جیهانی ئیسلامی

نەتانیاهو داوا لە ئەمریکا دەکات بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا وەک خاکی ئیسرائیل بناسێنێت

بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچکاتێک پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هێندەی سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ باش نەبووە.

لەکاتێکدا ئەمریکا دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانیی لە سوریا بڵاوکردەوە، نەتەنیاهو دوای ئەو کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆڵتن ڕایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمریکا بەرزاییەکانی جۆلان (کە خاکی سوریایە و لەلایەن ئیسرائیلەوە بەشێکی داگیرکراوە) وەکو خاکی ئیسرائیل بناسێنێت.

نەتەنیاهو وتووشیەتی، “بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ئاسایشی ئێمە زۆر گرنگە.” نەتەنیاهو لەگەڵ بۆڵتندا باسی لە گرنگیی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە و پێیوتووە، “ئێوە لە داهاتوودا بە تەواوی لێمانتێدەگەن کە بۆچی ئێمە هەرگیز بەرزاییەکانی جۆلان جێناهێڵین، لەوەش تێدەگەن کە بۆچی ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان وەکو خاکی ئیسرائیل لەلایەن هەموو وڵاتانەوە گرنگە.”

نەتەنیاهو باسی لەوەش کردووە، ئەو پرسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش تاوتوێ کردووە.

هاوکات بۆڵتن دوای کۆبوونەوەکەی باسی لەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا ئەوکاتە دەکشێنەوە لە سووریا کە داعش کۆتایی دێت و هاوپەیمان و دۆستەکانیان دڵنیادەبنەوە.

بۆڵتن وتووشیەتی، “سەرۆک ترەمپ بەردەوام دەڵێت کە پاڵپشتی مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل دەکات، ئەو زۆر بە ڕوونی و بە شانازییەوە ئەوە دەڵێت. منیش بە هەر گەلێکی ئەم هەرێمە – یان دەرەوەی ئەم هەرێمە – دەڵێم کە ئەگەر گومانتان لە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هەیە، ئەوە باشترە جارێکیتر بیربکەنەوە.”

نەتەنیاهوش وتوویەتی، “لە مێژووماندا تا ئێستا باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەبووە و، لای خۆمانەوە پابەندبوونی خۆمان و بەردەوامی خۆمان ڕادەگەیەنین.”

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ترەمپیشی کردووە لەوەی کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی ٥+١ چوونەتە دەرەوە و قودسیشیان بە پایتەختی ئیسرائیل ناساندووە و لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش “پاڵپشتییان لێکردووین.”

نەتەنیاهو وتووشیەتی، ئەمریکا بە زار و بە کردار پاڵپشتیی ئیسرائیلی کردووە، هاوکات بە ئەمریکایشی بە دۆست و هاوپەیمانی مەزنی ئیسرائیل ناوبردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close