جیهانی ئیسلامیدونیا

لەسەر کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی دادگایەکی ئەمریکا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار غەرامەی بەشار ئەسەدی کرد

لەسەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢دا ڕۆڵی هەبووە لە کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکیدا، دادگایەکی ئەمریکی بە بڕی لانیەکم ٣٠٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار غەرامەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریای کرد.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ماری کۆلڤن ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە بووە کە لە ساڵی ٢٠١٢دا و لەکاتی ڕووماڵکردنی جەنگی ناوخۆی سووریا بۆ (سەندەی تایمز)ی بەریتانی کوژراوە.

ئامی بێرمان جاکسۆن دادوەری ئەمریکی ڕایگەیاندووە، کوژرانی کۆلڤین لە حومس “کوژرانێکی نایاسایی هاووڵاتییەکی ئەمریکی بووە.” کوژرانی ئەو “ڕۆژنامەنووسە”ش بە شێوەیەک بووە کە بۆمبێک بەر شوێنی مانەوەکەی و ستۆدیۆکەی کەوتووە، لەکاتێکدا لەگەڵ ڕێمی ئۆچلیکی فۆتۆگرافەری فەڕەنسیدا بووە.

لە ساڵی ٢٠١٦دا خانەوادەی کۆلڤین بەرپرسانی فەرمیی حکومەتەکەی ئەسەدیان بەوە تۆمەتبارکرد کە بە ئەنقەست شوێنی کۆلڤین و ڕۆژنامەنووسانی تریان کردووەتە ئامانج.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕژێمەکەی ئەسەد و ئەمریکا و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیان، لە دەستپێکی جەنگی ناوخۆی سوریاوە تا ئێستا زیاد لە نیو ملیۆن کەسیان لە سووریا کوشتووە، جگە لە بریندارکردنی ملیۆنان کەسی تر و ئاوارەکردنی ملیۆنانی دیکە و خاپوورکردنی دەیان هەزار خانوو و بینا و باڵەخانە لە سووریا.

تەنیا لە مانگی یەکی ٢٠١٩دا ١٩٧ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، کە زۆرینەیان لەلایەن ڕژێمەکەی ئەسەدەوە کوژراون و دوای ڕژێمەکەی ئەسەدیش بە پلەی دووەم هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دێت کە ٣٧ هاووڵاتی مەدەنیی کوشتووە، دوای ئەویش یەپەگە دێت کە ٣٠ هاووڵاتی مەدەنیی کوشتووە، کە ١٣یان منداڵ بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close