جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سەدەدا دەوڵەتێک و ملیاران دۆلاری لە وڵاتانی عەرەبی دەوێت

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاشتیدا، کە بە ڕێککەوتنی سەدەش ناسراوە، ئەمریکا داوای ٢٥٠ ملیار دۆلار قەرەبوو لە وڵاتانی عەرەبی بۆ جولەکەکان دەکات، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو موڵک و سامانەی جولەکەکان کە لەکاتی دروستبوونی ئیسرائیلدا جێیانهێشت و ڕوویان لە ئیسرائیل کرد.

ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی سەدە نزیکبووەتەوە (کە بڕیارە لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا ڕابگەیەندرێت) و، ئەمریکا سەرەڕای دەوڵەت بۆ ئیسرائیل ٢٥٠ ملیار قەرەبوویش لە وڵاتانی عەرەبی دەسێنێت، پێشتریش ئیسرائیل داوای هەمان بڕە قەرەبوو لە حەوت وڵاتی عەرەبی و ئێران کردبوو، ئێستاش بەگوێرەی سەرچاوەکان ئەو داواکارییە یەکێکە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنی سەدە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ١٨ مانگی، گەیشتوون بەوەی کە داوای ٢٥٠ ملیار دۆلار قەرەبوو لە حەوت وڵاتی عەرەبی و ئێران بکەن، ئەو پارەیەش هی ئەو موڵک و ماڵەیە کە لە جولەکەکان جێماوە لەکاتی هەڵهاتن و بەزۆر دەرکردنیان لەو وڵاتانە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئیسرائیل داوای ٣٥ ملیار دۆلاری لە تونس و ١٥ ملیار دۆلاری لە لیبیا کردووە. ئەمەش لە بەرامبەر ئەو موڵک و ماڵەدایە کە دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە جولەکەکانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە و ئێران جێماون.

جیلا غەملیل وەزیری یەکسانیی سۆشیاڵی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، “کاتی ڕاستکردنەوەی پرۆگرامەکانی ناعەدالەتییەکانی مێژوو دژ بە جولەکەکان هاتووە لە حەوت وڵاتی عەرەبی و ئێران، ئەویش بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی سەدان هەزار جولەکە، کە موڵک و سامانەکانیان لەدەستداوە.”

بەگوێرەی کەناڵی هەواڵیی هاداشۆت-ی ئیسرائیلی، ئەو حەوت وڵاتە عەرەبییەی کە ئیسرائیل، لەگەڵ ئێراندا، داوای ٢٥٠ ملیار دۆلار قەرەبوویان لێدەکات بریتین لە هەریەکە لە، “مەغریب، عێراق، سوریا، میسر، یەمەن، لیبیا و تونس.”

لەلایەکی ترەوە، گروپێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای جولەکە بە ناوی “دادگەری بۆ جولەکەکان لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە” ڕایگەیاندووە، “٨٥٦ هەزار جولەکە لە ١٠ وڵاتی عەرەبییەوە، کە دوو وڵاتەکەی تر بریتین لە جەزائیر و لوبنان (لەگەڵ ئێراندا)، لە ساڵی ١٩٤٨دا و دوای توندوتیژییەکانی عەرەب سەروەت و سامانەکانیان جێهێشتووە و چەندینیان لێ کوژراوە و بریندارکراوە.”

ئەمانەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی سەدەدان، کە بڕیارە لە ماوەیەکی داهاتوودا و لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە ڕابگەیەنرێت، کە ناونراوە (ڕێککەوتنی ئاشتیی ئیسرائیل-فەڵەستین). بەڵام بەگوێرەی یاسایەک کە ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٠دا دەریکردووە، هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی پێویستە تیایدا قەرەبووی موڵک و ماڵی کۆمەڵگاکانی جولەکە و تاکەکانی جولەکە بکرێتەوە کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئێرانەوە بەزۆر دەرکراون.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، جگە لە داگیرکردنی خاکی فەڵەستینییەکان و تەنیا لە فەڵەستین، بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار موڵک و ماڵی فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە براوە و بەزۆر و بەبێ ڕەزامەندی فەڵەستینییەکان دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمانە و جگە لە کوژرانی هەزاران فەڵەستینی و بریندارکردنی سەدان هەزار فەڵەستینی و کەمئەندامکردنی سەدان فەڵەستینیی تر بەدەستی ئیسرائیلییەکان.

جگە لە فەڵەستین، وڵاتانی عەرەبی ئێستا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە یاخود بە وەکالەت لەلایەن وەکیلەکانیانەوە (کە سەرکردە عەرەبەکانن) بەڕێوەدەبرێن و ژیانی موسڵمانان لە ئەوپەڕی خراپیدایە، زۆر بە تایبەتی لە هەریەکە لە یەمەن و سوریا و لیبیا. تەنیا لە یەمەن، زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵی موسڵمان لە برسا گیانیان لەدەستداوە ئەمە جگە لە کوژرانی دەیان هەزاری تر و برینداربوونی دەیان هەزاری تر لە شەڕ و جەنگەکاندا، لە سوریاش بەگوێرەی دواین ئامار زیاتر لە ٥٦٠ هەزار کەس کوژراون، جگە لە برینداربوونی سەدان هەزار کەسی تر و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر و خاپووربوونی بەشێکی زۆری سوریا، کە خەمڵێنراوە بونیادنانەوەی سوریا زیاتر لە ٤٥٠ ملیار دۆلاری پێویستە و ترەمپیش لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، سعودییە ئەو کارە دەگرێتە ئەستۆ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close