دونیا

خانمە سیناتۆرێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد لەلایەن ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەیەوە لاقەکراوە

چیرۆکەکە کەسێکی ئاسایی نایگێڕێتەوە، بەڵکو سیناتۆرێکی ئەمریکییە و لەناو ئەنجومەنی پیراندا دەیگێڕێتەوە، ئەویش سیناتۆر مارسا ماکسالییە و دەڵێت، لەلایەن ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئەمریکاوە لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکادا لاقەکراوە.

ئەم خانمە سیناتۆرە ساڵی ڕابردووش لەکاتێکدا خۆی کاندیدکرد بۆ سینەیتی ئەمریکا (لە کۆنگرێس)، بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی وت، بەرپرسێکی قوتابخانەشی بە زەبروزەنگ لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا سێکسی لەگەڵدا کردووە، کە ئەمیش دەچێتە چوارچێوەی لاقەکردن و دەستدرێژیی سێکسییەوە.

ماکسالی باسی لەوە کردووە، لەکاتێکدا خەریکی خزمەتکردن بووە لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، لەلایەن ئەفسەرێکی باڵای ئەمریکییەوە لاقەکراوە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو ئەفسەرە بهێنێت.

ماکسالی، سیناتۆرە لەسەر حزبی کۆماریی ئەمریکا بۆ ویلایەتی ئەریزۆنا. ئەم خانمە سیناتۆرە یەکەمین ئافرەتی ئەمریکی بووە کە لە هێزی ئاسمانیدا وەکو فڕۆکەوانی جەنگی کاریکردووە. دەشڵێت، بۆیە لەکاتی خۆیدا ڕاپۆرتی نەداوە، چونکە “هەستی بە شەرمەزاری کردووە و هەستیکردووە سیستمی دادوەریی ئەمریکا جێگای باوەڕ نییە.”

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕێژەی دەستدرێژیی سێکسی لەناو سوپای ئەمریکادا ١٠٪ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ زیادیکردووە، کە لە ٢٠١٧دا و تەنیا ئەو دەستدرێژییانەی لەناو سوپای ئەمریکادا تۆمارکراون نزیکەی شەش هەزار و ٨٠٠ دەستدرێژیی سێکسیی بووە.

وتەبێژێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا و دوای گەواهیدانی ماکسالی ڕایگەیاندووە، “ئەو کردە تاوانکارییانەی کە لەلایەن سیناتۆر ماکسالییەوە ئاشکراکران، پێشێلی هەموو پرسەکانی بوون بە فڕۆکەوان دەکات.”

وتەبێژەکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا وتووشیەتی، “زۆر بەداخەوەین بۆ ئەوەی بەسەر سیناتۆر ماکسالیدا هاتووە پاڵپشتیی ئەویش و هەموو قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی دەکەین.”

ماکسالی چی وت؟

ماکسالی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا وتی، هیوادارە کە بە ئاشکراکردنی ئەوەی بەسەریهاتووە هیوا بۆ قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی بگێڕێتەوە، وتیشی، “وەک ئێوە، منیش قوربانییەکی دەستدرێژی سێکسیم، بەڵام قوربانییەکی ئازا و بوێر، من ڕاپۆرتم لەسەر دەستدرێژییە سێکسییەکە نەدا، هەروەک زۆر لە ژن و پیاوان متمانەم بەو سیستمەی ئەوکاتە نەبوو.”

وتیشی، “من لۆمەی خۆم دەکەم، هەستم بە شەرمەزاری کردووە. تاوانکاران بە چەندین شێوەی جۆراوجۆ بێڕێزی بەرامبەر پێگە و دەسەڵاتەکانیان دەکەن. منیش بووم بە خۆراکی ئەفسەرێکی باڵای سوپا و لاقەکرام.” وتووشیەتی، “هەستمدەکرد کە سیستمەکە دووبارە و دووبارە لاقەمدەکاتەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close