جیهانی ئیسلامی

فەرماندەیەکی سەربازیی حەشدی شەعبی: ڕۆماننووسە عێراقییەکە لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئێران کوژراوە

ئەوس ئەلخەفاجی سەرکردەی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی ئەبو ئەلفەزڵ ئەلعەباسی سەر بە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، عەلاء مەشزوب ڕۆماننووسی عێراقی لەسەر ئەوەی ڕەخنەی لە ئێران گرتووە، کوژراوە.

ئەو سەرکردەی هێزەکەی سەر بە حەشدی شەعبی وتووشیەتی، “ئامۆزاکەم، عەلاء مەشزوب، بابەتێکی دژی ئێران نوسیبوو، چەند پیاوێکی سەر بە ئێران هاتن و کوشتیان.” هەروەها ئەو سەرکردەیە داوایکردووە کە بوونی هەموو هێزە دەرەکییەکان و دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق ڕەتبکرێتەوە.

عەلاء، تەمەنی ٥١ ساڵ بوو، ڕۆماننووسێکی عێراقی بوو، ڕۆژی شەممە ٢ی شوباتی ٢٠١٩ لەلایەن دوو چەکدارەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە باب ئەلخان لە کەربەلا ١٣ فیشەکی پێوەنرا و کوژرا.

پۆلیسی کەربەلا لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر ئاشکراکردنی چۆنێتی کوشتنی عەلاء و دەستگیرکردنی بکوژانی کردووەتەوە، بەڵام پێناچێت پۆلیسی کەربەلا هیچی لەدەستبێت و ئەگەری کوشتنی ئەوس ئەلخەفاجیش ئەگەرێکی دوور نییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەو لێدوانەی داوە.

کوژرانی ئەو ڕۆماننووسەش لە میدیا عەرەبییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو، بەڵام لەسەر ئاستی جیهانیی و میدیای کوردی دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close