جیهانی ئیسلامیدونیا

دوایین زانیاری لەسەر کەیسی خاشقچی: تەرمەکەی لە ماڵی کونسوڵی سعودییە سوتێنراوە

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان لەبارەی کەیسی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودییەوە، تەرمی جەمال خاشقچی لە ماڵی کونسوڵی سعودییە لە ئیستانبوڵ سوتێنراوە.

لێکۆڵەرانی تورک باسیان لەوە کردووە، ئاسەواری نوێیان لە خوێنی جەمال خاشقچی لەسەر دیوارەکانی نوسینگەی کونسوڵی سعودییە دۆزیوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تەرمی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی، دوای کوشتنی لە کورەیەکی گەورەی ماڵی کونسوڵی گشتیی سعودییە لە ئیستانبوڵ سوتێنراوە.

پێشتریش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە و تیایدا وا دەردەکەوێت کە پارچەکانی تەرمی خاشقچی لەناو چەند عەلاگەیەکدا دەگوازرێنەوە بۆ ماڵی کونسوڵی سعودییە، کە ماڵی کونسوڵی سعودییە چەند سەد مەترێک لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ دوورە.

کەناڵی جەزیرە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کرێکارێکدا، کە لە بواری سووتاندنی تەرمدا کاریکردووە، لێدوانی ئەو کرێکارەی وەرگرتووە و باسی لەوە کردووە، بۆ سوتاندنی تەرم و تواندنەوەی پێویستە پلەی گەرمیی سەروو هەزار پلەی سیلیزی بەکاربهێنرێت.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی تورکیاش، سوتاندنی تەرمی جەمال خاشقچی لە ماوەی سێ ڕۆژدا جێبەجێکراوە.

ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، دەوروبەری کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ جەمال خاشقچی بەمەبەستی ئەنجامدانی کاروباری هاوسەرگیرییەکەی، چووە ناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ، هەرچەندە خەدیجە جەنگیزی دەستگیرانیشیی لەگەڵدا بوو، بەڵام خەدیجە لەناو ئوتومبێلەکەدا و لە چاوەڕوانیی خاشقچیدا مایەوە، بەڵام خاشقچی دوای چوونە ناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ، چیتر نەبینرایەوە، دواتر و دوای ١٨ ڕۆژ و لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ سعودییە بە فەرمی دانی بەوەدا نا کە جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە و، دواتریش تەرمەکەی پارچەپارچە کراوە، سەرەڕای دانپێدانانەکەی سعودییە، بەڵام تەرمەکەی خاشقچی هیچ ئاسەوارێکی لێ نەدۆزراوەتەوە.

وێنەی ئەو کورەیەی کە تەرمەکەی خاشقچی تیادا سوتێنراوە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close