بیروڕا

سەرکردەی سەرکەوتوو

(سەرکردەی سەرکەوتوو) ئەوەیە شکست لە فەرهەنگیدا نییە و هەرگیز شەهامەت و غیرەتی ڕێگەنادا لەکاتی پاشەکشێ و بۆنەهاتنەکاندا خۆی لە بەشداری لابدا و، خۆی بێبەری بکا.

سەرکردەی سەرکەوتوو ئەوەیە خەتا ناکاتە کۆڵی کەسی تر و، بوێرانە دان ئەنێ بە هەڵەی خۆیدا و خۆیشی لائەدا لە خەتا کەڵەکەکردن بۆ سەر برا و خوشکە هاوکارەکانی و، بەرگری لەو بڕیارە ئەکا کە بە جەمعی وەرگیراوە.

سەرکردە چاودێری سیاسی نییە و توێژەر نییە و ڕۆژنامەنووس نییە، بەڵکو بەرپرسە، هەندێجار برایەکی سەرکردە کە ئەرکی سەرکردایەتی کار و کاروانی پێ سپێردراوە و پۆستێکی ڕاپەڕاندن و مەیدانی لەئەستۆدایە، بە شێوەیەک دەست ئەبا بۆ بابەتەکان هەروەک توێژەرێکی سیاسی و لێکۆڵەرێکی فیکری بێ، شیکاری ئەکا و هۆکار و دەرهاویشتە و کۆسپ و لەمپەر و پاڵنەرەکان بۆ برا و خوشکانی بەردەستی یا بۆ میدیا شرۆڤە ئەکات.

بیری ئەچێتەوە کە ئەو بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداو و بابەتەی لەئەستۆدایە و، بەو شیکارە سیاسییە ناتوانێ ڕۆڵی سەرکردەیی بپارێزێ، تەنیا ئەوەندەی دەستئەکەوێ کە ڕەنگە گوێگرەکەی وا ئەزانێ خۆی لە بەرپرسیارێتی لائەدا و ئەیخاتەوە سەرشانی کەسانی تر، کە ئەویش سلوکێکی نەخوازراوە.

ئەرکی سەرکردە تەنڤیر و تەسویقی بڕیاری قیادییە و، ئەرکی هاندان و تەعبئە و هەڵنانە بۆ پشتگیری ئەو بڕیارە و سەرخستنی و بە کەم سەیرکردنی کۆسپ و دەرهاویشتەکانی سەر ڕێگا.

ئەرکی سەرکردە هیتاف کێشان و ڕەخنەگرتن و وروژاندنی هەست و نەستەکان بە ئاراستەی ڕازیکردنی ناڕازییەکان نییە.

ئەرکی بەخشینەوەی گەشبینی و ئومێد و شەحنکردنەوەی هیمەت و غیرەتە؛ نەک بەخشینەوەی ڕەشبینی و نائومێدی و ماندوکردن، بەناوی شیکاری زانستی و بابەتی.

مەقامی سەرکردە مەقامی سەرقافڵەیی و سەرکردەیی و (ڕاحلە)یی و خستنەڕووی جوانییەکانی کۆششی ڕەنجی برا و خوشکە ماندونەناسەکانە؛ نەک دەستبژێری هەڵە و پەڵە و کەموکوڕییەکان (کە بێ گومان لە هەر کارێکدا ئەبێ).

کولاندنەوەی برین و هەڵتەکاندنەوەی بەرگی دوراو و لەبەرکراو، هەڵەیەکی سەرکردانەیە.

ئەوە کاری ئەوانەیە کە لە بەرپرسیارێتی ڕائەکەن و، خەتاکان ئەخەنە کۆڵی برا و خوشکەکانیان.

یان ڕەفتاری ڕۆژنامەنووسێکە، کە پشتی بە کارێکەوە نەئیشاوە، تەنیا مەبەستی زانیاری گواستنەوەیە، شیکاری و لێکدانەوە لەپێش وەرگرتنی بڕیاردان بەجێیە و تەواوە، بەڵام پاش ئەوە کاری سەرکردە تەنیا ڕاپەڕاندن و ئەنجامدان و بەرگریلێکردنی بڕیارە.

ئەمەش بە مانای داخستنی دەرگای ڕەخنە و بەخۆداچوونەوە و چارەسەر نییە، یا بە واتای ئەوە نییە کە ئێمە خۆمان و کارمان بە مەعصوم بزانین، بەڵکو مەبەست ئەوەیە لەم وێستگەیەدا ئەرک دڵگەرمکردن و بەرگریکردن و ئومێدبەخشین و هاندان و دڵدانەوەیە، لەکاتی خۆشیدا و لە وێستگەیەکی ئاساییدا و لەناو نوخبە و شارەزا و پەیوەندیداردا، پرۆسەی بەخۆداچوونەوە و چارەسەر (مراجعات و معالجات) ئەنجامئەدرێ.

سەرکردە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی بڕیاری دروست و پارێزگاری لێی و ئیدارەی هەڵمەتی پشتگیری و هاندان و تەسویق بۆی.

سەرکردە بەرپرسە لە گشت ئاستەکاندا، بەرپرسانە مامەڵە ئەکا لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان، سەرکردەی سەرکەوتوو دەبێ پێشەنگبێ لە ئەنجامدانی ئەرک و هەڵگرتنی خەمەکاندا.

صلاح الدین محمد بهاءالدین
نوسینەوەی: خالید عەلی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close