جیهانی ئیسلامیدونیا

سی ئێن ئێن: سعودییە و ئیمارات چەک بە گروپە تیرۆریستییەکان دەدەن

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرایکردووە، ئەو چەکانەی ئەمریکا بە سعودییە و ئیماراتی فرۆشتووە دراون بە گروپە مەترسیدارەکانی وەکو ئەلقاعیدە و گروپی چەکداریی تر لە یەمەن، باسیشی لەوە کردووە کە ئەوە پێشێلکاریی یاساکانی هەناردەی چەکی ئەمریکایە.

لێکۆڵینەوەکەی سی ئێن ئێن بە ناوی “بە هاوپەیمانییەک فرۆشرا، بەڵام کەوتە دەستی دوژمنێکەوە” بڵاوکراوەتەوە و بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، سعودییە و ئیمارات ئەو چەکانە دەدەن بەو گروپ و لایەنانەی کە ئەمریکا خستوونییەتە لیستی تیرۆرەوە و بە دوژمنی خۆی ناویان دەهێنێت.

هاوکات باس لەوەش کراوە کە چەکەکان گەیشتوونەتە دەستی میلیشیا حوسییەکانیش، کە وا ناودەبرێن کە سەر بە ئێران بن، بەڵام پێشتر و بە ئێستاشەوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە کەسانی پلە باڵای میلیشیا حوسییەکان کەسانی هەواڵگریی سەر بە ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوان بە هاوبەشی، لەناویشیاندا ئەمریکا.

لەلایەکی ترەوە ڕؤکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئیماراتی عەرەبی میلیشیاکانی یەمەن بە چەکی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا پڕچەکدەکات. باسیشی لەوە کردووە کە لەناو چەک و جبەخانەکاندا، ئوتومبێلی سەربازی، تۆپ و جەک هەن و بە شێوەی نایاسایی دراون بە ژمارەیەکی بێشوومار لەو گروپە چەکدارانەی کە تۆمەتبارن بە تاوانی جەنگ.

لە لێکۆڵینەوەکەی سی ئێن ئێندا باس لەوەش کراوە کە مووشەکی دژە تانک و تفەنگ و دەمانچە و فیشەک و چەندین جۆری تری چەکی ئەمریکی لەلای ئەو گروپە چەکدارانەن و لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشراونەتەوە.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناسراو بە (پێنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکات کە باس لەوە دەکەن سعودییە و ئیمارات چەکی ئەمریکی بە گروپە چەکدارییە تیرۆریستییەکان دەفرۆشن.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا بەردەوامن لە فرۆشتنی چەک بە هەریەکە لە سعودییە و ئیمارات، کە چەکەکان لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا بەکاردەهێنرێن.

هەریەکە لە سعودییە و ئیمارات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانیان بە هێزەکانی حکومەتی یەمەندا ناوە وەکو هێزی شەرعی، جگە لەمە سعودییە هاوپەیمانێتییەکی عەرەبیی دژی چەکدارانی حوسیی ڕاگەیاندووە کە بریتین لە هەریەکە لە سعودییە، ئیمارات، سودان و چەند وڵاتێکی تری عەرەبیی، لە میدیاکانیشدا ئەوە زەق کراوەتەوە کە حوسییەکان سەر بە ئێرانن و شیعەن، هەرچەندە چەکدارەکانی پێدەچێت ئامانجیان باش بێت، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرکردایەتیی حوسییەکان سەرکردایەتییەکی سیخوڕیی نێودەوڵەتییە و ئێران و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و چەندین وڵاتی تر تیایدا بەشدارن. چەند هێزێکی تری بەرخودانیش لە یەمەن بە ناوی جۆراوجۆرەوە هەن.

لە ساڵانی ڕابردوودا تەنیا سعودییە بە بەهای زیاتر لە یەک تڕلیۆن دۆلار چەکی لە وڵاتانی زلهێزی جیهان و بەتایبەتی ئەمریکا کڕیوە.

هێشتا کەیسی جەمال خاشقچی و بکوژەکانی یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام سعودییە کەیسێکی گەورەتری ڕووبەڕوو بووەتەوە، کە هاوکاریکردنی تیرۆریستانە. تا ئێستاش تەرمی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودییە یاخود پارچەکانی تەرمەکەی نەدۆزراونەتەوە و ئاشکرانەکراوە کە لەکوێیە، هەرچەندە چەند ڕاپۆرتێک پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە سەر و چەند پارچەیەکی تری جەستەی جەمال خاشقچی براونەتەوە بۆ ڕیازی پایتەختی سعودییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close