كــوردستانمێژوو

ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی: شەڕی ناوخۆ مەجالی بۆ پەیدابوونی کوێخای ئیقلیمی و دەولی دروستکرد

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەک، کە تێیدا سەڵاحەدین موحەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی لەناو پەرلەماندا وتار پێشکەشدەکات و مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٩٦ دەگەڕێتەوە، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، “کاتێک ٤ی شەش هاتەپێش، کە بەرهەمی ١٩ی پێنجی ١٩٩٢ بوو، کە گەورەترین ڕۆژی تەئریخی کوردستان بوو، ئیتر هەموو کەس، هەموو دڵسۆزێک لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دڵخۆشبوو بەوەی کوردستان و گەلی کورد گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر گەورە.”

لە باسی شەڕی ناوخۆ و دەستێوردانی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئەمیندار دەڵێت، “شەڕی ناوخۆ کێشاینی بە هەموو نەگبەتییەکا، مەجالی دروستکرد بۆ هەموو دەستتێوەردانێک، بۆ هەموو کوێخا پەیابوونێکی ئیقلیمی و دەولی.”

لەوکاتەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێگەیپێنەدراوە بچێتەوە پەرلەمان و سەڵاحەدین موحەمەد بەهائەدین لەوبارەیەوە دەڵێت، “چەند خاوەن کورسییەک، کە کورسییەکانیان میللـەت پێیداون، کەس پێی خەڵات نەکردووە، ئێستە لێرە نین.”

هەر لە درێژەی قسەکانیدا لەوبارەیەوە دەشڵێت، “هەر هەوڵێک بۆئەوەی ئەو خاوەن کورسییانە بێنەوە سەر کورسییەکانیان، شتێکی پیرۆز و جێی ڕێزە.”

باسی لەکارخستنی پەرلەمان دەکات و دەڵێت، “ئەو موئەسەسە شەرعییە ئاواتییە، هەوڵدرا نەهێڵرێت دابخرێت، کاری باشیش لەسەر ئەوە کرا، هەرچەند خۆی مەردانە موئەسەسەکە ویستی تەخفیفی شەڕی نەگریسی ناوخۆ بکات.”

لە کۆتایی ئەو کورتە ڤیدیۆیەدا کە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن لایەنگرانی یەکگرتووەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەمیندار دەشڵێت، “نەهێڵرا ئەو موئەسەسەیە کوێربێتەوە، چەندێک گەورەیە، وە ئەو هەنگاوە گەورەیە بۆ کێ دەگەڕێتەوە، کە دیارە بۆ کێ دەگەڕێتەوە، هێنانەوەی ئەو خوشک و برایانەی کە کورسییەکانیان بەجێهێشتووە، وە موتەعەزیرن لەوەی بێنەوە سەر کورسییەکانیان، وە موڵکی خۆیشیانە و پێیان خەڵات نەکراوە، وە کەسیش ناتوانێت لێیان بسەنێتەوە، ئەوەش مەسەلەیەکی گەورەیە.”

ڤیدیۆکە:

مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ساڵی ١٩٩٦ وتی:"شەڕی ناوخۆ کێشاینی بە هەموو نەگبەتییەکا، مەجالی دروستکرد بۆ هەموو دەستتێوەردانێک، بۆ هەموو کوێخا پەیابوونێکی ئیقلیمی و دەولی."

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Sunday, January 27, 2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close