جیهانی ئیسلامی

ژنێک بەهۆی برسێتییەوە ئاگری لە خۆی و سێ منداڵی بەردا

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، ژنێکی ئاوارەی سووری لە کامپی ڕوکبان لەسەر سنووری سوریا – ئوردن، بەهۆی برسێتییەوە ئاگری لە خۆی و سێ منداڵەکەی بەرداوە.

میدیاکان باسیان لەوە کردووە، ئەو ژنە لەکاتێکدا بینیویەتی منداڵەکانی خەریکە لەبرسا دەمرن هەستاوە بەو کارە و لە ئێستاشدا ژیانی ژنەکە بەهۆی سوتاوییەوە لە مەترسیدایە.

بەگوێرەی میدیاکان، ئاوارەکانی تری کامپەکە ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە و ژنەکە و منداڵەکانیان ڕزگارکردووە و بردوونیان بۆ نەخۆشخانە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ژنەکە و منداڵێکی بە سەختی برینداربوون، بەڵام دوو منداڵیانی برینەکانیان سادە بووە و چارەسەریان وەرگرتووە.

میدیاکان باسیان لەوە کردووە، ژنەکە براوەتە ئوردن بۆ وەرگرتنی چارەسەری.

برایەکی ئەو ژنەش کە لە ئیدلیبە ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، خوشکەکەی و خوشکەزاکانی ماوەی دوو هەفتە بووە هیچ شتێکیان نەبووە بیخۆن.

مێردی ئەو ژنەش لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا باسی لەوە کردووە، ژنەکەی بەهۆی هەژاری و برسێتییەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەی ٦٠ هەزار ئاوارە لە دۆخێکی زۆر خراپدا لە کامپی ڕوکبان لەسەر سنوری سوریا – ئوردن دەژین و ئوردن ڕێگەنادات کە بچنە ئەو وڵاتە. لە ماوەی ڕابردووشدا لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین دژی ڕێگریکردن لە هاتنی ئەو ئاوارە سورییانە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ساڵی ڕابردووش بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکییەوە لە کامپەکەدا لانیکەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش ڕایگەیاند، شەش کەس بەهۆی برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی پێداویستی پزیشکی گیانیان لەدەستداوە.

تۆڕەکە ڕژێمی ئەسەدی تۆمەتبارکردووە لە ڕێگریکردن لە چوونی هاوکاریی مرۆیی بۆ کامپەکە و حکومەتی ئوردنیشی بە ڕێگریکردن لە چوونی ئەو ئاوارانە بۆ ئوردن تۆمەتبارکردووە، بەو شێوەیەش بەگشتی کامپەکە لەژێر گەمارۆدایە لەلایەن حکومەتی سوریا لەلایەک و ئوردن لەلایەکی ترەوە، ڕێگەش بە هاووڵاتییانی ئوردن نادرێت هاوکاریی مرۆییان پێبگەیەنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close