جیهانی ئیسلامیدونیا

چین.. منداڵێکی دوو ساڵی گەلی موسڵمانی ئویغور لە سەرما ڕەقبووەوە

کوڕە منداڵێکی موسڵمانی تەمەن دوو ساڵان لە چین، کە لە گەلی موسڵمانی ئویغورە، ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ هەواڵی لە سەرما ڕەقبوونەوەی بڵاوبووەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکانیش ئەو منداڵە ناوی ڕەحمەتوڵڵا شیرباکییە و لە ناوچەی هۆتان لە تورکستانی ڕۆژهەڵات (شینجیانگ) ژیاوە.

خێزانی ئەو منداڵە، دانیشتووی گوندی چۆکان جیلغان، کە سەر بە شارۆچکەی هۆتان بوون، دایک و باوکی منداڵەکەش لەلایەن چینەوە لە زینداندان، زیندانگەلێک کە ناونراون کامپەکانی پەروەردەکردنەوە، کە لەم کامپانەدا زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان زیندانی کراون، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن نزیکەی دوو ملیۆن موسڵمان تیایاندا زیندانی کراون و ناچار بە وازهێنان لە ئیسلام و خواردنی گۆشتی بەراز و خواردنەوەی عەرەق و، چەندین کردەوە و ڕەفتاری تری نائیسلامی دەکرێن، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی چین دەزانن ئەو خواردن و خواردنەوانە لە دینی ئیسلامدا حەرام و قەدەغەکراون، بەڵام بەزۆر موسڵمانان ناچار بە خواردن و خواردنەوەیان دەکەن.

ئەو خانەوادەیە، منداڵەکەیان لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر یەک بە کاتی پەکین بێسەروشوێن بوو، لە ٢٥ی هەمان مانگی ٢٠١٨ش بە مردوویی دۆزرایەوە، کە لە سەرما ڕەقبووبووەوە؛ لەکاتێکێشدا دایک و باوکی لە زینداندا بوون، ناچاربووە کە خۆی هەستێت بە پەیداکردنی خواردن بۆ تێرکردنی سکی.

پێشتر کەیسی ئایلان کوردی (ئالان کوردی) لەلایەن میدیاکانەوە ئێجگار گرنگیی پێدرا، کە جێگای خۆیشی بوو گرنگیی پێ بدرێت، بەڵام بێدەنگیی میدیاکان لەئاست کەیسە هاوشێوەکانی ئایلان بۆسەر گەلی موسڵمان لە چین و یەمەن و سوریا و گەلی ڕۆهینگیا، جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە؟!

ئایلان کوردی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥ لە کەناراوێکی بۆردروم دۆزرایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن وێنەگرێکی تورکەوە وێنەی گیرابوو، وێنەگرەکە بڕیاریدا کە وێنەکە پیشانی جیهان بدات و چیرۆکەکە بگێڕێتەوە. دواتریش لە میدیاکانی جیهاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، بەڵام ڕەحمەتوڵڵا بە تەنیا ڕەقبووەوە، لەکاتێکدا دایک و باوکی لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە خرابوونە کونجی زیندان. ڕەحمەتوڵڵا کەس نەبوو چیرۆکەکەی بە جیهان بناسێنێت. پێناچێت مەرگی ڕەحمەتوڵڵاکان و ئەمەلەکانی یەمەن و سووری و ڕۆهینگییەکان هێندەی مەرگی ئاژەڵەکان بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوا و میدیا عەلمانییەکان گرنگیی هەبێت و، بایەخیان پێبدرێت و بناسێنرێن.

چی ڕوویداوە؟ منداڵێکی موسڵمانی دوو ساڵان لە سەرما و لە دووری دایک و باوکی ڕەقبووەتەوە، واش دەردەکەوێت کە مرۆڤایەتییش لەکاتی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەدا لە سەرما ڕەقبووبێتەوە.

پرسیاری حەقیقی ئەوەیە کە هۆکاری پشت ڕوودانی ئەم کارەساتە چی بوو؟ بۆچی ئەم کارەساتە ڕوویدا؟ وەڵامەکەشی تا ڕادەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی کۆمیۆنیستی چین (حکومەتی شیوعی چین) لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧وە دەستی بە دەستگیرکردنی ملیۆنان موسڵمانی بێتاوانی گەلی ئویغور کردووە و توندیکردوون لە زیندانەکان (کە ناوی زیندانەکانی ناوە کامپەکانی پەروەردەکردنەوەی سیاسی).

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و بەگوێرەی هەندێک ڕاپۆرتی تر نزیکەی دوو ملیۆن و هەندێک ڕاپۆرتی تریش زیاتر لە سێ ملیۆن موسڵمانی ئویغور لەلایەن چینەوە زیندانیکراون، منداڵەکانیشیان یان وەکو ڕەحمەتوڵڵا بێسەروشوێن و بێلانە بوون، یان براونەتە یەتیمخانەکانی چین و لەوێش حکومەتی چین بە شێوەی نائیسلامیانە پەروەردەیان دەکات و دووریاندەخاتەوە لە دینی ئیسلام و بەو شێوەیە پەروەردەیان دەکات کە حزبی شیوعی چین دەیخوازێت.

بەگوێرەی داتا و زانیارییەکان بەهۆی ئەو دەستگیرکردنەی موسڵمانانی ئویغورەوە بەو شێوە بەربڵاوە، زیاتر لە نیو ملیۆن (٥٠٠ هەزار) منداڵی موسڵمان بێ دایک و باوک کەوتوون. ستایلی کامپەکان، وەک لە ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان دەردەکەوێت، هاوشێوەی ستایلی کامپی نازییەکانی ئەڵمانیایە کە بۆ جولەکەکانیان دروستکردبوو.

بەداخەوە تا ئێستا جیهانی ئیسلامی نوستووە و حکومەتی هیچ وڵاتێک نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کردەیی ڕێگربێت لەو هەڵمەتەی کە چینی شیوعی دەستیپێکردووە و بەردەوامە لە پاکتاوکردنی نەژادیی.

جولەکەکان دوای ئەوەی زیاتر لە شەش ملیۆنیان لەلایەن حکومەتە عەلمانییەکانی دونیاوە لێ کوژرا، ئینجا جیهان وەخەبەرهات لەبارەیانەوە و هاتنە دەنگ، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا دەبێت چەند موسڵمانی تر بکوژرێن تا جیهان وەخەبەربێت؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close