جیهانی ئیسلامی

مەهاتیر موحەمەد جارێکیتر لوتی ئیسرائیل دەشکێنێت و دەڵێت: منەتتان نەبێت و پاڵەوانێتییەکەمان لێسەننەوە

حکومەتی مالیزیا سووربوونی خۆی ڕاگەیاند لەسەر هەڵوێستەکەی، بەوەی کە ڕێگەنادات وەرزشکارانی ئیسرائیلی لە (پاڵەوانێتی مەلەوانیی جیهانیی پارا ٢٠١٩) لە شاری کوچینگ (ی مالیزیا) بەشداریی بکەن، کە بڕیارە لە ٢٩ی تەموزی ٢٠١٩ بۆ ٤ی ئابی ٢٠١٩ بەڕێوەبچێت.

مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، “ئەگەر ئیسرائیلییەکان هێشتاش دەیانەوێت بەشداریی لەو پاڵەوانێتییەدا بکەن، ئەوە هەڵە دەکەن.” موحەمەد ڕایشیگەیاند، “ئێمە ڕێگەیان پێنادەین (بە ئیسرائیلییەکان).. ئەگەر بێن بۆ پاڵەوانێتییەکە ئەوە تاوانیان ئەنجامداوە و یاسایان شکاندووە.”

موحەمەد وتیشی، “ئەگەر دەیانەوێت (بەوهۆیەوە) مافی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە لە مالیزیا بسەننەوە، ئەوە دەتوانن هەوڵبدەن ئەو کارە بکەن و مافەکەمان لێسەننەوە.” قسەکانی موحەمەد لەمیانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بووە دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کابینەکەی لەسەر دژایەتیکردنی گەندەڵی.

بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییەشدا بۆ وەرزشوانان مەرجێکی گرنگە بۆئەوەی بتوانن بەشداریی لە یارییەکانی پارالیمپیکی ٢٠٢٠ی تۆکیۆ بکەن، بەڵام مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا زۆر بەبێ منەتانە دەڵێت، “دەتوانن مافی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەمان لێ بسەننەوە.”

لەلایەکی ترەوە ئەنجومەنی پارالیمپیکی مالیزیا وەکو ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکە ڕایگەیاند، دوای قەدەغەکردنی وەرزشوانانی ئیسرائیلی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە.

ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ستیڤن سیم چی کیۆنگ جێگری وەزیری وەرزش و لاوانی مالیزیا ڕایگەیاند، مالیزیا ڕێگەنادات بە وەرزشوانانی ئیسرائیل کە بێنە وڵاتەکەوە (بێنە مالیزیاوە) و بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن. ڕایشیگەیاند، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە مالیزیا سیاسەتێکی دەرەکیی زۆر ڕوونی هەیە لەبارەی ئیسرائیلەوە.

جێگری وەزیری وەرزش و لاوانی مالیزیا وتووشیەتی، “حکومەت پابەندی هەڵوێستەکەی دەبێت لەسەر ئەو پرسە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر زوڵم و ستەمی بەردەوامی سەر گەلی فەڵەستین.”

هاوکات هاوپەیمانێتییەکیش کە لە ٢٩ ڕێکخراوی ناحکومی پێکهاتووە پاڵپشتیی خۆیان بۆ حکومەتی مالیزیا دەربڕیوە بۆ بڕیاری ڕێگەنەدان بە وەرزشکارانی ئیسرائیلی لە هاتنە مالیزیا بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی مەلەوانیی جیهانیی پارا ٢٠١٩.

هاوپەیمانێتییەکە ڕایانگەیاندووە، ئەو سیاسەتەی مالیزیا بەشێکە لە ڕێگەگرتن لە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئیسرائیل لە هاتنە ناو مالیزیا و سیاسەتەکەش بەبێ ئەملاولا دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە.

ڕایشیانگەیاندووە، “حکومەتی مالیزیا بە ڕێگریکردنی لە ئیسرائیلییەکان کارە ڕاستەکە دەکات.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close