جیهانی ئیسلامی

مەغریب بەشداریکردنیی لە هاوپەیمانێتییەکەی سعودییە بۆ شەڕی یەمەن هەڵپەسارد

بەرپرسانی فەرمیی حکومەتی مەغریب ڕایانگەیاند، مەغریب باڵیۆزەکەیی بۆ سعودییە بانگکردووەتەوە و هێزە سەربازییەکەشی لە هاوپەیمانێتیی عەرەبی بۆ شەڕی یەمەن کشاندووەتەوە، کە سعودییە سەرۆکایەتیی دەکات.

موستەفا مەنسوری باڵیۆزی مەغریب بۆ سعودییە لەوبارەیەوە وتوویەتی، لەکاتێکدا مەغریب و سعودییە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و درێژیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا لە قەیراندایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودییە لە ساڵی ٢٠١٥وە بۆ شەڕی دژی چەکدارانی حوسی لە یەمەن دروستکراوە و، ئەمریکاش پاڵپشتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.

بەهۆی توندوتیژییەکانی هەریەکە لە هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودییە و چەکدارانی حوسییەوە، یەمەن لە زۆر ڕووەوە وێرانبووە، لەناویاندا کەرتی تەندروستی. بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان بەهۆی جەنگی یەمەنیشەوە، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، زیاتر لە ٨٥ هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵیش لەبرسا مردوون، هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ (بەبێ دیاریکردنی تەمەنیان) لە یەمەن لەبرسا مردوون.

لەکاتی دەنگدان لەسەر ئەوەی کە جامی جیهانیی ٢٠٢٦ لە چ وڵاتێک بەڕێوەبچێت، سعودییە دەنگی بە مەغریب نەدا، ئەو بڕیارەی سعودییەش دوای ئەوە هات کە هەڵوێستی مەغریب بەرامبەر گەمارۆکانی سەر قەتەر جیاواز بوو لە وڵاتانی تری کەنداو.

موحەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییەش لە سەردانەکەی کۆتایی ساڵی ڕابردوویدا بۆ باکوری ئەفریقیا، سەردانی مەغریبی نەکرد. هەروەها مەغریب پاڵپشتیی خۆی بۆ سعودییە دەرنەبڕی لە پرسی کوشتنی جەمال خاشقچیدا. هەموو ئاماژەکانیش بەو ئاراستەیەن کە پەیوەندییەکانی مەغریب و سعودییە بەرەو خراپی دەڕوات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close