مێژوو

ئەودەمەی گەشتم بە عومەر – بەشی یەکەم

پێش هەموو شت:

لە دوور ڕا هات.

بەژن و باڵای هێندە بەرز بوو، دەتگوت خزمی دار چنارە.

هێند پتەو بوو، دەتگوت پارچەی کەژ و کێوە.

دەستی چەپی گاڵۆکێکی پێ گرتبوو، بۆ وەی نەبوو خۆی بە گۆچان ڕاگیر بکا، وەها دەیچەقاند بە خاکا، وەک بیەوێ سووڕی زەوی بووەستێنێ.

ڕیشی پڕ و ماش و برنج، تاڵی ڕەشی هێندە ڕەش بوو، وەک ڕەشیی بەردە ڕەشەکە.. سپییەکەی هێندە سپی بوو، وەک پشتەماڵی حاجییان.

پۆشاکی هێندە کۆنە بوو، دەتگوت عەرەبی هەژارە.

دەموچاوێکی نوورانی و ناوچاوی گەش، سیمای وەک گۆڕەپانی جەنگ لێکردبوو. دەزانی بۆ؟! بریسکەی هەردوو چاوانی، دەتگوت تیشکی تیژی خۆرە کاتێ لە مەیدانی جەنگا لە شمشێری دەبان دەدا.

ئا لەم ڕەنگە کەم کەس هەبوو، مرۆڤێکی وەها نەبوو، هەموو جارێ لە وێنەی ئەو بەدی بکەی.

هەرچی پەسن و مەدحی هەبوو، نوێنەری چیرۆکێک بوون، بگرە چەند چیرۆکی جیاجیا.

وردە وردە لێم نزیک بوو، گەشتە لای من، ویستم پرسیاری لێ بکەم: “قوربان تۆ کێی؟!”

بەڵام پیاو و مەردی وا هەن، هێندە بە سام و هەیبەتن، مرۆی بە غیرەتی دەوێ لەلایان لێو بترەکێنێ و گفت و لفتی ناو دڵی خۆی ئاشکرا کا.

ئەویش پیاوێکی ئاوا بوو.

بە سەرسامی لە جێگەی خۆم وەک بت وەستام.

چاوم زاق زاق سەیری سیما و باڵای دەکرد، هەزار و یەک بیر و خەیاڵ هروژمیان کردە نێو مێشکم، لەپڕ دەنگی پڕ لە سۆز و زەڵاڵی ئەو منی بە ئاگا هێناوە.

– کاکە سڵاو!

دەنگی وەکو سەر و سیمای بە هەیبەت بوو، بەڵام پڕ سۆز، وەکو دەنگی دایکێ ڕۆڵەی بیماری خۆی بلاوێنێ، وەکو دەنگی سەڵای نوێژی بەیانی بوو.

زۆر بەپەلە هاتمە دەنگ:

– سڵاو سەرچاو!

لێمی پرسی: تۆ خەڵکی کوێی؟

وتم: ئەزبەنی عەرەبم.

گوتی: عەرەب لقی زۆرە، کامەیانی؟

وتم: ئەو عەرەبەم شان و شەوکەتیان نەماوە.. لەو کودەم سەربەرزیی جارانیان نەماوە.. لەو عەرەبەم لەسەر سفرەی ناپیاوانن، لە نانی خۆیان تێر نابن.. ئەی بێ زەحمەت تۆ ناوت چییە؟

وتی: عومەری کوڕی خەتتابم.. عومەری پیاوی مەیدانم.. ئەو عومەرەم ئاهم بە گیانی نێو گیانی دادگەریدا هێنایەوە.. ئەو عومەرەم ڕێز و حورمەت و شەرەفم بۆ سیاسەت گەڕاندەوە.. ئازایەتیم دا بەوانەی بێکەس و تەنیا و بێنەوان.. هیوام دا بە ئەو کەسانەی هیوابڕاو، دەستە و ئەژنۆ دانیشتبوون.. ئەو عومەرەم یەکسانیم زۆر بە یەکسانی دابەشکرد و دیل و یەخسیریش بەشیان بوو.. ئەو عومەرەم هەرچی پیاوی هەرچی و پەرچی و ناپیاو هەیە، بۆ ساتێکیش لەبەردەمما نەیانتوانی خۆڕاگرن.. ئەو عومەرەم بووم بە مەرگی بیری پوچی ئاغایەتی و بەرتیل و گەندەڵی و تیرۆر.. ئەو عومەرەم حوکومەتم خستە سەرپێ، سوپای بەهێزم دروستکرد.. فارسم شکاند.. ئیمپراتۆرم جێ لەق کرد.. هاوڕێ و دڵسۆزی پێغەمبەر (ص).. چی لە سەرووی دۆستایەتیی پێغەمبەرە، تا پیاو شانازیی پێ بکا؟! کام نەژاد و تۆرەمەیە هێند دۆستایەتی پێغەمبەر، مایەی شانازیی مرۆڤە و خاوەن ڕێز و خۆشەویسە؟..”

بەڵێ کاکە! ئەو عومەر بوو، ئەو عومەرەی هیچ چیرۆکی لەپشت نەبوو، خۆی چیرۆک بوو!

ئەو عومەرەی پرسیاری مێژووی لێ دەکرا.. نەک لەبەر ئەوەی هادار (ئاگادار) بوو، لەبەر ئەوەی خۆی مێژووەکەی دروستدەکرد.. من لە خزمەت عومەردا بووم، بۆیە بە دەرفەتم زانی.. ویستم چیرۆک لە زاری چیرۆک ببیستم.. ویستم ببم بە پەرچووناس، پەرچوو لە پەرچوو ببیستم.. مەبەستیشم مێژوو نەبوو، تەنیا مەبەستم عومەر بوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close