مێژوو

پوختەیەک دەربارەی کتێبی “کاک ئەحمەدی موفتی زاده، دەریایەک لە خۆشەویستی”

“بیرەوەرییەکانم لە خزمەتیدا”

نووسینی: د. عومەر عەبدولعەزیز

لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی سارا، ساڵی ٢٠١٧

پوختەکردنی: هێدی ئەحمەد سینەمۆکی

مِّنَ الْمُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللَّهَ عَلَيْهِ ۖ فَمِنْهُم مَّن قَضَىٰ نَحْبَهُ وَمِنْهُم مَّن يَنتَظِرُ ۖ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا (23) الاحزاب

د. عومەر عبدالعزیز، یەکێ لە هاوڕێیانی مامۆستا ئەحمەدی موفتی زادە، وەک خۆی لە سەرەتادا باسیکردووە بیرەوەرییەکانی لەگەڵ ئەم زاتەدا لە شاری کرماشان و تاران و هەمەدان لە ساڵی ١٩٨١ دەستیپێکردووە، تاوەکو کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ تا کاتی دەستگیرکردنی، کە لەم ساڵەدا و لە کۆتایی مانگی ئابدا دەستگیرکراوە.

کاک ئەحمدی موفتی زادە لە سالی ١٩٣٣ لە شاری سنە لەدایکبووە. لە تاران لە نەخۆشخانە لە ساڵی ١٩٩٣، دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەژیر ئەشکەنجە و ئازاردا و، دوای شەش مانگ لە ئازادکردنی کۆچی دوایی دەکات.

کاک ئەحمد جگە لەوەی کە بەشداریی لە شۆڕشی ئێراندا کردووە دژی کوری ڕەزا شا پەهلەوی ئێران، لە هەمان کاتدا شۆڕشێکی فکری و ئەخلاقی لە ئێراندا خولقاند.

دیارە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە زانستە شەرعییەکان دەخوێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لای باوکی و چەند مامۆستایەکی تریش هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستدەکات بە خوێندن.

مەلا محمد ئەفشاری سالار دەڵێت، “بە ڕاستی ئەحمد نابیغە و هەڵکەوتو بوو، لە حەوت ساڵیدا لای من دەیخوێند، لە ماوەی دوو ساڵدا زانستەکانی کلیلی زمان و ئەدەبیاتی عەرەبی و عبدالله یەزدی لە زانستی مەنتیقدا لای من خوێند.”

لە ١٢ ساڵیدا دەچێتە شاری مەریوان، دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ دێتە باشوری کوردستان و لە مزگەوتی بن تەبەق لە شاری سلێمانی لای دکتۆر مستەفا زەڵمی خوێندوویەتی، پاشان چووەتە گوندی عەبابەیلێ و شارۆچکەکانی هەڵەبجە و بیارە و خانەقین، پاشان لە ساڵی ١٩٥١ لە تەوێڵەی هەورامان گیرساوەتەوە و، لەلای مامۆستا مەلا محەمەدی خورماڵ، کوڕی مامۆستا مەلا بەها _باپیری نوسەر _ خوێندوویەتی.”

ماوەیەکیش لە بیارەی هەورامان لای مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کتێبی (جمع الجوامع)ی لە زانستی ئسول الفقەدا خویندووە.”

لە ساڵی ١٩٥٦ کە باوکی (واتە مەلا مەحمودی دشەیی) مامۆستای فیقهی شافیعی بووە لە زانکۆی تاران، کاک ئەحمەدیش چووەتە تاران و کەم کەم توانای زانستیی دەرکەوتووە و، بووەتە مامۆستای فیقهی شافیعی لە زانکۆی تاران. هەر لە تاران دەستیکردووە بە چالاکیی سیاسی.

ڕۆژنامەی کوردستانیان لە ساڵی ١٩٥٩ تا ١٩٦٣ دەرکردووە. ئەو ئاڵوگۆڕە فیکرییەی کە بەسەر کاک ئەحمد دا هات، لە زیندانی ئەویندا بوو، کاتێ پێغەمبەری لە خەودا بینیوە و قورئانی پێوتووە و دواتریش ئیمامی شافیعی لە خەودا بینیوە و وانەی عەدالەتی پێوتووە.

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٨ مەدرەسەیەک دادەمەزرێ بە ناوی مەدرەسەی قورئان، کاک ئەحمەدیش دەستخۆشییان لێدەکات لە دروستکردنی ئەو مەدرەسەیە و، دواتریش لە ١٩٨١ ناوی دەگۆڕێ بە (مەکتەب قورئان).

ئەو کۆبوونەوە و کۆنگرە مێژووییانەی کە کاک ئەحمد هەڵساوە بە ئەنجامدانیان:

– کۆبوونەوەی مێژوویی زانایانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ و، لە سێ کۆبوونەوەدا بە چڕوپری بارودۆخی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی تاوتوێ کرا، کە لە سەرەنجامی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان پیشکەش بە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کرد، کە ئاماژە بە دەستەبەرکردنی مافی سوننە و میللەتی کورد و مافی هەژاران و جیاوازی نەکردن کرابوو.

– کۆنگرەی ئۆتۆنۆمی کوردستان لە بەرواری (١٩٧٩/٥/٨) بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی کوردستان.

– کۆنگرەی یەکەمی شورای مەرکەزی سوننەت (شەمس). لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری تاران بۆ هەڵبژاردنی شورایەکی شەرعی لە نوخبەی زانایان و کەسایەتییەکانی ئەهلی سوننەت دەربارەی ئەو زوڵم و ستەمەی دژی کورد و، بە تایبەتی ئەهلی سوننەت کراون.

لەو کەسایەتییە ناسراوانەی کە پاش وتارێکی دوور و درێژ و مێژوویی کاک ئەحمد، وتاریان هەبوو:

مەولەوی عبدالعزیز لە زاهیدان و ماموستا ناسری سوبحانی لە کوردستانەوە.

ئەو زانایانەی بانگهیشتکرابوون بۆ ئەم کۆنگرەیە لەم شوینە جیاوازانەوە هاتبوون (بلوجستان، زاهیدان، بیرجەند، مەشهەد، کوردستان، خوراسان، بەندەرەکان و ناوچەکانی تاڵش..)

لە کۆتایی کۆنگرەکە چەند داواکارییەک خرانەڕوو، کە خۆی لە ١١ خاڵدا دەبینییەوە، کە داواکارییە بنەڕەتییەکانی ئەهلی سوننەت بوون.

پاش کۆنگرەکە بەرپرسانی ئێران هەڵوێستیان خراپبوو بەرامبەر کۆنگرەکە و بە پلان گیران و بە بەکرێگیراوی ئەمریکا تاوانبار کران.

پاشان دەزگاکانی ئێران کاک ئەحمەدیان وەک سەرکردەی ئەهلی سوننەت ناساند و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

کۆنگرەی دوەمی شەمس لە مانگی ئابی ١٩٨٢دا ئەنجامدرا، ئەم کۆنگرەیە لە هەلومەرجێکی مەترسیداردا کرا، وێرای ئەوەی داوایان لە کاک ئەحمەد کرد هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام هەر ئەنجامدرا و لە دوای دوو ڕۆژ لە کۆنگرەکە دەستکرا بە گرتنی لایەنگرانی کاک ئەحمەد و، دوای سێ ڕۆژ ١٠ کەسیان دەستگیرکرد و، پاش هەفتەیەک ٣٠ کەس دەستگیرکران و پاش پێنج مانگیش لە بەرواری ١٩٨٢/١٢/٢٩ لە ماڵی خوشکەکەی دەستگیرکرا، دوای ئەو ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە ٢٠٠ کەس تێپەڕی.

کاک ئەحمەد ٢ ساڵ بەبێ دادگایی لە زیندان مایەوە و دواتریش حوکمی پێنج ساڵ زیندانیی بۆ دەرچوو، بەڵام دوایی حوکمەکەی درێژکرایەوە بۆ پێنج ساڵی تر و بەمەش ١٠ ساڵ لە زینداندا لەژیر ئەشکەنجەدا مایەوە.

دەستگیرکردنی کاک ئەحمەد کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، هەم لەناو ئێران و هەمیش لە دەرەوەی ئێران و لە جیهانی ئیسلامییش، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو.

مامەڵەی جەللادان و کاردانەوەی کاک ئەحمەدی موفتی زادە لە زینداندا کاک ئەحمەد خۆی دەیگێڕێتەوە، دوای ئازادبوونی و دەڵێت:

“تا توانییان منیان خستە ژێر ئەشکەنجە و سزادانی جەستەیی و ڕۆحی، بەڵام بە لوتف و یارمەتی خوای میهرەبان یەک (ئاخ)م لە دەم دەرنەهات و ئەم حەسرەتەم برد بە دڵیاندا.”

هەر لەو گێرانەوەیەدا سەبارەت بە جەللادەکان دەڵێت:

“سوێند بە خوا، نیسبەت بەوانەی لەگەڵ من دوژمنایەتییان کرد و ئەوانەش کە بەبێ هیچ گوناهـ و تاوانێک منیان لە زینداندا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەشکەنجە و ئازاردا، جگە لە خۆزگەی هیدایەت و خێر بۆ خواستن، هیچی تر لە دڵمدا نییە!”

کاک ئەحمەد لە ئاکامی ئەشکەنجەدانیدا سێ بڕگەی ملی شکابوو، لەبەر ئەوەش کە چارەسەری پزیشکییان نەکردبوو، بۆیە پاش ئازادبوونیشی چارەسەر سوودی نەبوو، هەرچەند پزیشکانی نەخۆشخانەی (ئاسیا)ی تاران هەوڵی زۆریان لەگەڵدا. هەتا لە کۆتاییدا و دوای شەش مانگ لە ئازادبوونی لە زیندان، بەم ئازارەوە گیانی سپارد و گەڕایەوە بەر ڕەحمی پەروەردگار.

هەندێک لە وتەکانی کاک ئەحمەد:

“ئازادی مرۆڤ لە دەروونی خۆیدایە.”

“مرۆڤێک لە دەروونەوە ئازاد بوو، تەواوی هێزەکانی دونیا یەکبگرن ناتوانن ئەسیری بکەن.. خۆ ئەگەر مرۆڤێکیش لە دەروونەوە ئەسیر بوو، تەواوی هێزەکانی دونیا یەکبگرن ناتوانن ئازادی بکەن.”

لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت، ”نەخۆشی تاکی ئیسلامی، کەمی سەرچاوەی دینی و کتێب و زانستی ئیسلامی نییە، بەڵکو  نەخۆشییەکەی ئەوەیە کە پەروەردەیەکی دروستی نییە.”

هەندی شاهێدی لەسەر کاک ئەحمەد:

کاک ئەحمەد نمونەیەکی بەرجەستەی خاکی و تەوازوع و لەسەرخۆ و میهرەبان بوو، دژی ئەوەبوو کەس لەبەری هەڵبستی.

کاک ئەحمەد دۆستی هەژاران بوو، زۆر زاهید و قانیع بوو دژی ملهوڕی و زیادەڕەوی و ڕەفاهییەت بوو.

ئەوەی سەرنجی خەڵکی ڕاکیشابوو خۆشەویستی کاک ئەحمەد بوو بۆ پێغەمبەری خودا (صلی اللە علیە وسلم) و یارانی، لە کۆچبەران و یاریدەدەران و، زۆر بە غیرەت و هیممەت بەرز بوو.

لەڕووی زانستییەوە کەسێکی زۆر زیرەک بوو، هەڵکەوتوبوو، حافیزەی بەهێزبوو سەرجەم وانەکانی سەردەمی فەقییەتی بیرمابوو. زۆر ڕێزی لە میوان دەگرت. ڕەوشتێکی تری ئەوەبوو، لە ناخیدا خواناسێکی عاریفی تەڕ و پاراو بوو، نمونەی کەسی عاریف و بەهۆش بوو و، ڕواڵەتی نەبوو، گرنگیی بە ڕواڵەت نەدەدا.

زۆر جەختی دەکردەوە کە دامەزراندنی ئیمان و ئەخلاقی جوان پایەی یەکەم و سەرەکی بونیادنانی کۆمەڵگە و بەدوایدا تەمکینی ئیسلامییە.

هەستیکی نیشتمانی زۆر قوڵی هەبوو، ئەمەش لە شیعرەکان و هەڵوێستە سیاسییەکانیدا ڕەنگی دابویەوە. کاک ئەحمەد، مامۆستا ناصری سوبحانی بە زانایەکی موجتەهید و هەڵکەوتوو و بیر تیژ دەزانی و، زۆر خۆشەویستی بۆ مامۆستا ناسری سوبحانی دەربڕیوە.

کاک ئەحمەد تێگەیشتنی مەقاصیدی هەبوو بۆ ئیسلام، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە واتای دەقەکانی قورئان و فەرموودەی دەکرد و، هەر ئەمەش وایکرد کە تەفسیری جیاواز بۆ هەندێ ئایەتی قورئان بکات و هەندێ فەرموودەش ڕەد بکاتەوە. بۆ نمونە ڕیوایەتی (لعن الله الواصلة والمستوصلة ، والواشمة والمستوشمة…)، ئەم ڕیوایەتە ڕەد دەکاتەوە و دەڵێت، ناگونجێ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەسەر تاڵە مویەک نەفرەت بکات، لەکاتێکدا لە فەرموودەی تردا دەفەرمووێ، ئیماندار نەفرینکەر نییە، (سەبارەت بەم دەقە هەندێک لە زانایان وتوویانە، ئەمە وتەی ابن مەسعودە نەک وتەی پێغەمبەر).

لە وتەیەکی تردا کاک ئەحمەد دەڵێت، “هاوار بۆ ئەو کەسانەی داعییەی دینین و پێشەوایی خەڵکی بگرنە ئەستۆ بەرەو دین، کەچی بە گیان و بە دڵ دوعای خێر نەکەن بۆ فڵان موئمین، لەبەرئەوەی لە خەت و دەستەی ئەمدا نییە.”

کاک ئەحمەد لە بواری ئەدەبیدا دەستی ئەدەبیی هەبووە و چەندین شیعری هەیە، بە نمونە، لەوانە: چامەی (مافی نیشتیمان)، هۆی خاڵۆ ریوگار، غەزەلی (چەن وەشەن پەردەی دوری وەلادان). هەروەها مەولودنامە کە ٣٤ لاپەڕە و ٦٥٥ بەیتە شیعری نایابە و بە باڵی خەیاڵ خۆی و خوینەرانی دەگێڕێتەوە بۆ ساڵانی نەفامی و، وێنایەکی شاعیرانەی ئەو چاخە دەکات و پاشان لە چەند غەزەلێکی چڕ و نایاب و ناسکدا تیشک دەخاتە سەر ڕۆژانی لەدایکبوونی پێغەمبەری خودا (صلی اللە علیە وسلم).

بەشێک لە بەرهەمە زانستییەکانی کاک ئەحمەد:

١- کتێبی دەربارەی کوردستان بە زمانی فارسی.

٢- دیوانە شیعری: دیاریێ بۆ یاران.

٣- نامیلکەیەک دەربارەی حکومەتی ئیسلامی.

٤- نامیلکەی فەلسەفەی حیجاب لە ئیسلامدا.

٥- بابەتی تەزکیە و تەعلیم.

٦- دڵی ساز و ناساز.

٧- دەیان وتار و لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەی کوردستانی تاراندا.

٨- دەیان بەیاننامە و ڕوونکردنەوە لە بۆنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

٩- دەیان کاتژمێر وتار و وانەی تۆمارکراوی دەنگی و ڕەنگی.

جگە لەمانە، لەکاتی زیندانیدا پێشەکییەکی گرنگی بۆ تەفسیری قورئانی پیرۆز نوسیوە، بەڵام لەکاتی گوێزرانەوەی لە زیندانێک بۆ زیندانێکی تر لێیان سەندووە و نەیانداوەتەوە.

دوایی کاک ئەحمەد دەڵێت، گوێم لێبوو مەلایەکی شیعە لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە ئەم باسەی دەکرد، وردبوومەوە و زانیم موقەدیمەکەی منە، خۆشحاڵبووم و وتم، “باشە خۆ هەر کەڵکی لێ وەردەگیرێ!”

چەندین کەسایەتی دیار قسەیان لەسەر کاک ئەحمەد کردووە و باسیان کردووە، لەکاتێکدا هەندێکیان لە بیر و فکریشدا جیاواز بوون لەگەڵ کاک ئەحمەد، بەڵام شاهیدی گەورەیی ئەم زاتەیان داوە.

لەو کەسانەی کە وەسفی کاک ئەحمەدیان کردووە:

– ئەندازیار حوسەینی شاوەیسی.

– سەلاحەدین موهتەدی کە دەڵێت، “بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ کاک ئەحمەد لە زیندانی ئەویندا لەگەل یەکتر بووین و، ئاغای موفتی زادە بۆ ئیمە وەک دەرمانی ئارامبەخش وابوو، ئەو کەسێکی وەک منی بەدفەڕ و شەڕانگێزی بەرەو لای خۆی ڕاکیشا و من تینووی ئەو بووم، زۆر بە سۆراغی دەڕۆیشتم،  لە خراپترین تا چاکترین کەسی ناو زیندان ڕێزیان لێدەگرت، زیندانییەکی پیاوکوژ، کە ٢٧ پیاوی کوشتبوو، کاتێ بەلای کاک ئەحمەد دا تێدەپەڕی لە شەرمان سەری دادەخست!” کاک ئەحمەد وەک مرۆڤیک خۆشیدەویست و خۆشەویستی بۆ دەردەبری. ئەوانەی ئازار و ئەشکەنجەی کاک ئەحمەدیان دا، هەموویان پەشیمان بوونەوە و هەریەکەیان بە بەڵایەک و ئازارێک هەر لە دنیادا گرفتار بوون!

یەکێکی تر لەوانەی باسی کاک ئەحمەدی کردووە عبدالرحمن قاسملۆ بووە. هەروەها، عیسا پژمان، هەژار موکریانی و یوسف نەدا.

ماموستا ناسری سوبحانی، کە هەمیشە سەبارەت بە کاک ئەحمەد دەیووت، “کاک ئەحمەد لە زانا و کەسایەتییە کەم وێنەکانی جیهانی ئیسلامییە، گەر ئەنجومەنێکی شورا بۆ ئوممەی ئیسلامی دروستبکرێ و زانایان لە دونیاوە هەڵبژێردرێن بۆی و کاک ئەحمەدی موفتی زادەی تێدا نەبێ، ئەو ئەنجومەنە ناتەواوە.”

جگە لەمانە لە پێگەی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین، سایتی بەحرەین، پێگەی ئەلیکترۆنی جیهانی (ویکیبیدیا)و لە (تتمە الاعلام)ی زەرکەلی، باسی کاک ئەحمەد موفتی زادە کراوە.

دکتۆر عومەر عبدالعزیز لە فەیسبوک دەربارەی کاک ئەحمەد موفتی زادە بابەتێکی لە یادی ٢٢ ساڵەی کۆچی دوایی ئەودا بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی:

بەندە لە ساڵی ١٩٨١ کاک ئەحمەدم لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کرماشان ناسی، چەندین کات و شەو و ڕۆژ لە خزمەتیدا بووم، لە کاتەکانی دانیشتنی، گفتوگۆ و قسەکردنی، گوێگرتنی، سەفەرکردنی، نوستنی، میوانداری، نوێژکردنی، گوتاردانی، خواردن و خواردنەوەی ژیانی ئاسایی …هتد، لەگەڵی ماومەتەوە.

(عومەر عەبدولعەزیز) لە فەیسبووک دەنوسێت: بە پێویستی ئەبینم بۆ مێژوو ئەم شایەتییە بدەم، نەوەکو تەمەن مۆڵەت نەدا بیرەوەرییەکانم تەواوبکەم:

“مەرحومی کاک ئەحمەدی موفتی زادە ڕەمزێکی خەباتگێڕی نەتەوە، موجتەهیدێکی سەردەم، ڕیفۆرمخواز و چاکسازێکی نەترس، نمونە و سومبولی ڕەوشت، مامۆستای خەمخۆر، عاشقی پێغەمبەری خودا (صلی اللە علیە وسلم)، هەژارنەوازەی کەموێنە، شەیدای ئازادیی کورد و کوردستان، سەرکردەی ڕەوتی ئازادکردنی گەلانی ئێران، دوژمنی ستەمی مەزهەبی و چینایەتی و نەتەوەیی بوو. لە کۆتایی تەمەنیدا ڕقی بەرامبەر دوژمنانیشی گۆڕیبوو بە سۆز و لوتف و ڕەحمەت بەرامبەریان، حەزی لە هیدایەتیان بوو، خەمی دونیای هەژاران و قیامەتی نەیارانی بوو.”

لە ١٩٩٣/٢/٩دا ئەم بیرمەندە گەورەیەی ئیسلام، ئەم سەرکردە خەباتگێڕەی خۆرهەڵاتی کوردستان، پاش خزمەتێکی دەیان ساڵە و بەسەربردنی چەندین ساڵی پڕ ئازار لە زیندانەکانی تاراندا و، پاش ئازادکردنی بەهۆی دابەزینی باری تەندروستی، کۆچی دوایی کرد و بەرەو بارەگای ڕەحمەتی زاتی باری گەڕایەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close