جیهانی ئیسلامیمێژوو

ئایا دەزانیت خانمێکی موسڵمان یەکەمین زانکۆی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دامەزراندووە؟

زۆرن ئەوانەی کە نان و پیاز بە پرسگەلێکی وەک پرسی مافەکانی ئافرەت و ئافرەتانەوە دەخۆن، زۆرینەی ئاراستەی دەمەکانیش ڕوو لە ئافرەتانی موسڵمانە، لەوێشەوە ئاراستەکان ڕوو لە ئیسلامن.

یەکێک لە شانازییەکانی ئیسلام ئەوەیە کە هەموو مافێکی بە ئافرەتان داوە و ڕێزی تەواوی لە ئافرەتان گرتووە، لەناو ئەو شانازییانەدا دروستکردنی یەکەمین زانکۆیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەسەر دەستی ئافرەتێکی موسڵمان بەناوی خاتوو فاطمة الفهریة یەکەمین ئافرەت بوو کە لە ساڵی ٨٥٩دا زانکۆی لە جیهاندا بکاتەوە.

فاطمة الفهریة ناوی تەواوی (فاطمة بنت محمد الفهریة القرشیة) و ئافرەتێکی موسڵمانی عەرەب بووە، لە ساڵی ٨٠٠ی زاینی لە شاری ئەلقەیرەوان تونسی ئێستا لەدایکبووە، ئەو زانکۆیەی لە ساڵی ٨٥٩ی زاینیدا دروستیکردووە ناوی (زانکۆی ئەلقەرویین) بووە لە شاری فاس-ی سەر بە وڵاتی مەغریبی ئێستا و سەر بە خەلافەتی عەبباسیی ئەوسا.

باوکیان (موحەمەد ئەلفەهریە) بازرگانێکی سەرکەوتوو بووە. فاتمە لەگەڵ مەریەمی خوشکیدا خوێندوویانە. لە تەمەنی منداڵییدا، فاتمە شارەزای فیقهی ئیسلامی بووە و زانستی حەدیسی خوێندووە، لەبارەی ژیانی پێغەمبەرەوە (صلی اللە علیە وسلم) تۆمار و نووسراوی هەیە. کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد، سەروەتەکەی و بازرگانییەکەی بۆ فاتمە و مەریەمی خوشکی جێما. بەو پارەیە، فاتمە و خوشکەکەی هەستان بە دروستکردنی یەکەمین زانکۆ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. سەرەتا زانکۆکە وەکو مزگەوتێک دەستیپێکرد و ٢٢ هەزار کەس تیایدا عیبادەتیان دەکرد و دەیانخوێند، بەڵام دواتر بوو بە شوێنی پەروەردە. مەدرەسەکە ئێستاش هەر بە ناوی زانکۆی ئەلقەرویین ماوەتەوە. لەم زانکۆیەدا، وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی، بیرکاری، ڕێزمان و پزیشکیی دەخوێنران و دەخوێنرێن.

جگە لەمانە، کتێبخانەکەی ئەم زانکۆیە، کۆنترین کتێبخانەیە لە مێژوودا، لە ساڵی ٢٠١٦دا و لەلایەن ئەندازیار عەزیزە ئەلشاعونییەوە نوێکراوەتەوە. لە کتێبخانەکەدا زیاتر لە چوار هەزار نووسراو هەن، لەناویاندا قورئانێکی سەدەی نۆیەم و کۆکراوەی حەدیسەکان بوونی هەیە.

لەلایەکی ترەوە لە وڵاتی بەریتانیا، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی هەمیشە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی (یاخود بەناو ڕۆشنبیرانی) پرسەکانی مافی ژنان دەدەنەوە بە نێوچاوی (بەتایبەتی) موسڵماناندا، بەڵام ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٨٧٥دا ڕێگەی بە ئافرەتان دا بخوێنن؛ بە مانایەکی تر، مافی ئافرەتان بۆ خوێندن لە سیستمی بەریتانیدا زیاتر لە هەزار ساڵ لەدوای سیستمی ئیسلامییەوەیە.

بۆیە خانمانی موسڵمان، پێویستە لەسەریان زیاتر لەسەر دینەکەیان و مافی ئافرەت لە دینەکەیاندا بخوێننەوە و شانازی بە دینەکەیانەوە بکەن، ئەگەر وا نەکەن ئەوا زۆر بە سادە و سانایی دەتوانرێت بخەڵەتێنرێن و پشتیان پێ لە دینەکەیان پێبکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close