جیهانی ئیسلامی

هیومان ڕایتس وۆچ: سێ گەنجی ئیخوان موسلیمین لە میسر لەسێدارەدران

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بڵاویکردووەتەوە، سێ گەنجی سەربە ئیخوان موسلیمین لە میسر، دوای لێدان و ئەشکەنجەدانیان بە مەبەستی ئیعترافکردن لەسەر ئەو تۆمەتانەی درابووە پاڵیان، لەسێدارەدراون.

ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، خانەوادەی ئەو سێ گەنجە ئاگادارکراونەتەوە بۆئەوەی دوای لەسێدارەدانیان تەرمەکانیان ببەن و بە خاکیان بسپێرن.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو سێ گەنجە ساڵی ٢٠١٤ تۆمەتی کوشتنی کوڕی دادوەرێکیان لە ناوچەیەکی مەنسورە درابووە پاڵ. هیومان ڕایتس وۆچیش لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لەو گەنجانە بە شێوەیەکی قاچاغ نامەی ناردووەتە دەرەوە و باسی لەوە کردووە کە لێیان دراوە و ئەشکەنجە دراون بۆئەوەی ئیعتراف لەسەر ئەو تۆمەتانە بکەن کە درابوونە پاڵیان.

مایکڵ پەیج جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە باسی لەوە کردووە، ئەو گەنجانە بە کارەبا لێدان و شێوازی تر ئەشکەنجەدراون بۆئەوەی دان بە تۆمەتەکاندا بنێن.

درەنگانێکی ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆ لەسێدارەدانی ئەو سێ گەنجەی پشتڕاستکردەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە میسر ئیخوان موسلیمین نەک هەموو جۆرە چالاکییەکی لێ قەدەغەکراوە، بەڵکو خراوەتە لیستی تیرۆری ئەو وڵاتەوە. ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو کەسانەش کە میسریان جێهێشتووە ڕوویان لە تورکیا و قەتەر و بەحرەین کردووە، لەو وڵاتانەشەوە لەڕێگەی دانانی کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆوە چالاکییان هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close