كــوردستان

نوێنەری زەردەشتییەکان لە ئەوقاف: داوامان لە کونسوڵخانەی ئەمریکا کردووە گوێدرێژێک بۆ چارەسەر ببەنە ئەمریکا

نوێنەری زەردەشتییەکان لەوەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایگەیاند، دوای ئەوەى داوای لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردووە ئەو گوێدرێژە (وەک دەوترێت نێر بووە) بۆ چارەسەر ببرێتە ئەمریکا و ئەوان ڕاسپاردەکەیان ئاراستەی ڕێکخراوی ئاژەڵدۆستان کردووە بۆ چارەسەرکردن.

ئاوات حیسامەدین نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، نامەیەکی بۆ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ناردووە و داوایکرد گوێدرێژێکی بریندار بۆ چارەسەر بگوێزرێتەوە بۆ ئەمریکا و، لەسەر ئەرکی ئەمریکییەکانیش چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوان داواکەیان ئاراستەی ڕێکخراوی ئاژەڵدۆستان کردووە، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا وەڵامێکیان بداتەوە و ببرێتە ئەمریکا بۆ چارەسەرکردن.

ئەوەشی وت، هەر لە دوای داواکارییەکەی کونسوڵخانە پەیوەندییان پێوە کردووە و، لە ئێستادا کەیسەکە دراوەتە دەست یەکێک لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان بە ناوی ڕێکخراوی ئاژەڵدۆستان و لە پەیوەندیدان بۆئەوەى بتوانن بە تەواوی ڕەزامەندی ئەمریکییەکان بۆ گواستنەوەى ئەو گوێدرێژە وەرگرن.

ئاوات حیسامەدین سەبارەت بەم کارەى وتیشی، لەبەرئەوەیە کە خۆی لە بواری مافی ئاژەڵاندا کاریکردووە و ئەو گوێدرێژەش بەهۆی برینداربوونییەوە بارودۆخی زۆر خراپبووە.

هەرچەندە چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ئاژەڵ لەسەر حکومەتە، بەڵام مرۆڤەکان لەپێشترن بۆ چارەسەرکردنی دۆخی خراپیان، لە ئێستاشدا لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دۆخیان خراپ و نالەبارە، بۆ نمونە ژمارەیەکی زۆری نەخۆشانی شێرپەنجە هەن کە مافی چارەسەرکردنیان لەپێش گوێدرێژ و ئاژەڵانەوەیە، جگە لە شێرپەنجە، چەندین نەخۆشی تری جۆراوجۆر لەم هەرێمەدا هەن، چەندین برینداری شەڕی دژی داعش هەن، جگە لە چەندین حاڵەتی تر لە خراپیی دۆخی خەڵکی ئەم هەرێمە.

جگە لەمە، خاتوو ئاوات حیسامەدین کە “نوێنەری زەردەشتییەکان”ە لە “وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم” بە دەمی خۆی دەڵێت کە ئەو لە بواری مافی ئاژەڵاندا کاریکردووە، ئایا خێرە کەسێک کە لە بواری مافی ئاژەڵاندا کاریکردووە لە وەزارەتی ئەوقاف کراوە بە نوێنەری زەردەشتییەکان؟! جگە لەمەش چەندین پرسیاری تر لەسەر خودی ئاوات حیسامەدین و زەردەشتی و زەردەشتییەکان دروستدەبێت. لەوانەیە بەم هەڵوێستەشیان، لەکاتێکدا هەرێم پڕە لە مرۆڤی نەخۆش و برینداری جەستەیی و ڕۆحی، جوانترین پێناسەی خۆیان و ئایدۆلۆژیاکەیانیان کردبێت.

وێنەکانی خاتوو ئاوات لەگەڵ گوێدرێژە (نێرە کەرەکە):

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close