دونیا

بەهۆی بەرگریکردنێکی زارەکەییەوە لە حیجاب پەرلەمانتارێکی فەڕەنسی ناچار بە داوایلێبوردن کرا

پەرلەمانتارێکی فەڕەنسی دوای ئەوەی تۆزێک ئینسافی نواند و بە شێوەیەکی زارەکی بەرگرییەکی لە حیجاب و حیجابپۆشان کرد، بە ماوەیەکی کەم ناچار بە پۆزشهێنانەوە و داوایلێبوردن کرا.

ئۆریلین تاشی پەرلەمانتاری فەڕەنسی لەسەر حزبەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (کەناڵی تەلەفزیۆنیی فرانس ٥) باسی لە حیجابی ئافرەتانی موسڵمان کردووە و دەشپرسێت بۆچی هەمان ئەو پرسیارانەی لەبارەی ئافرەتانی موسڵمانەوە لێیدەکەن لەبارەی ئافرەتانی مەسیحیشەوە لێیناکەن؟

ئۆرلین تاشی لە چاوپێکەوتنەکەدا وتوویەتی، “ئێوە داواملێدەکەن کە قسە لەسەر کیژۆڵەیەک بکەم کە لە خانەوادەیەکی موسڵماندا گەورەبووە و حیجاب دەپۆشێت، ئەی باشە بۆچی هەمان پرسیارم لەبارەی کیژانی مەسیحییەوە لێناکەن کە هەمان پۆشاک دەپۆشن؟”

ئەو لێدوانانەی پەرلەمانتارەکەش لەلایەن مارلین شیپا وەزیری یەکسانیی جێندەری فەڕەنساوە بە توندی ئیدانەکرا و ڕایگەیاند، پۆشینی سەرپۆش هێمایەک نییە بۆ ئیمانداری.

وەزیرە فەڕەنسییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی فەڕەنسا وتووشیەتی، “هیچ ئافرەتێک لە جیهاندا لەسەر ئەوەی کە سەرپۆش نەپۆشێت بە بەردبارانکردن ناکوژرێت.”

هاوکات لێدوانەکەی ئەو پەرلەمانتارەی فەڕەنسا لەلایەن پەرلەمانتارانی حزبەکەشییەوە ئیدانە و سەرکۆنەکرا.

ئەغنیس تیل پەرلەمانتاری فەڕەنسی لەبارەی لێدوانەکانی تاشی وتوویەتی، دەبێت تاشی “داوایلێبوردن بکات.” پەرلەمانتارێکی تریش بەناوی فرانسۆ کۆرمیر بولغون وتوویەتی، “تاشی بەو لێدوانانەی شەرمەزاریی بۆ حزبەکەی هێناوە.”

هاوکات ئانی کریستین لانغ پەرلەمانتارێکی ترە و وتوویەتی، “هەر بەڕاست پێتانوایە کە کیژانی موسڵمان ئازادن لە شێوازی پۆشینیان؟ هەر بەڕاست پێتانوایە کیژانی مەسیحی بەزۆر ناچار بە پۆشینی سەرپۆش دەکرێن؟”

لەلایەکی ترەوە، وەک ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن پاڵپشتی موسڵمانان بێت، نیکۆلاس دوپۆنت ئەیغنان سیاسیی نەتەوەپەرست و سەرکردەی حزبی (هەستانەوەی فەڕەنسا) حکومەتەکەی ماکرۆنی تۆمەتبارکردووە بە “هێرشکردنە سەر مەسیحییەکانی فەڕەنسا بۆ شاردنەوەی ملکەچییەکەی بۆ ئیسلامییەکان.”

دواجار تاشی ناچار بە داوایلێبوردن کرا لەسەر ئەو بەراوردەی کە لەنێوان حیجاب و پۆشاکی مەسیحییەکاندا کردبووی و وتی، “بەڕاستی ئەو بەراوردە لەنیوان حیجاب و پۆشاکی مەسیحییەکاندا بەراوردێکی خراپ بوو، منیش لێی پەشیمانم.”

دواجار ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوەیە کە ئایا ئازادیی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ هەر بەڕاستی لە فەڕەنسا و عەلمانییەتدا بوونی هەیە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close