جیهانی ئیسلامی

عەبدولڕەحمان: هەندێک کەس پێم پێدەکەنین و هەندێکیش پێیاندەوتم سەرکەوتوو نابم

سەرەڕای ئاستەنگییەکان، کەمئەندامە فەڵەستینییەکانی غەززە ویستێکی بەهێز نیشاندەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئەندامییەکانیان و بەدەستهێنانی خەونەکانیان. عەبدولڕەحمان ئەبوڕاوا یەکێکە لەو کەمئەندامە فەڵەستینییانەی غەززە کە دەڵێت، بە ویستی بەهێز و ڕەفتاری ئەرێنیم بۆ سەرکەوتن بۆ ئەو کەسانەی دەسەلمێنم کە پێمپێدەکەنن و پێمدەڵێن سەرکەوتوو نابم.

عەبدولڕەحمان خاوەنی یەک قاچ و یەک دەستە، زۆر بە ئاسانیش لە شەقامەکانی غەززەدا پاسکیل لێدەخوڕێت. عەبدولڕەحمان دەڵێت، فێربوونی چۆنێتی لێخوڕینی پاسکیل لە گەورەترین دەستکەوتەکانمە، لەوانەیە وا دیارنەبێت، بەڵام لەڕاستیدا بۆ من ئەوە گەورەترین دەستکەوتە.

دەشڵێت، هەمووان پێمدەڵێن ئەوە ترسناکە، هەندێک ڕەخنەیان لێدەگرتم لەکاتێکدا هەوڵی فێربوونم دەدا و تەنانەت یەکەمجار پێم پێدەکەنین، بەڵام ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدییانە بوومەوە، بۆ خۆم و بۆ خەڵکیشم سەلماند کە لەڕاستیدا کەمئەندامبوونی جەستەم منیان کەمئەندام نەکردووە.

ئەوە ٢٣ ساڵە عەبدولڕەحمان بەو شێوەیە ژیان دەکات و بۆ ئەو ژیان هەمیشە بریتییە لە هەوڵدان، ئاخر لەدایکبوون بەبێ دەستێک و دواتریش لەدەستدانی قاچێکی دوای دوو نەشتەرگەریی و کەمئەندامبوونی جەستەیی نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵدانەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی.

سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام کەمئەندامە فەڵەستینییەکانی غەززە خواست و ویستی بەهێزیانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئەندامێتییەکانیان و بەدەستهێنانی خەونەکانیان نیشاندا.

غەززە کە لەژێر گەمارۆیەکی توندی ئیسرائیل و میسردایە، نزیکەی دوو ملیۆن کەسی تیادا دەژی و دۆخی ژیانیان بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیل و میسرەوە خراپە. بۆ کەسانی بە جەستە ساغ دۆخی ژیان قورسە و بۆ کەمئەندامەکان قورستر و تەحەدییاتی زیاترە.

عەبدولڕەحمان یەکەمجار سەرەڕای زۆریی تێچوونەکەی، بە دوو هەزار دۆلار (٢٠ وەرەقە) دەست و قاچێکی دەستکردی بۆ دروستکراوە، بەڵام نەیتوانیوە پێیانەوە بڕوات و تەعامول بکات چونکە بووەتەهۆی ئازاردانی پێست و جەستەی. دواتریش ویستوویەتی بە عەرەبانە ژیان بکات، بەڵام لەوەشدا سەرکەوتوو نەبووە و کەوتووە بە زەویدا.

عەبدولڕەحمان خۆی دەیگێڕێتەوە، “دواتر براکەم (تاریق)م بینی کە پاسکیل لێدەخوڕێت و منیش پێموت کە ڕێگەمبدات لێیخوڕم، ئەوەیش هەوڵێکی باشبوو، هەرچەندە کەوتم بە زەویدا. باوکم سەرسام بوو بەوەی کە سەرەنجام توانیم لەسەر پاسکیل باڵانسی خۆم ڕاگرم و منیش داوام لێکرد کە پاسکیلێکم بۆ بکڕێت، ئەویش بۆی کڕیم. هەنگاو بە هەنگاو و وردە وردە بە باشی فێربووم. لە هەنگاوی دواتریشدا توانیم بۆ چوونە قوتابخانە پشت بە پاسکیلەکەم ببەستم، هەرچەندە قوتابخانەکەم دوو کیلۆمەترێک لە ماڵمانەوە دووربوو.”

عەبدولڕەحمان دەڵێت، “کاتێک پاسکیلەکەم کێشەی بۆ دروستدەبێت و شتێکی دەشکێت، خۆم چاکیدەکەمەوە. هەندێک لە خەڵکی ساغ ناتوانن ئەوە بکەن! منیش یەکڕاست پێیاندەڵێم ئەی بۆچی ئێوە هەوڵنادەن فێربن؟! لەوانەیە فێربن و لەوانەشە فێرنەبن، بەڵام لانیکەم هەوڵدەدەن بۆ فێربوون. ئەگەر خواستی هەوڵدان و گەیشتن بە ئامانجت هەبێت، ئەوە سەرکەوتوو دەبیت بە هەر ڕێگەیەک بێت. هەمووان دەبێت خواستی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیانیان هەبێت، ژیان هەمووی هەوڵدانە.”

عەبدولڕەحمان لە ماڵەوە مریشک بەخێودەکات بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و حەزدەکات سەرەنجامیش لە دروستکردنی خانوویەک بۆ خێزانەکەی بەشداریی بکات، چونکە ماڵەکەیان بەر لافاو کەوتووە. لە ئێستاشدا دەیەوێت پرۆژەکەی بۆ بەخێوکردنی مریشک گەورەبکات و بەدوای پاڵپشتێکی داراییدا دەگەڕێت بەڵام هێشتا دەستینەکەوتووە و دەڵێت، “بەردەوام دەبم لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەم.”

دواجار عەبدولڕەحمان وتی، “هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەس و شتێک مەدە لە ڕێگەتدا بن، ئەگەر وا بیرتکردەوە کە خۆت ناتوانیت بە قادرمەدا سەرکەویت، ئەوە تەنیا پرسیار لە خۆت بکە و بپرسە، ئەرێ من هەر هەوڵێکم دا بۆ سەرکەوتن بە قادرمەدا؟ هەمیشە دەتوانیت ڕێگایەک بدۆزیتەوە، بۆیە ڕێگەچارەی تایبەتی خۆت دروستکە. هەمووان دەبێت هیوا و بوێرییان هەبێت بۆ بازدان بەسەر تەحەدییەکانی ژیاندا، بۆئەوەی لانیکەم هەوڵبدەن.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close