جیهانی ئیسلامی

ڕێکخراوێک: ١٩١ هێرشی کیمیایی لە سوریا لێکۆڵینەوەیان لێنەکراوە

ڕێکخراوی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕێکخراوی قدەغەی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو) شکستیهێناوە لە لێکۆڵینەوە لە ١٩١ هێرشی کیمیایی کە لە ٢٠١٢وە ئەنجامدراون.

تۆڕی سوری لە ڕاپۆرتێکی نۆ لاپەڕەییدا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە دڵنیاببنەوە لەوەی کە ئەو ڕووداوانە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢وە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، لانیکەم ٢٢١ هێرشی کیمیایی تۆمارکراون، کە ٢١٦ هێرشیان لەلایەن ڕژێمی سووریاوە ئەنجامدراون و پێنج هێرشەکەی تریش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراون.

سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوە فەرمییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە ٢٢١ هێرش لەو ماوەیەدا ئەنجامدراوە، بەڵام ڕێکخراوی (ئۆ پی سی دەبلیو) تا ئێستا تەنیا ٤٣ هێرشی ئاماژەپێداوە، دوایینیشیان هێرشەکەی سەر دومایە کە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە و تیایدا زیاتر لە ٨٥ هاووڵاتی کوژران.

لە ڕاپۆرتی تۆڕە سوورییەکەدا باس لەوە کراوە، هەندێک لەو هێرشە کیمیاییە وێرانکەرانە لەلایەن ڕێکخراوی (ئۆ پی سی دەبلیو)ەوە نەناسێنراون، یەکێک لەو هێرشە کیمیاییانەش هێرشێک بوو کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە ئەنجامدرا و کیمیایی بەسەر پێنج گوندی پارێزگای حەماتدا کرا و بەهۆیەوە ٣٥ کەس کوژران، کە ١٦یان منداڵ و شەشیان ئافرەت بوون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش برینداربوون.

هەر بەپێی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی ئازاری ٢٠١٣دا لە ناوچەیەکی حەلەب، بەهۆی هێرشێکی کیماییەوە ٢٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٥٠ی تریش برینداربوون.

ڕێکخراوی تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەریەکە لە حکومەتی سوریا و ڕووسیای تۆمەتبارکردووە لە ڕێگریکردن لە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە کیمیاییانە. تا ئێستاش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیا ١١ جار ڤیتۆی بۆ پاراستنی حکومەتی دیمەشق بەکارهێناوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close