مێژوو

عومەری کوڕی خەطاب و باڵاپۆشی

پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەبارەی عومەرەوە فەرموویەتی، “حەق و ڕاستی خراوەتە سەر دڵ و زمانی عومەر.” لە شوێنێکی تریشدا پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی، “ئەگەر لەدوای من پێغەمبەر هەبووایە، ئەوا عومەر پێغەمبەر دەبوو.”

عومەر دەفەرموێت:

یەکەمجار باڵاپۆشی واجب نەبوو، من (عومەر) پێم خۆش بوو کە پێغەمبەر فەرمان بە خێزانەکانی خۆی و دوایی بە ئافرەتە موسڵمانەکان بکات بۆئەوەی باڵاپۆش بن، بە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)م وت، “قوربان! بە خێزانەکانت بفەرموو کە باڵاپۆش بن، ئەوان خەڵکانێکی باش و نیوە باش و تەنانەت جارجار خراپیش قسەیان لەگەڵ دەکەن.” ڕۆژێک دام بەلای خێزانەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)دا و پێم وتن، “بە خوا! ئەگەر لە گوێم بکرێ، نابێ کەس چاوی بە ئێوە بکەوێ. ئەگەر ئێوە باڵاپۆش بن، ئەوە بۆ ئێوە گەورەییە. وەک چۆن مێردەکەتان لە هەموو پیاوێ گەورەتر و مەزنترە، ئاوایش ئێوە لە ژنانی تر گەورەتر و مەزنترن!” زەینەبی کچی جەحش وتی، “کوڕی خەتتاب! ئەوە تۆ غیرە لە ئێمە دەکەی؟! وەحی لە ماڵەکانی ئێمە دێتە خوارەوە!”

زۆری پێ نەچوو ئایەتی باڵاپۆشی دابەزی، خوای گەورە باڵاپۆشیی لەسەر خێزانەکانی پێغەمبەر و هەموو ئافرەتە موسڵمانەکان فەرز کرد.

کوڕی خۆم! پێش ئەوەی باڵاپۆشی فەرز بێ، من دەمزانی چەند سوودێکی گشتیی تیایە. باڵاپۆشی پاسەوانی نامووسە، لابەری فەساد و بەدگومانییە. پیاوان بە چاوی ئارەزووەوە لە ژنان دەڕوانن، ئەوە سروشتی مرۆڤە، باڵاپۆشی تۆمەت و دڵپیسکردن نییە لە ئافرەتان و یەخسیرکردنیان نییە، بەڵکو پارێزەری شکۆی ئافرەتە. خەڵک سەری مەنجەڵە چێشت دەگرێ بۆئەوەی مێشێکی تێ نەکەوێ، ئەی بۆ ئافرەت خۆی دانەپۆشێ بۆئەوەی پارێزراو بێ؟ ئەو نموونە زیاتر شتەکە لە دڵی مرۆڤدا دەچەسپێنێ، ئەگینا ئافرەت زۆر لەوە مەزنترە، بەڵام خۆ دەشزانی سەرگرتنی چێشت بۆ پاراستن و مانەوەیەتی بە جوانی، خۆ بۆ خراپکردن و بەکەمزانینی چێشتەکە نییە!

دواتر باڵاپۆشی هۆکاری دڵپاکیی پیاوان و ئافرەتانی موسڵمانە، ئاوەدانکردنەوەی دڵەکانە بە خواپەرستی، بۆیە خوا لە قورئاندا دەفەرمووێ (ذلکم اطهر لقلوبکم وقلوبهن – الاحزاب ٥٣)، واتە “ئەو باڵاپۆشییە چاکتر و پاکترە بۆ ئێوە و ئەوانیش.” لەوەش زیاتر، باڵاپۆشی ڕێز و حورمەتە، چ ئاکارێک لەوە بەرزترە کە مرۆڤ شکۆی خۆی بپارێزێ؟ باڵاپۆشی قەڵایە، ڕێگەگرتنە لە شەیتان، مرۆڤ ئاواتەخوازی ئەو شتانە نابێ کە بۆی ڕەوا نییە. باڵاپۆشی پارێزەری شەرم و حەیای ئافرەتە؛ ئەو شەرم و حەیایەی کە سروشتی ئافرەتانە. ژن هەرچەند پێی خۆشە کە پیاوان خۆشیان بوێ، بەڵام حەز دەکات تەنیا لە دڵی یەک پیاودا بێ. ژن بەوە ڕازی نییە کە ببێتە وێستگەی حەز و ئارەزووی هەموو پیاوێک، تەنیا پێی خۆشە بۆ مێردەکەی بێت. زیاد لەوەش باڵاپۆشی پارێزەرە بۆ پیاوانیش. سروشتی پیاویش وایە کە بەرابەر شەرەف و نامووسی خۆی غیرەی هەیە. ئەگەر بینیی وا خەریکە شەرەف و نامووسی بەر بڤە و خەتەر دەکەوێ، غیرەکەی تەواو هەڵدەچێ و زیاد دەکا، تەنانەت ئەگەر بزانێ بۆنی بڤەش دێ، تەواو هەڵدەچێ. خۆ ئەگەر ئافرەت ڕووت و دانەپۆشراو بن، ئەم دەرگایە هەروا بە کراوەیی دەمێنێت و بە باڵاپۆشی نەبێ داناخرێ!

خوای گەورە بەسۆزە، بەرە بەرە و کەمە کەمە ئایینەکەی بەسەر خەڵکدا فەرز دەکا، ئەم شەرعە هەمووی بە یەکجار و لە کتوپڕێکدا فەرز نەبووە. تۆ تەماشا بکە: نوێژ، ڕۆژوو، حەج و زەکات هەمووی بە جارێ لەسەر خەڵک فەرز نەبووە، ئێمە سیازدە سال موسڵمان بووین ئەمجا ڕۆژوو فەرزکرا، خوای گەورە لەبەر ئەوەی ئەوەندە بەسۆز و میهرەبانە، ئەو خواپەرستییانەی کە خۆی پێێ ڕازییە و لە موسڵمانی دەوێ، هەموویانی بە جارێ فەرز نەکردووە، ئەو خواپەرستییانەی کە درەنگ فەرز کران، لەبەر ئەوە نییە کە بەلای خواوە گرنگ نین، هەموو شتێک بە دەست خوایە، ئایین ئایینی خوایە، خەڵک هەموو بەندەی خوای گەورەن، هەر شتێکی بوێ لە هەرکاتێکدا خۆی بیەوێ، لەسەر بەندەکانی فەرز دەکا!

لە کتێبی: ئەو دەمەی گەشتم بە عومەر-ەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close