كــوردستانمێژوو

بەسەرهاتێکی مستەفا زەڵمی و جوولەکەیەکی سپڵە

پڕۆفیسۆر دکتۆر مستەفا ئیبراهیم زەڵمی لە کتێبی “کاروانی ژیانم”دا نوسیوویەتی:

لە ساڵی ۱۹٤۸ کە لە گوندی سەرسیان مەلا بووم، ئاوی زێی بچووک ئەوەندە زۆر بوو ڕێگای پەڕینەوەی (پشدەر و مەرگە) بۆ سلێمانی بڕیبوو.

ئەوکات هاتوچۆ و پەڕینەوە بەسەر ئاوی زێدا بەهۆی قەیاغەوە بوو، لەبەر لێشاوی زۆری ئاوەکە نەدەتوانرا کەڵک لە قایەغەکە وەربگیرێ.

لەوکاتەدا جوولەکەیەکی زەڕەنگەر لە کۆیەوە هاتبوو، هەندێ خشڵ و زێڕی پێبوو، کاتێک هاتە گوندەکە ڕێگەی هاتوچۆ بڕابوو، کابرای جولەکە تیامابوو نەیدەزانی چی بکات.

منیش بیستم هەندێ لە خەڵکی ئاوایی چاوەڕێن تا لە ئاوایی دەرچێ و لە پەنایەکدا ڕووتیبکەنەوە و، ئەگەر ملی نەدا ئەوا بیکوژن، چونکە ئەو کافرە و ماڵی کافریان بە حەڵاڵ دەزانی.

هەربۆیە منیش چووم کابرام هێنایە ماڵی خۆمان و، نوێژی ئێوارە لە مزگەت بە خەڵکەکەم وت، ئەو جوولەکە لای من میوانە و پەنای بۆ من هێناوە، هەرکەس دەستدرێژی بکاتە سەری، ئەوە دەستدرێژی کردووەتە سەر من. پێم وتن، لەبیرتانبێ، پێغەمبەر “درودی خوای لەسەربێ” فەرموویەتی (کلکم من ادم و ادم من تراب)، واتە، ئێمە هەموومان لە ئادەمەوە برای یەکین و ئادەمیش لە گڵە.

ئەوانەی تەماعیان کردبووە خشڵ و زێڕەکان، زۆریان پێ ناخۆشبوو، بەڵام بە قسەیان کردم.

جولەکەکە تا ماوەی ۱۵ ڕۆژ لە ماڵماندا مایەوە، منیش وەک میوانێک زۆر بە باشی خزمەتم کرد، تا ڕێگەی زێ کرایەوە و تا دەرەوەی ڕێگەی گوند بەڕێمکرد.

بەڵام پاداشتی چاکەی ئەم جوولەکە ئەوەبوو، مەعسومەی خێزانم دوو بازنەی زیوی هەبوو دامانە دەستی تا بیبات و لە زاخاویان بدات و دواتر بۆمان بنێرێتەوە، بەڵام کابرای جوولەکە بازنەکانی برد و ئیتر نەمانبینییەوە.

سەرەڕای بێوەفایی ئەو جوولەکە، هێشتا من هەست بە بەختیاری دەکەم کە ماڵ و گیانی ئەوم پاراست.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close