جیهانی ئیسلامیدونیا

زیاتر لە سێ ملیۆن موسڵمانی ئویغور لەلایەن حکومەتی چینەوە دەستگیرکراون

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغور لەلایەن حکومەتی چینەوە خراونەتە کەمپەکانی پەروەردەکردنەوە و، میدیاکانیش ئەو کەمپانەیان بە کەمپی جولەکەکان چوواندووە، کە لە سەدەی ڕابردوودا لەلایەن نازییەکانەوە زیندانی و کۆمەڵکوژ کران.

بەپێی زانیارییەکانی ڕادیۆی ئازادی ئاسیا، کە لەلایەن حکومەتى ئەمریکاوە پاڵپشتى دەکرێت، زیاتر لە سێ ملیۆن موسڵمانی ئۆیغور لە هەرێمی شینجیانگ بەبێ هیچ تۆمەتێک دەستگیرکراون و خراونەتە نێو کەمپەکانەوە و ناچار بە وتنەوەی دروشمەکانی حزبی کۆمیۆنیستی چین کراون.

لە ڕاپۆرتێکی کۆنگرێسی جیهانیی ئۆیغۆرەکاندا هاتووە، دەستگیرکراوەکان خواردنیان زۆر خراپە و ئەشکەنجە دەدرێن و ناچار بە خواردنی گۆشتی بەراز و خواردنەوەی ئەلکهول دەکرێن، لە مانگی ڕەمەزانیشدا ڕێگەیان پێنەدرا ڕۆژوو بگرن.

هەروەها کچان و ئافرەتانی موسڵمانی ئۆیغۆر ناچاردەکرێن، لەگەڵ کوڕان و پیاوانی گەلی هان، کە گەلێکی دەسەڵاتداری چینن، هاوسەرگیری بکەن.

بەشێک لە منداڵەکانی ئۆیغۆر دواى دەستگیرکردنى دایک و باوکیان، بێ سەرپەرشت دەبن یان دەبرێنە هەتیوخانەکانی چین و فێری دروشم و سرودەکانی حزبی کۆمیۆنیست دەکرێن.

لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتى چین ڕێگە نادات هاوکارى و فریاگوزاری دەرەکییان پێبگات، داواشى لە وڵاتانى دراوسێى کردووە، ئەو موسڵمانە ئۆیغۆریانەى ڕوویان کردووەتە وڵاتەکانیان، دەستگیریان بکەن و بیانگێڕنەوە بۆ چین.

دوو هەفتە پێشتریش ڕەحمەتوڵڵا شیرباک، کە منداڵێکی دوو ساڵان بوو، دوای چوار ڕۆژ بێسەروشوێن بوون، تەرمەکەی دۆزرایەوە و دەرکەوت لەکاتی گەڕان بەدوای خواردندا لە سەرمادا ڕەقبووەتەوە، باپیر و داپیرەی ڕەحمەتوڵڵاش لە ماوەی دوو مانگدا ٢٠ جار داوای بینینی دایک و باوکی ڕەحمەتوڵڵایان کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی چین ڕەتیانکردووەتەوە.

گۆڤاری ذە ئیکۆنۆمیست لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، گەلی ئۆیغۆر گەورەترین گەلی موسڵمانن لە وڵاتی چین و داوای سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی دەکەن، بەڵام چین ڕێگرییان لێ دەکات، چونکە ناوچەکەیان بە سەرچاوەکانی نەوت و غازی سروشتی دەوڵەمەندە و چین بە ئاسیا و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

گەلی ئۆیغۆر ژمارەیان لە نێوان ١١ بۆ ١٥ ملیۆن کەس دەبێت و سەرجەمیان لە هەرێمی شینجیانگى وڵاتی چین نیشتەجێن و، هەڵمەتی دەستگیرکردنیشیان لە ساڵانى ٢٠٠٠ ەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا هەڵمەتەکە گەیشتە لووتکە.

تا ئێستاش جگە لە وڵاتانی زلهێز، وڵاتانی ئیسلامییش بێدەنگن لە بەرامبەر دەستگیرکردن و کوشتنی موسڵمانانی ئویغور.

ڕەحمەتوڵڵای دوو ساڵان لە سەرما ڕەقبووەوە!حکومەتی چینی کۆمیۆنیست (شیوعی) زیاتر لە سێ ملیۆن موسڵمانی دەستگیرکردووە!لەم ڕاپۆرتە زیاتر دەبیستیت و دەزانیت!بڵاویبکەنەوە..

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Friday, January 11, 2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close