جیهانی ئیسلامی

ناوەندێکی مافی مرۆڤ: هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە عێراق ڕفێنراون

ناوەندێکی مافی مرۆڤی عێراقی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە دەستوەردان بکات بۆ ڕزگارکردنی هەزاران هاووڵاتیی عێراقی ڕفێندراو و زیندانیکراو، کە لەلایەن میلیشیاکانی ناو عێراقەوە فڕێندراون.

ناوەندی بەغداد بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، نزیکەی چوار هەزار هاووڵاتی عێراقی لە پارێزگای ئەنبار و، زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتی مەدەنیش لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕفێندراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ناوەندە عێراقییەکە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە لە “زیندانە نهێنییەکانی میلیشیاکانی ناوچەی جەفر صخر لە باکوری پارێزگای بابل” دەستبەسەرن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو شوێنانەی کە ئێستا لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە وەکو زیندان بەکاردەهێنرێن، پێشتر قوتابخانە و خانووی هاووڵاتییان بوون و داگیرکراون و کراون بە ناوەندی دەستبەسەرکردن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەو کەسانەی کە ڕفێندراون بە شێوەیەکی ترسناک ئەشکەنجەدەدرێن و مامەڵەی خراپیان لەلایەن میلیشیاکانەوە لەگەڵدا دەکرێت.

ئەو ڕاگەیەندراوەش لەلایەن ساڵح ئەلعەلوانیی ٨٤ ساڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئازادکراوە، ئەوەش دوای نزیکەی چوار ساڵ زیندانیکردنی لە زیندانەکانی ئەو میلیشیایانەدا (کە ناوی گروپە میلیشیاکە ئاشکرانەکراوە).

بەگوێرەی زانیاریی میدیاکان، ئەلعەلوانی لەکاتێکدا لە بەربەستێکی ئەمنییەوە لە ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای کەربەلا تێپەڕێوە، دەستگیرکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close