەستگیركراوە، کە لە ساڵی (١٩٤٩ و ١٩٦٥) بووە.

شێخ غەزالی زیاتر لە پەنجا نوسراوی هەیە، هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن زیاتر لە ٩٠ کتێب و نوسراوی هەیە، یەكەمیان (الإسلام والأوضاع الاقتصادية) و دواهەمینیان (التفسیر الموضوعی للقرآن الكریم) كە سێ بەرگە، ساڵی ١٩٩٦ لەكاتی بەشداریكردنی لە كۆڕێكی فیكریدا لە ریازی پایتەختی سعودییە كۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی (بەقیع) بەخاکسپێردرا.

شێخ موحەممەد ئەلغەزالی دژی كورتبینی و خولانەوەبووە بەدەوری توێكڵی مەسەلەكاندا، ژیانی بریتیبوو لە شۆڕشێك دژ بەو جۆرە كەسانە، بۆیە زۆرێك لە نووسینەكانی ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێیە بووە، بۆ نمونە، كتێبی “هموم داعية”، بە خەڵكی ئەوت، عورف و نەریتی عەرەب لە خەڵكی مەكەن بە دین. ئەیفەرموو، من لەو كەسە ناترسم كە دوژمنی دینە و بیرئەكاتەوە، بەڵكو لەو كەسە ئەترسم كە دۆستی دینە و بیرناكاتەوە.

ئەیفەرموو، چوار كۆڵەكە خانووی بیری دینی لەسەر ڕاوەستاوە: ناسینی بیری دینی، ناسینی دوژمنانی دین، ناسینی قەوارەی دینی و ناسینی قۆناغی كاری سەرخستنی دین.

لە وتەیەکی تریشیدا دەفەرمووێت، “بڵاوبوونەوەی بێباوەڕی لە دنیادا ئۆباڵەكەی نیوەی لە ئەستۆی ئەو كەسە دیندارانەیە، كە بەهۆی ڕەوشتی خراپ و قسەی ناشیرینی خۆیانەوە خواناسییان لەبەرچاوی خەڵك ناشیرینكردووە.”

هەروەها دەڵێت، “ئێستاش دڵنیام لەوەی کاری گەورە و گران بریتییە لە گۆڕینی میللەت، چونکە گۆڕینی حکومەتەکان ئاسانە و هەرکاتێک میللەت ویستی دەیکات.”

لە وتەیەکی تریدا دەڵێت، “سەعات و ساتێک هەیە کە ناحەق دەگاتە لوتکەی هێز و توانا و، حەقیش دەگاتە لوتکەی ناڕەحەتی و خۆڕاگری.. خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنی ئەو سات و سەعاتە، بریتییە لە خاڵی وەرچەرخان.”

جەنابی “موحەممەد غەزالی” لە لاپەڕە ٣٤ی “فقه السیرة” و لەژێر سەرباسی “عەرەب بەر لە هاتنی ئیسلام”دا دەڵێت، “خەڵکی شاری مەککە بیرکۆڵی حەز و شەهوەت بەهێز بوون! بۆ؟ چونکە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان گەورەیی و پێگەیشتنی عەقڵ و پێگەیشتن و جووڵان و جۆشی حەزی ئارەزوو و شەهوەتدا نییە! وەک چۆن لە نێوان دواکەوتوویی گرووپ و کۆمەڵ لەڕووی عەقڵ و عیرفان و لەڕووی حەزەکانەوە نییە! ئەو چڵە پۆپەی هەوڵ و تێرکردنی حەزەکانی (دامەن)ە، کە ئەمڕۆ دەیبیستین لە جیهاندا، زۆرێکی وا جیاوازیی نییە لەگەڵ ئەوەی کاتی خۆی هەبووە! چونکە پێشکەوتنی شارستانیی تەنها لە ڕووی جۆری بەگەڕ خستن و جۆش و خرۆش و ورووژاندنی حەزی سەرجێیدا هەیە دەنا حەزەکان بۆ تێرکردنی “غەریزە” هەروەک خۆیەتی. لە دوای تۆفانی “نوح”ەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، خووە ناپەسەندەکان بەپێی ڕێژە و شوێن و شێواز گۆڕاوە، دەنا تێرنەبوون و دووڕوویی و مەرایی و کینە و ڕق لێبوونەوە، کە ئەمڕۆ دنیایان پڕکردووە لە کۆنیشدا هەر وابووە. لەنێو گوندێکی دوورەدەستی کەمدەرامەتی دوور لە شارستانی، هەمان ئەو کێبڕکێ دەبینی کە لە شوێنی دیکە دەیبینیت بە جیاوازیی ئەندازە و شێواز. ڕەنگە زۆرێکی واببینی کە ناتوانێ کەمترین بابەتی زانستی تێبگات، بەڵام ناتوانێ لە خۆی بەولاوە کەس بە خاوەن فەزڵتر بزانێت و خۆی بە شایانی هەموو شت دەزانێ”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close