جیهانی ئیسلامیكــوردستان

دەستکەوتەکانی کچێکی کوردی حیجابپۆش لە میدیاکاندا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە

شەیدا موعتەسەم کە دانیشتووی شاری هەڵەبجە، لەلایەن رێكخراوێكی نێودەوڵەتییەوە بە یەكێك لە 100 كەسایەتیی كاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2018 هەڵبژێردرا.

شەیدا موعتەسەمی تەمەن 27 ساڵ لە ساڵی 2005ـەوە كاری ڕێكخراوەیی دەكات و بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “هەمیشە حەزم بۆ كاركردن و خزمەتكردنی خەڵك هەبووە بەتایبەت كاركردن لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، چونكە پێموابوو لەو بوارەدا دەستكراوەتر دەبم و دەتوانم خزمەتێكی باشتر بكەم.”

شەیدا لە 2005ەوە تاوەكو 2010 تەنیا لە نێو باڵەخانەی ڕێكخراوەكاندا كاری كردووە، واتە زۆرتر كاری ئۆفیسی كردووە، بەڵام دواتر بڕیار دەدات بەشێوەیەكی مەیدانی كاری رێكخراوەیی بكات. جگە لە كاری رێكخراوەیی ماوەی دوو ساڵ لە ڕادیۆی یەكگرتوو كاری ڕاگەیاندنی كردووە لە شاری هەڵەبجە.

شەیدا ئەندازیاری كشتوكاڵە، دوای تەواوكردنی زانكۆ، كاتەكانی زیاتر بۆ كاری ڕێكخراوەیی تەرخانکردووە، ئێستاش بەرپرسی ڕێكخراوی ماڵی سەركەوتنە لە هەڵەبجە و ئەندامیشە لە ئەنجومەنی گشتیی تۆڕی سەركەوتنی عێراق ٢١، جگە لەوەش كارگێڕی سەنتەری گەشەپێدانی چالاكیی لاوانە. هەروەها ئەندامی تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە و ئەندامی دەستەی خانمانی هەڵەبجەیە.

ئەو كچە هەڵەبجەییە بۆ ڕووداو باسی دەستكەوتەكانی لە 2018دا کرد و وتی، ساڵی ڕابردوو سێ‌ ناسناو و خەڵاتم بەدەستهێنان، ئەوانیش، “سەركردەی مرۆیی لەلایەن ڕێكخراوی چاوی ژیانی عێراق، خانمی ڕۆشنبیریی ساڵ و هەروەها یەكێك لە 100 كەسایەتی گرنگی ساڵی 2018 لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”

یەكێتی ڕێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بنكەی سەرەكی لە فەرەنسایە، تۆڕێكی گەورەی جیهانیی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە و لە 48 ڕێكخراو پێكدێ‌.

شەیدا دەڵێت، ئەو یەكەمین كوردە ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە، “هیچ كوردێك نە ئەمساڵ و نە ساڵانی پێشتر بەشداری لەو كێبڕكێیە نەكردووە، من یەكەم كەسم بەشداری دەكەم و ئەو ناسناوە بەدەستدەهێنم”.

شەیدا لە مانگی 11ی 2018 سیڤییەكەی خۆی بۆ ئیمەیڵی كێبڕكێیەكە ناردبوو، لە كۆتایی 2018 لەلایەن ڕێكخراوەكەوە وەڵامی درایەوە، كە ئەو یەكێكە لە 100 كەسایەتییە كاریگەرەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری كاری مرۆیی.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا شەیدا لەلایەن ڕێكخراوی (FAAVM) ی كەنەدییەوە وەك باڵیۆزی ژنان و لاوان لە عێراق ناسێنرا و لە پۆستە نوێیەدا دەستبەكاربوو.

شەیدا موعتەسەم لەبارەی سنووری كارەكانی ئەو ڕێكخراوە کەنەدییەوە وتوویەتی، “ڕێكخراوی (FAAVM)ی نێودەوڵەتی كەنەدی ڕێكخراوێكە، كە سنووری كارەكانی لەبارەی ئابووری و هەژاری و خزمەتی ژنان و لاوانی وڵاتانی لە دۆخی گەشەكردندایە و، هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە ئێستادا ئەم دیاردە و كێشانە تەنگی پێ هەڵچنیوە، بۆیە حەزیانكردووە لە ئاستی عێراق و كوردستانیشدا نوێنەرێكیان هەبێت، تا خزمەتی زیاتری ئەم چین وتوێژانەی پێ بكات.”

هاوکات لە ئەکاونتی فەرمیی خۆی دوێنێ ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ ئاماژەی بەوەش کردووە، بووە بە ئەندام لە لیژنەی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا (World Peace Committee).

شەیدا موعتەسەم جافر لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٢ی پارێزگای هەڵەبجەیە و دەرچووی كۆلیژی زانستە پڕاكتیكییەكان – بەشی ئەندازیاری كشتوكاڵییە و، لە ئێستادا وەك چالاكوانێكی چالاك بەشداری سەرجەم چالاكییە ڕۆشنبیرییەکانی پارێزگاكە و دەرەوەی پارێزگاكە دەكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close