جیهانی ئیسلامی

ڕۆژنامەی گاردیان: چەکدارانی داعش هەوڵی کودەتایان داوە بەسەر ئەبوبەکر بەغدادیدا

بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانییان ڕاگەیاندووە، باوەڕ وایە مانگی ڕابردوو (کانوونی دووەمی ٢٠١٩) لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا بەسەر ئەبوبەکر بەغدادیی سەرکردەی داعشدا درابێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەوڵی کودەتاکە لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا بووە و لە هەجین بووە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، کە تیایدا چەکدارانی داعش و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕدا بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ناوەڕاستی شەڕدا، چەکدارانی بیانیی هەوڵیانداوە ئەبوبەکر بەغدادی دوورخەنەوە، بەڵام بەغدادی بە یارمەتیی پاسەوانەکانی ئەوێی جێهێشتووە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئەوەیان بۆ ڕۆژنامەی گاردیان ئاشکراکردووە، پێکدادان لەنێوانیاندا ڕوویداوە و دوو چەکدار کوژراون.

بەرپرسانی هەواڵگریی لە عێراق، بەریتانیا و ئەمریکا باوەڕیان وایە کە بەغدادی لە ئێستادا لە دوایین پێگەی داعشدا کاتەکانی بەسەردەبات و، ٥٠٠ چەکدار یان کەمێک زیاتریان ماون و لەگەڵ خێزانەکانیاندان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، کە لەلایەن هیزەکانی سوریای دیموکرات (کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات) و چەکدارانی شیعە (کە ئێران پاڵپشتییان دەکات) و لایەنەکانی ترەوە گەمارۆدراون.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش لە بیابانەکانی نزیک پارێزگای حەسەکەیە، تەنیا یەک جار و لە ساڵی ٢٠١٤دا و لەکاتی ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەیدا لە مزگەوتی ئەلنوری لە موسڵ دەرکەوتووە و لەوکاتەوە نەبینراوە، بەڵام تۆماریی دەنگیی بەناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە. پێشتریش باس لەوە کرا کە بەغدادی لە ڕێگەی ئێرانەوە خۆی گەیاندووەتە ئەفغانستان.

لەدوای ئەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە سووریا دەکشێتەوە، کە نزیکەی دوو هەزار چەکداری هەیە، دەنگۆی داهاتووی داعش سەریهەڵداوەتەوە. هەفتەی ڕابردووش بەرپرسانی پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا) ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و پێشبینییان کرد، کە پێدەچێت داعش لە شەش بۆ ١٢ مانگی داهاتوودا سەرهەڵبداتەوە و چەند ناوچەیەکی سنووردار بگرێتەوەدەست.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close