مێژوو

٩ی شووبات، ڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا و قوتابی

کاک ئەحمەدی موفتی زادە لە ساڵی ١٩٣٣ لەدایکبووە و لە ٩ی شووباتی ١٩٩٣ و دوای ئەشکەنجەدانی بە چەندین شێوەی دڕندانە کۆچی دوایی کردووە.

کاک ئەحمەد سیاسییەکی کاریگەر و بیرمەندێکی ئایینی کوردی سوننی بوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەڵوێستە مەردانەکانی ناسراوە. کاک ئەحمەد، داوای مافی زیاتری بۆ کورد لە حکومەتی ئێران کردووە.

کاک ئەحمەد بەهۆی سنووردارکردنی خوێندنگا ئایینییە سونییەکان لە ئێران، هاتووەتە شارەکانی هەڵەبجە و خانەقین و ناوچەی بیارە بۆ خوێندن و پەروەردەی ئایینی. بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا زانکۆی جێهێشتووە.

چەندین بەرهەمی دەنگی و ڤیدیۆیی و نوسراوی هەیە، کە سەرجەمیان بۆ خزمەتی دینی ئیسلام بوون. کاک ئەحمەد و ژمارەیەک لە هاوەڵانی چەندینجار بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکراون.

بە چەندین شێوەی ناجۆر و دڕندانە ئەشکەنجە دراوە، بە شێوەیەک کە چەندین ڕۆژ لە زینداندا بەپێوە وەستێنراوە. دوای ئازادکردنیشی لە زیندان، بەهۆی چەندین جۆری ئەشکەنجەدان و ڕەفتاری ناجۆرەوە لەگەڵیدا، بە ماوەیەکی کەم و لە ٩ی شووباتی ١٩٩٣دا کۆچی دوایی کردووە.

مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دى خورماڵ، مامۆستای ئەحمەدی موفتی زادە بووە و کاک ئەحمەد لە ساڵی ١٩٥١ فەقێ بووە لای. مامۆستا مەلا موحەمەدی خورماڵ كوڕى مامۆستا مه‌لا به‌هاى بياره‌، باوكى مامۆستا صەڵاحه‌دين (واتە باپیری مامۆستا سەڵاحەدین موحەمەد بەهائەدین) ئه‌ميندارى گشتیی يه‌كگرتووی ئیسلامییە، ڕۆژى ٩ی شووباتی ١٩٨٤ له‌ هه‌لَه‌بجه‌ى شه‌هيد كۆچى دوايى كرد. مامۆستا پياوێكى زانا، ژير، به‌ حيكمه‌ت و به ‌خزمەت بوو. ده‌يان فه‌قێ و زاناى په‌روه‌رده‌ كرد. مامۆستا هاوکار و دۆستی زانایان و شێخان و کەسایەتییەکانی شارەزوور و سلێمانی و هەورامان بوو. پشتيوانى شۆڕشى كورد و ڕابوونى ئيسلاميى هاوچه‌رخ بوو. به‌ كۆچكردنى، كه‌لێنێكى گه‌وره‌ كه‌وته‌ ناوه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تي و زانستيى ناوچه‌كانى هەورامان و هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و كوردستان به‌ گشتی. بۆيه‌ لە پرسه‌كه‌يدا وتبوویان، “مەڵێن مامۆستاى خورماڵ مرد، بڵێن عه‌قڵ مرد.” شايانى باسه‌ له‌و كاته‌دا مامۆستا صه‌لاحەدین و عومەر عەبدولعەزیز و خانەوادەکەیان له‌ شارى پاوه‌ بوون، له‌ ده‌ستى ڕژێم هه‌ڵاتبوون. نه‌یانتوانى به‌شداريى پرسه‌كه‌شى بكه‌ن. بەڵام بە سوپاسەوە زانایانی هەڵەبجە و سلێمانی پرسەیەکی بە شکۆ و شایستەیان بۆ دانابوو. هەروەها لە شاری سنە و پاوە دوو پرسەی گەورەی بۆ دانرا.

مامۆستا هەژار سەبارەت بە کاک ئەحمەدیش دەڵێت، “لە هەرای ئازادیخوازی کوردستانی دوای ئینقلابی ئیسلامیدا، زۆر کەس لە کوردەکانی سابڵا‌‌غ و سنە خراپەی ئەحمەدی موفتی زادەیان دەگوت، بەڵام کە دەگەڵی بوومە ئاشنا، زانیم لە غەرەزێکی نەزانانەوە خراپەی دەڵێن. گوناهی هەر ئەوە بوو کە موسوڵمانی بە ڕاستیە و ئەم بڕوایەش بۆ کومۆنیست و زۆر لە لاوانی ئەمڕۆمان قوت ناچێ. موفتی زادە بە دڵ ویستوویە ئازادی بۆ کوردستان بستێنێ، زۆریش ماندوو بووە، نەشیزانیوە مەلای حاکم درۆیان لە لا گوناح نییە، فریوی بە قسەیان خواردووە کە لای وا بووە کە قەولی ئازادی کوردستانی پێ دەدەن، راست دەکەن. خۆی کە بێ درۆ و دڵپاک بووە، لای وا بووە قەوڵدەرەکانیش دڵپاکن! وا ئێستا کە ئەم رووپەڕانە دەنووسم، کاک ئەحمەد لە زیندان دایە و زۆر جزیا دەدرێ و بە سەدان لە هاوکارانی -کە زۆریان تازە لاون- لە سووچی زیندان توند کراون و هیچیان لە پەیڕەوی کاک ئەحمەد پاشگەز نین و لە سەر بڕوای خۆیان سوورن. لەو ساوە خۆم رووبەروو کاک ئەحمەدم دیوە و سەفەرم بۆ شیمال دەگەڵ کردووە، زۆر وەبەر دڵم کەوتووە. لام وایە بە مردوویش هەزاران کومۆنیستی نەزانی دەبێ بە قوربان بکرێ.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close