جیهانی ئیسلامیمێژوو

جەمالەدینی ئەفغانی کێیە؟

لە ساڵی ١٨٣٩ جەمالەدینی كوڕی سەفدەری ئەفغانی لە گوندی ئەسەدئابادی سەربە (كابوڵ) لە بنەماڵەیەكی ناودار لەدایكبووە، ئەفغانی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لای باوكی دەستی بە خوێندن كردووە، پاش ساڵێك دەستدەكات بە خوێندنی كتێبە سەرەتاییەكان و دەچێتە ناو بوارە جیاوازەكانی زانست و وێژە و ڕێزمانی عەرەبی و مێژوو و زانستەكانی تەفسیرو فیقهـ و ئوسوڵ و كەلام و تەصەوف و زانستەكانی مەنتیق و سیاسەت و ئاكار و فەلسەفە، زانستە بیركارییەكانی ئەندازە و جەبر و گەردوونناسی و تیۆرییەكانی پزیشكی و توێكاریی خوێندووە، زمانەكانی عەرەبی و ئەفغانی و فارسی و توركی و فەڕەنسیی زانیوە.

ئەفغانی وەك كارایەكی بواری دینی و سیاسیی شارەكانی (مۆمبای و قاهیرە و ئاستانە و حەیدەرئاباد و كەلكەتا) گەڕاوە، ساڵی ١٨٨٣ گەیشتووەتە پاریس و بە هاوكاریی (محەمەد عەبدە)ی قوتابیی، كۆمەڵەی (العروة الوثقى)ی دامەزراند و گۆڤارێكیشی بەو ناوەوە دەركرد، كۆمەڵە بە پەنهانی لقی لە زۆربەی شار و وڵاتەكاندا هەبوو.

ساڵی ١٨٨٦ ڕوویكردە ئێران، پاشان مۆسكۆ و سان پێترسبۆرگ و میونیخ، لە ساڵی ١٨٨٩شدا جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ڕووسیا، لە كۆتایی ئەو ساڵەشدا ئەفغانی لەسەر داوای (ناسرەدین شا) گەڕایەوە بۆ تاران، پاش چەند مانگێك كەشی ناوخۆی تاران شێوا و (ناسرەدین شا) لەجێی (شا عەبدولعەزیزی حوسێنی) لە تەمموزی ١٨٩٠ داینا، تا لە سەرەتای ١٨٩١ دەركرا و لە ئازاری ئەو ساڵەدا گەیشتە بەغداد و پاشان بەسرە و لەوێشەوە ڕوویكردە لەندەن.

سەرەتای ١٨٩٢ لەوێ مایەوە، بە دەنگێكی بەرز دژی فەساد و ستەمكارییەكانی (ناسرەدین شا) چووەوە، بۆیە (ناسرەدین شا) داوای لە (سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی) كرد تا بانگی بكات بۆ پایتەختی عوسمانی، سوڵتان بانگیكرد و ئەوەشی خستەبەردەم كە لە پڕۆژەكەی (جامیعەی ئیسلامی) هاوكاریی بكات، كە یەكێكبوو لە وێستگەكانی پڕۆژەی بوژانەوەی ئەفغانی و لە هەوڵی دامەزراندنیدا بوو.

لەسەر داوای سوڵتان لە هاوینی ١٨٩٢ گەیشتە (ئاستانە) و لەژێر چاودێریی سوڵتاندا مایەوە تا لە ٩ی ئازاری ١٨٩٧ كۆچی دوایی كرد.

لەبارەی داگیرکەرانەوە بە جەمالەدینی ئەفغانییان وت، “ئەو داگیرکەرانە وەک گورگ وان!” جەمالەدینی ئەفغانییش لە وەڵامیاندا وتی، “ئەگەر ئێوە نەبووبن بە مەڕ، ھەڵبەتە ئەوانیش نەدەبوونە گورگ.”

لە وتەیەکی تریدا جەمالەدینی ئەفغانی دەڵێت، “ئایین دوورە لە دژایەتیکردنی زانست، خۆ ئەگەر لە بوارێکدا دژبوو، پێویستە ڕاڤە برکێت، چونکە ئەم زانستە نوێیانە لە زانستە ئاینییەکاندا هەبووە، بەڵام بە شێوەیەکی خەفە و نادیار، ئەگەر موحەمەد باسی کارەبای کردبا کەس باوەڕێ پێنەدەکرد.”

لە وتەیەکی تریدا جەمالەدینی ئەفغانی دەڵێت، “گەلێک بە نهێنی و بە خراپە باسی سەرکردەکانی بکات و، بە ئاشکرا بیانپەرستێت، ئەو گەلە شایستەی ژیان نییە.”

لە کتێبی (ڕێکەوت لە تەرازووی ژیریدا) لە نووسینی (موحەمەد مەلا ساڵح شارەزووری)دا هاتووە، جەمالەدینی ئەفغانی لەکاتی خۆی وتوویەتی، “ئەگەر بمانەوێ ڕۆڵە سەربەستەکانی ئەوروپا بانگبکەین بۆ ئیسلام، ئەوە دەبێ لەپێشدا بڵێین خۆمان موسڵمان نین، چونکە ئەوان لە ئێمەوە سەیری قورئان دەکەن، کە سەیریش دەکەن چی دەبینن؟ گەلێکی نەزان و نەخوێندەوار و چەقیوی ناو قوڕی ئەفسانە، کاتێ ئێمە بەو جۆرە دەبینن دەڵێن ئەگەر ئەم کتێبە (قورئان) ڕاستبوایە شوێنکەوتەکانی بەو جۆرە دواکەوتوو نەدەبوون،” بۆیە ئیسلام زۆر دوورە لە ئێمەی بەناو موسڵمانەوە، ئێمە باسی ئیسلام دەکەین نەک موسڵمان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close