دونیاكــوردستان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پەکەکە و یەپەگە منداڵ دەڕفێنن و لە شەڕدا بەکاریاندەهێنن

لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باس لەوە کراوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (ناسراو بە پەکەکە) منداڵانی کورد دەڕفێنن و لە شەڕدا بەکاریاندەهێنن.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باس لەوەش کراوە، پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و دوای ڕفاندنی منداڵەکان، بەزۆر ناچار بە بەشداریکردنیان دەکات کە بچنە ڕیزەکانیانەوە و بەزۆر دەیانکەن بە چەکدار.

هاوکات لە ڕاپۆرتێکی تری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باس لەوە کراوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل، ناسراو بە یەپەگە (کە سەر بە پەکەکەن و لە سووریا چالاکییان هەیە)، منداڵان، لە کوڕ و کچ، بەکرێ دەگرن، کە تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵەوەیە و بەزۆر دەیانبەنە ڕیزەکانیانەوە و لە شەڕدا بەکاریاندەهێنن.

لە ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، پەکەکە خراوەتە ڕیزی داعش و تیایاندا باس لەوە کراوە، پەکەکە منداڵان دەڕفێنێت و بەزۆر دەیانباتە ڕیزەکانیەوە و وەکو قەڵغانی مرۆییش لە شەڕەکاندا بەکاریاندەهێنن. لە ڕاپۆرتەکاندا باس لەوەش کراوە کە هەندێک لەو منداڵانە تەمەنیان هەشت ساڵ بووە و هەندێکیشیان لەڕووی عەقڵییەوە ناتەواو و ناتەندروست بوون.

ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لەژێر ناوی (ڕاپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە) بڵاوکراونەتەوە.

بەگوێرەی دواین زانیارییەکانیش کە لەلایەن میدیا ئەمریکییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، هێشتا پەکەکە و لقەکانی منداڵان بەزۆر دەبەنە ڕیزەکانیانەوە.

میدیاکان باس لەوە دەکەن، پەکەکە منداڵانی لە هێرشەکانیاندا بەکارهێناوە. باس لەوەش کراوە، پەکەکە منداڵان لە خانەوادەکانیان جیادەکەنەوە بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕدا لە باکوری سوریا و عێراق.

هاوکات ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش هۆشدارییان داوە لە ڕەفتاری نامرۆیی پەکەکە و هێزەکانی تری سەر بە پەکەکە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچ کە لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ بڵاویکردووەتەوە، یەپەگە منداڵانی لە عەفرین، عەین عەرەب (کۆبانێ) و جزیرە (لە سووریا) بەکارهێناوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی ٢٠١٣ باسی لەوە کردووە، یەپەگە منداڵانی ١٢ ساڵی (لە کوڕ و کچ) لە عەفرین و حەسەکە بەکرێگرتووە و لە شەڕدا بەکاریهێناون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچیش کە لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٥ بڵاویکردووەتەوە باسی لەوە کردووە، یەپەگە و پەیەدە پابەندی ئەو یاسایە نەبوون کە دژ بە بەکارهێنانی منداڵانە لە شەڕدا.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکانیش، یەپەگە و یەپەژە منداڵانیان بەزۆر ناچار بە چوونە ڕیزەکانیان کردووە و، هەندێک لەو منداڵانەش لە تەمووزی ٢٠١٥دا کوژراون. میدیاکان باسیان لەوەش کردووە، یەپەگە دانی بەوەدا ناوە کە منداڵانیان بەکرێگرتووە، بەڵام ڕایانگەیاندووە کە منداڵانیان لە بواری سەربازیدا بەکارنەهێناوە.

بەگویرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش، بەکرێگرتن و بەکارهێنانی منداڵان وەکو تاوانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

لێرەوە دەگەین بەوەی، زۆرینەی ئەو منداڵانەی لەکاتی هێرشەکانی سەر پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە و هەسەدە و هێزەکانی تری سەر بەو هێزانەدا دەکوژرێن، منداڵانێکن کە بەکرێگیراون و بەزۆر ناچار بە شەڕکردن کراون و بەزۆر چەک دراوەتە دەستیان، لەلایەکی تریشەوە میدیاکانی سەر بە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە و هەسەدە دواتر هەندێک وێنە و ڤیدیۆی ئەو منداڵانە بەکاردەهێنن بۆ سەرلێشێواندنی بینەر و خوێنەر و چیرۆکی جۆراوجۆر دەدەنە پاڵیان. گومان لەوەشدا نییە کە جەنگ تیایدا بێتاوانیشی تیادا دەکوژرێت، بەتایبەتی کاتێک بێتاوانەکان بەزۆر ڕاپێچی ناو جەنگەکان و ململانێکان دەکرێن، وەک ئەوەی پەکەکە و لقەکانی دەیکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close