جیهانی ئیسلامیدونیا

بەرازیلیش باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەرازیل ڕایگەیاند، سەرۆکی بەرازیل دەیەوێت باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل بۆ قودس بگوازێتەوە، بەڵام تێبینی لۆجستیمان لەبەردەمدایە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، جەنەراڵ ئۆگۆستۆ هێلێنۆ ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانیی جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاندووە، سێکتەری بەهێزی وڵاتەکە، کە سێکتەری کشتوکاڵە دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەرازیلە لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس و گەلانی عەرەب توڕەدەکات و دەبێتەهۆی ئەوەی کە گۆشتی حەڵاڵی بەرازیلی نەکڕن، کە بەهاکەی ملیاران دۆلارە.

لەلایەکی ترەوە، بۆلسۆنارۆ چاوی بە ڕۆبێرتۆ ئازیڤێدۆ سەرۆکی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی کەوت کە ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان دەستی بە پرۆسەی چاکسازی کردووە.

بۆلسۆنارۆ بە هەوادارێکی دۆناڵد ترەمپ هەژماردەکرێت و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە. لە ماوەی ڕابردووشدا بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی دەستبەکاربوونی بۆلسۆنارۆ لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ چووە بەرازیل و کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و، بۆلسۆنارۆ لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەرازیل بە نەتەنیاهوی وتووە، ئەو پرسە پەیوەندی بە “کاتەوە” هەیە.

هێلێنۆی ڕاوێژکاری باڵای ئەمنی نیشتمانی بۆلسۆنارۆش وتوویەتی، “خواستێکی ڕوون و ئاشکرا هەیە کە ئەم بابەتە هەر دێتە پێش، بەڵام هیچ بڕیارێک هێشتا نەدراوە و هێشتاش هیچ ڕۆژێکی بۆ دیارینەکراوە.”

هێلێنۆ وتووشیەتی، پێیوانییە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ گەلانی عەرەب بۆ دروستببێت کە هەڕەشەی بایکۆتکردنی بەرهەمە بەرازیلییەکانیان کردووە لە ئەگەری گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەیان بۆ قودس و، باسی لەوەش کردووە کە لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو نیگەرانییانە.

جگە لە بەرازیل، پێشتر هەریەکە لە ئەمریکا و ئوسترالیا و گواتیمالا باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستووەتەوە و وەکو پایتەختی ئیسرائیل دانیانپێداناوە. پێشتریش پاراگوای باڵیۆزخانەکەیی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستەوە، بەڵام دوای ماوەیەک باڵیۆزخانەکەیی بردەوە بۆ تەلئەبیب.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close