مێژوو

یەکەمین نامەی حەسەنی بەسری بۆ عومەری کوڕی عەبدولعەزیز

بزانە ئەی ئەمیری باوەڕداران، خوای گەورە سەرکردەی بۆ ئەوە داناوە، کە لادەرەکان ڕێککاتەوە، دەستی ستەمکاران بگرێتەوە لە ستەم لێکراو، پەناگەی ھەموو داماوێک بێت.

ئەی ئەمیری باوەڕداران، پێشەوای دادپەروەر وەک شوانێکی بەسۆز وایە بۆ ڕانەکەی، بە جۆرێکی وا بەسۆز کە بۆ سەوزترین و خۆشترین لەوەڕگەیان دەبات و لە شوێنە وشک و ڕەقانەکاندا بە زوویی دەربازیان دەکات، لە دڕندە دەیانپارێزێت، لە ھەموو سەرما و گەرمایەک دەیانپارێزێت.

ئەی ئەمیری باوەڕداران، ئیمامی دادپەروەر سەرپەرشتیاری ھەتیوانە، خەزێنەی ھەژارانە، بچووکەکانیان گۆش دەکات. ئیمامی دادپەروەر وەک دڵ وایە لەناو جەستەدا، بە چاکبوونی ئەو جەستە چاک دەبێت، بە خراپبوونی ئەو ھەموو بەشەکانی لەشی خراپ دەبن.

ئیمامی دادپەروەر، ئەی ئەمیری باوەڕداران، وەک باوکێکی بەسۆز وایە بۆ جگەرگۆشەکەی، لەکاتی منداڵییاندا ھەوڵ و تەقەلایان بۆ دەدات، لە گەورەییشدا فێری خوێندەوارییان دەکات، تا لە ژیاندایە کاسپییان بۆ دەکات، پارەشیان بۆ ھەڵدەگرێت بۆ دوای مردنی.

ئەی ئەمیری باوەڕداران، ئیمامی دادپەروەر وەک دایکێکی بەبەزەیی و چاک وایە، ھەمیشە ھاوڕێ و کۆرپەیەتی، بە ناڕەحەتی ھەڵیگرتووە، بە ناڕەحەتییش بوویەتی، بە منداڵییش گۆشیکردووە و شەوانە شەونخونی لەگەڵدا کێشاوە، بە ئارامبوونی ئەو ئارامیی بۆ ھاتووە، جارێ شیری دەداتێ و جارێک لێی دەگرێتەوە، بە لەشساغییەکەی دڵخۆش دەبێت، بە ئۆف و سکاڵاکانی غەمبار و دڵگران دەبێت.

ئیمامی دادپەروەر، وەک نوێنەر وایە لە نێوان خوا و بەندەکانیدا، وتەی خوا دەبیستێت و ئەویش دەیدات بەگوێی بەندەکانیدا، ئەو بۆ خوا دەڕوانێت و خواشیان پیشان دەدات، ئەو بەرەو خوا دەڕوات و ئەوانیش بەرەو خوا دەبات.

ئەی ئەمیری باوەڕداران، ھەرگیز وەک ئەو بەندەیە نەبیت لە حوکمڕانییەکەتدا، کە گەورەکەی ماڵ و منداڵ و سامانەکەی دایە دەستی بۆئەوەی بیپارێزێت، کەچی پارەکانی برد بۆ خۆی و منداڵەکانی پەرش و بڵاو و سەرگەردان کرد، ھەژار و ماڵ کاولی کردن و پارەکانی لەناوبردن.
ئەی ئەمیری باوەڕداران، بزانە خوای گەورە کۆمەڵێ سزای داناوە لە شەرعدا، بۆ ئەوەیە خەڵکی لە بەدڕەوشتی و پیسی بەدووربگرێت، دەی ئەگەر پێشەوا خۆی خراپە و بەدکاریی بکات، کێ جێبەجێیان بکات؟! خوای گەورە لە قورئاندا تۆڵەی داناوە بۆئەوەی ژیان پارێزراوبێت، دەی ئەگەر پێشەوا بکوژێت، کێ تۆڵەیان بۆ دەکاتەوە؟!

ئەی ئەمیری باوەڕداران، بیر لە مردن بکەرەوە، کە دۆست و لایەنگرەکانت فریات ناکەون، دەی توێشووی بۆ بخە و خۆت ئامادە بکە بۆ ڕۆژی ترسناک، ڕۆژی قیامەت!

ئەی ئەمیری باوەڕداران، ئەوە بزانە کە ئەم ماڵەی ئێستات ماڵی تۆ نییە، تۆ ماڵێکی تر چاوەڕوانیت دەکات، کە زۆر دەمێنیتەوە تیایدا، دۆست و خۆشەویستانت دەگەڕێنەوە و وازت لێ دەھێنن، بە تەنیایی لەو چاڵە قوڵەدا بەجێتدەھێڵن، دەی کردەوەی چاک پێش بخە بۆ ئەو ڕۆژەی کە نە برا و نە دایک و نە باوک و نە خێزان فریات ناکەون!

ئەی ئەمیری باوەڕداران، لەبیرت بێت، ئەگەر خەڵکی لە گۆڕەکانیان ھاتنە دەرەوە، نھێنییەکانی ناو سنگ ئاشکرابوون، نھێنی ئاشکرا ببێت و کردەوەکانیش گوناھی گەورە و بچووکیان نەپەڕاندبێت، دەی ئێستا ئەی ئەمیری باوەڕداران تۆ بوارت پێدراوە، ئەجەلت دواخراوە، ئەمەلت بە ژیان نەبڕاوە، دەی حوکمی ناو بەندەکانی خوا مەکە بە شێوەی حوکمڕانانی نەفامان، ڕێگەی ستەمکارانیان پێ مەگرە، پیاو ماقوڵ و ناوداران سەرنەخەیت بەسەر ھەژار و بێ نەوایاندا، ئەوکاتە گوناھی خۆت و خەڵکی و باری قورسی خۆت و خەڵکی دێتە گەردنی تۆ، بەوە نەخەڵەتێیت کە خەڵکانێک لەسەر حیسابی قیامەتی خۆشگوزەران بن و خواردنی چەور و بەلەزەت بخۆن لەسەر حیسابی نەمانی خواردنی خۆش و بەلەزەتی تۆ لە ڕۆژی قیامەتدا. ئەمڕۆ سەیری دەسەڵاتی گەورەی خۆت مەکە، بەڵکو سەیری بێ دەسەڵاتی سبەینێی خۆت بکە، کاتێک دەکەویتە ناو داوی مردنەوە، لە بەردەمی خوا دەوەستیت و فریشتەکان و پێغەمبەران لە دەورتدان، ھەموو ڕووەکان لەوکاتەدا ھەر بۆلای پەروەردگاری زیندوو دەڕوانن.

ئەی ئەمیری باوەڕداران، ئەم ئامۆژگارییانەم نەگەیشتوونەتە ئاستی ئامۆژگاریی زانا و ژیرمەندەکان، بەڵام ئەوەندەی پێمکرابێت، کەمتەرخەمیم نەکردووە تیایدا، ئەم نامەیەم دەنێرم بۆت وەک دەرمان و چارەسەر بۆ خۆشەویستت، ھەروەھا چۆن پزیشک دەرمانی تاڵ و ناخۆش دەکات بە دەمی نەخۆشەکەدا، بەڵام مەبەستی چارەسەرکردنییەتی.

(والسلام علیک یا امیر المومنین ورحمە اللە وبرکاتە.)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close