بیروڕا

بیروباوه‌ڕی گوماناوی (شبهات)

چه‌ندین شوبهه‌ و گومان و ڤایرۆسی فیكری و عه‌قیده‌یی هه‌یه‌، كه‌ هه‌رجاره‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك دزه‌ ده‌كاته‌ سه‌ر دڵ و مێشكی مرۆڤ و تووشی نه‌خۆشیی فیكری و بیروباوه‌ڕی سه‌قه‌تی ده‌كات، بۆ چاكبوونه‌وه‌ش كاتێكی زۆری ده‌وێت، كه‌ خۆی بخاته‌ ژێر به‌رنامه‌ی تیماركردن و چاره‌سه‌ر؛ خۆ ئه‌گه‌ر دره‌نگ فریای خۆی بكه‌وێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری فه‌وتانی هه‌یه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ڕیزی گومڕا و سه‌رگه‌ردانه‌كان، په‌نا به ‌خوا.

خاڵی یه‌كه‌م: به‌رنامه‌ی خۆپاراستن له‌م ده‌ردانه‌، له‌ پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌ دروستكردنی مه‌ناعه‌ و خۆپارێزییه‌ به‌ خۆ پڕچه‌ككردن به‌ چه‌كی باوه‌ڕ و ئیمانی قایم و یه‌قین له‌ مه‌سه‌له‌ عه‌قیدییه‌كاندا و، داوای به‌رده‌وام له‌ خوای هادی بۆ هیدایه‌ت و ڕێنمایی و ده‌ستگرتن به‌ (إهدنا الصراط المستقیم)، كه‌ سرودی ئیمانداره‌ تا پارێزراوبێت له‌ گشت ترازان و ئینحرافێك.

خاڵی دووه‌م: پاش مه‌ناعه‌ی ئیمانی و ته‌قوا، بریتییه‌ له‌ شاره‌زایی و زانستی پێویست له‌ ناسینی خوا و پێداویستییه‌كانی ئیمان، له‌ ڕێگه‌ی ناوه‌ جوانه‌كان و په‌یامه‌ پیرۆزه‌كانییه‌وه‌.

ناسینی خودا و ته‌سلیمبوونی وه‌كو دروستكراوێك له‌ حزور دروستكه‌ره‌كه‌یدا، وه‌ك عه‌بدێك له ‌به‌رده‌م مه‌عبودیدا؛ چونه‌ ژووره‌وه‌ له‌ دڵه‌وە نه‌ك له‌ عه‌قڵ و زار و ئه‌ندامه‌كانی تره‌وه‌.

ناسینی خوا له‌ ده‌رگای دڵه‌وه‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستی و ته‌سلیمبوون و به‌ندایه‌تی دروستده‌كات، ئه‌وسا ده‌رگاكانی عه‌قڵ و هۆش و ئه‌ندامه‌كانی تر له‌ ناوه‌وه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ و، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ده‌قه‌ پیرۆزه‌كان ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی تێگه‌یشتن و ناسینی خودا و پابه‌ندی به‌ ته‌علیماته‌كانی، پابه‌ندی به‌ فه‌رمانه‌كانی خودا و كۆنترۆڵی نه‌فس و ئاره‌زووه‌كان ده‌كه‌یت.

هه‌ركات له‌ ڕێگه‌ی عه‌قڵه‌وه‌ بچیته‌ ژووره‌وه‌ كاره‌سات ڕووده‌دات، هیچ ده‌رگایه‌كی ترت بۆ ناكرێته‌وه‌، عه‌قڵ و هۆش و زیره‌كی و زانست ناتوانێ خودات پێ بناسێنێ وه‌كو خۆی، ناتوانێت دڵت ڕزگاربكات له‌ هاوه‌ڵ و شه‌ریك. ئه‌گه‌ر ده‌رگای پرۆسه‌ی عه‌بدایه‌تی خودا و ناسینی، زانیاری و خوێنده‌واری و عه‌قڵكاری بوایه‌، (ئەوا) گه‌وره‌ی گشت پێغه‌مبه‌ران و پێغه‌مبه‌ری ئاخر زه‌مان (صلی الله علیه‌ وسلم)، ئوممی و نه‌خوێنده‌وار نه‌ده‌بوو، زیره‌ك و بلیمه‌ته‌ زانستییه‌كانی جیهان هه‌موو خواناس ده‌بوون.

پرۆسه‌ی ته‌زكییه‌ و ته‌سلیم و بونیاتنانی تاك و كۆمه‌ڵی خواناس و صاڵح هه‌ڵگری گشت به‌ها مرۆییه‌كان و، خه‌لافه‌تی خودا له‌سه‌ر زه‌ویدا، بە كەسێكی ئوممی و گه‌لێكی ئوممی نه‌ده‌سپێردرا. (هو الذي بعث في الأمين رسولا منهم يتلوا عليهم ءايتە ويزکیهم ویعلمهم الکتب والحکمة وان کانوا من قبل لفي ضلل مبین – الجمعة :٢)

هه‌ر ئه‌و زاته‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵکێکی نه‌خوێنده‌واردا پێغه‌مبه‌رێکی له‌ خۆیان ڕه‌وانه‌کرد، ئایه‌ته‌کانی قورئانه‌که‌ی ئه‌ویان به‌سه‌ردا ده‌خوێنێته‌وه‌ و دڵ و ده‌روون و ڕواڵه‌ت و ئاشکرا و نادیاریان پوخته‌ ده‌کات، فێری قورئان و دانایی و شه‌ریعه‌تیان ده‌کات، به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ پێشتر له ‌گوامڕایی و سه‌رلێشێواوییه‌کی ئاشکرادا گیریانخواردبوو.

ئه‌مه‌ش به ‌واتای ئه‌وه‌ نییه‌ زانست و عه‌قڵكاری به‌ كه‌م سه‌یر بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌ڵێین، وه‌كو زینه‌ت و ته‌واوكار و درێژه‌پێده‌ر و شیكار به‌ڵێ، به‌ڵام وه‌كو بناغه ‌و بنه‌ڕه‌ت و سه‌رچاوه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ غه‌یب و نادیار له‌ ده‌رگای ئه‌م عه‌قڵ و زانسته‌وه‌ نابێت، كه‌ هه‌یه‌ له‌به‌رده‌ستماندا؛ زانستێكی تایبه‌ت و عه‌قڵێكی تایبه‌تی ده‌وێت.

صلاح الدین محمـد بهاءالدین
نوسینەوەی: خالید عەلی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close