جیهانی ئیسلامی

عومەر بەشیر بۆ گەنجان: بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بکەن

عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی سودان ڕایگەیاند، سودان هەرەس ناهێنێت و “ئێمە ئامادەین واز لە دەسەڵات بێنین بۆ گەنجان.”

بەشیر داوای لە گەنجانی سودان کرد کە یەکگرتووبن و خۆیان ڕێکخەنەوە. ئەم وتانەی سەرۆکی سودانیش لە گردبوونەوەیەکی گەورەدا بوو لە ناوچەی سەوز لە خەرتومی پایتەخت.

بەشیر وتوویەتی، “دەمەوێت پەیامێک بدەم بە گەنجان، یەکبگرن و خۆتان ئامادەکەن، ئێمە ئامادەین دەسەڵات بدەینە دەست ئێوە.” بەڵام دیارنییە کە بەشیر مەبەستی گەنجانی سەر بە حزبەکەی خۆیەتی یان گەنجانی سودان بەبێ جیاوازی.

بەشیر جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوانەی کە دەیانەوێت دەسەڵات بگرنەدەست دەبێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بیگرنەدەست و چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بکەن.

بەشیر وتووشیەتی، “بۆ ئەوانەی کە دژایەتی سودان دەکەن و دەیانەوێت بە چەند دۆلارێک و بە کەمێک گەنم و دانانی چەند مەرجێکی سادە بۆ چارەسەری کێشەکانمان ئێمە بکەن بە کۆیلە، پێیان دەڵێین کە شەرەف و شکۆی سودان زۆر لە دۆلارەکانی ئێوە بە بەهاتر و بەبایەخترە.” بەشیر لەوبارەیەوە زیاتر ڕوونکردنەوەی نەداوە کە کێ پارە و گەنم و مەرجی بۆ داناون.

سەرۆکی سودان وتووشیەتی، “پەیامێک دەدەم بەو کەسانەی کە پێیانوایە سودان هەرەس دەهێنێت، بەڵکو سودان وەک وڵاتانی تر هەرەس ناهێنێت.” ئاماژەی بەوەش کرد، “موئامەرەیەک دژ بە سودان لەئارادایە، ئێمەش بەرامبەری بە مان و نەمان دەوەستینەوە.”

ئەوەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی مانگێکە لە سودان خۆپیشاندان دژی بەرزبوونەوەی نرخی خواردن و سوتەمەنی و کەلوپەل و کاڵا دەستیپێکردووە، دوای چەند ڕۆژێک لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان داواکاریی خۆپیشاندەران گۆڕا بۆ ئەوەی کە عومەر حەسەن بەشیر واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت. تا ئێستاش دەیان کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون، سەدانی تریش دەستگیرکراون.

عومەر بەشیر باسی لەوەش کردووە، حکومەت گەل و موڵک و ماڵیان دەپارێزێت و سوپاسی سوپای سودان و پۆلیسیشی کرد بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و دوکان و بازاڕەکان.

ئەم وتانەی بەشیر بۆ گەنجان لەکاتێکدایە کە خودی خۆی لەڕێگەی کودەتای سەربازییەوە دەسەڵاتی گرتووەتەدەست و ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵە لە کورسیی دەسەڵاتدایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close