جیهانی ئیسلامیدونیا

کەناڵی فۆکس نیوزی سەر بە حزبەکەی ترەمپ: ڕێککەوتنی سەدە ئامادەیە

کەناڵی فۆکس نیوزی سەر بە حزبی کۆماریی (حزبەکەی دۆناڵد ترەمپ) لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، “ڕێککەوتنی سەدە ئامادەیە.”

فۆکس نیوز لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ڕێککەوتنی سەدە (صفقة القرن) لە ١٧٥ بۆ ٢٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کەمتر لە پێنج کەس هەموو زانیارییەکان لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە دەزانن.

کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتەکەی ترەمپەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، “پلانەکە کۆتاییهاتووە، [سەرۆک ترەمپیش] لەبارەی زانیارییەکانی ڕێککەوتنەکەوە دڵخۆشە.”

هاوکات لەبارەی ئەو کەسانەش کە زانیارییان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەیە ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە خودی دۆناڵد ترەمپ، هەریەکە لە دەیڤد فریدمان باڵیۆزی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، جارید کوشنەر ڕاوێژکاری تایبەتی ترەمپ و هاوکات زاوای ترەمپ و جاسۆن گرینبلات نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ پرۆسەی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی درێژەی ڕێککەوتنەکەوە زانیارییان هەیە.

هاوکات باس لەوەش کراوە کە ڕێککەوتنەکە پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئاشکراناکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە ٩ی نیسانی ٢٠١٩ لە ئیسرائیل هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەرپرسێکی ئیدارەکەی ترەمپیش لەوبارەیەوە بە فۆکس نیوزی وتووە، “ئێمە کارێک ناکەین کە ئاسایشی ئیسرائیل بخەینە مەترسییەوە.”

لەلایەکی ترەوە گرینبلات لە تویتەر ڕووی دەمی کردووەتە پەیامنێرێکی فۆکس نیوز و وتوویەتی، “ببورە سەرچاوەکانتان زانیاریی خراپیان پێداون، لەکاتێکدا پلانەکە نزیکە لە تەواوبوونەوە، ئێمە بەردەوامین لە ڕێکخستنی پلانەکە هەتا بڵاوکردنەوەی. ١٧٥ لاپەڕەکەش هێشتا ناڕوونە، پلانەکەش پلانێکی زۆر درێژی ئابووری و سیاسییە، بەڵام ئەو درێژەش نییە.”

پێشتر ئیسلامی نێت چەندین ڕاپۆرتی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و خوێنەرانمان دەتوانن لە بەشی (گەڕان)ی سایتەکەمان بە نوسینی (ڕێککەوتنی سەدە) زانیاریی زیاتر بخوێننەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close