كــوردستان

فەرماندەیەکی هەسەدە: دەچینە ناو ڕیزەکانی سوپای سوریاوە

هەر لە سەرەتاوە و لەگەڵ نەرمی نواندن و گەڕانەوە بۆ لای حکومەتی سووریا، یەکپارچە و بەبێ یەک و دوو لایەنگرانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە ئەو سیاسەتەیان ناونا “سیاسەتێکی حەکیمانە.”

لە دواین لێدوانی هەسەدەدا و ڕێدور خەلیل فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، “هیچ بژاردە و بوارێک لەبەردەستدا نەماوە جگە لەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکاتە چارەسەرێک لەگەڵ حکومەتی سوریا، چونکە ناوچەکانیان بەشێکن لە سوریا،” ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانیان دەچنە ڕیزەکانی سوپای سووریاوە.

لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا ئاشکرایکردووە، سەرەتایەکی ئەرێنی هەیە لە گفتوگۆکاندا و ڕوونیکردەوە، “چوونە ناوەوەی سوپای سوریا بۆ سنوری باکور لەگەڵ تورکیا بەدوور نازانرێت، چونکە ئێمە بەشێکین لە جوگرافیای سوریا، بەڵام هێشتا دۆخەکە پێویستی بە ڕێکخستنی دیاریکراو هەیە بۆ چۆنێتی حوکمکردنی ئەو ناوچانە.”

ڕێدور خەلیل ئاشکرایکردووە، “خاڵی ناکۆک هەیە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتی، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکهاتەی سەرەکییەتی، لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق؛ ئەو ناکۆکییانەش پێویستیان بە گفتوگۆ هەیە بە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆئەوەی بە ئاسانی بگەنە چارەسەرێکی هاوبەش،” بەڵام پێشتر بەشار ئەسەد ڕایگەیاندبوو، ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی کورددان بە زەبری هێز کۆنترۆڵدەکاتەوە ئەگەر گفتوگۆکان شکستیانهێنا، بەمەش دەردەکەوێت کە هەسەدە و یەپەگە تەنیا ملکەچبوونیان بۆ ئەسەد لەبەردەستە، کە سەرەنجامی ئەو ملکەچبوونەش نادیار و ناڕوونە!

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا ئەو سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختیکردەوە، بەدووریشی نازانن بچنە ڕیزەکانی سوپای سوریاوە، ئاماژەشی بەوە کردووە، “ڕەنگە ئەرکی هێزەکانمان بگۆڕێت، بەڵام لە خاکی خۆمان پاشەکشە ناکەین و دەبێت پێگەیەکی دەستوریمان هەبێت، کە ببینە بەشێک لە سوپای نیشتمانی سوریا، یان دۆزینەوەی شێوازێکی تر کە بگونجێت لەگەڵ پێگە و قەوارە و کاریگەریمان.”

ڕێدور خەلیل پێشوازی لە هەوڵەکانی ڕوسیا کرد، کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت وەک دەوڵەتێکی زلهێز و دڵنیاکەر لە بڕیاری سیاسی سوریادا.

ئەو لێدوانە نوێیەی ئەو سەرکردەیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو هێزانە داوایان لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد، لە هێڵی تەماسی نێوان هەسەدە و گروپە چەکدارە هاوکارەکانی تورکیا سوپا جێگری بکات، دوای ئەوەی واشنتۆن بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دا لە سوریا، کە بەزۆری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورددان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

پێشتر و بەپێی هەندێک لەو میدیایانەی کە عەتفی نەتەوەیی خەڵکیان دەقۆستەوە، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا ڕایگەیاندبوو، “ئەم ڕووداوە کار لە سیستمی فیدڕاڵیی ڕۆژئاوای کوردستان ناکات.” ئێستاش دیارنییە بەڕێوەبەرانی ئەو میدیایانە بەنیازی دروستکردنی چ جۆرە سیناریۆیەکی ترن بۆ قۆستنەوەی عەتفی خەڵک و ڕازیکردنی خەڵک؟!

ساڵح ئەوکاتە وتیشی، “ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەست لە سیستمی فیدڕاڵیی کوردستان هەڵناگرین.” وتیشی، “کار لەسەر پرۆژەی دروستکردنی ئاڵایەکی تایبەت دەکەن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان،” بەڵام پێدەچێت ئەو ئاڵا تایبەتەی ساڵح باسیکرد بەشێک بووبێت لە هەڵمەتی گەمژاندنی خەڵک و بۆ دەستکەوتی چەند گروپ و لایەنێک (پەیەدە و یەپەگە و هەسەدە و هتد) بەکاریانهێنابێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو بە (هەسەدە/قەسەدە) لەبارەی یەکەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا (کە مانگی تەموزی ٢٠١٨ ئەنجامیاندا) ڕایانگەیاند، ڕازیبوون بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆئەوەی بەرەو “سوریایەکی دیموکرات و لامەرکەزی” بچن، بەڵام لە تورکیا بە دەستپێشخەریی ئەردۆغان دوو ساڵ گفتوگۆکرا و دواتر پەکەکە هەڵیوەشاندەوە، کەچی بە یەکجار چوونە دیمەشق لە مانگی تەموزی ٢٠١٨ ئەو لایەنە، کە خۆی ناوناوە نوێنەری کورد، بە داواکەی ئەسەد ڕازیبوون و ئێستا و دوای کەمتر لە شەش مانگ لەو یەکەم کۆبوونەوەیە، وا خەریکە چەکدارەکانیان تەسلیمی سوپای سوریا دەکەن!

ڕیاز دەرار پێشتر بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت، سەردانەکەیان یەکەمین سەردانە بۆ دیمەشق و لەسەر داوای حکومەتی بەشار ئەسەد بووە و هیوادارن ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت.

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیش ئەوکات نوسیبووی، هەتا پێش دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا کورد لەژێر زوڵم و زۆرداریدا بوو و، بۆینەبوو بە زمانی خۆی قسەبکات لە قوتابخانە و مزگەوتەکاندا.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە نوسیبووی، ڕژێمی سوریا بە شێوەیەکی بەرفراوان کوردی پشتگوێخستبوو وە سەرنجی لەسەر ئەو ناوچانە بوو کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان. ڕۆژنامەکە ئەوەیشی ئاماژەپێدابوو، “دیمەشق بە گومانەوە لە ئاواتی کورد” بۆ داواکارییەکانیان دەڕوانێت.

میدیا فەرمی و سێبەرەکانی سەر بە پەکەکە و لقەکانی و لایەنگرەکانیشیان کە مێشکیان بە پرسی نەتەوەپەرستیی شۆردراوەتەوە بە ئێستاشەوە تورکیا بە هاوکاریکردنی داعش تۆمەتباردەکەن، لەکاتێکدا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا یەپەگە ڕایگەیاند، سێ هەزار و ٢٠٠ زیندانیی داعش ئازاد دەکەن.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، دوای ئەوەی هەسەدە لە شارۆچکەکانی باغوز و سوسە لە دێرەزوور سەربە پارێزگای دێرزوور کشاوەتەوە، داعش کۆنترۆڵیکردوون، کە ئەوکات داعش بەبێ تەقە ئەو دوو شارۆچکەیەی کۆنترۆڵکرد و هیچ میدیایەکیش بابەتەکەی گەورە نەکرد!

هەر یەپەگە و پەیەدە و هەسەدە بوون کە ئەمریکایان بە دۆست دەزانی و بە دۆست دەزانن، پێشتریش ڕووسیایان بە دۆست دەزانی و ئێستاش بە دۆستی دەزانن، بەڵام ڕۆژانە ئەو دوو زلهێزە بەکاریاندەهێنن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بەرژەوەندیی کوردیش لەوایە کە عاقڵانە مامەڵە بکات نەک بە عاتیفە، دەنا دواتر دەبێت بڵێت “ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو، بە جارێ ماڵی وێرانم..”

ئەو ئەمریکایەی کە تا دوێنێ دۆستبوو لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەپەگە کاتی و تاکتیکی و سەوداگەرین.

لە ماوەی ڕابردوودا و لەکاتێکدا ئەمریکا ١٢ ملیۆن دۆلار پاداشتی دابینکرد بۆ پێدانی زانیاریی لەبارەی هەرسێ سەرکردەی پەکەکە (موراد قەرەیلان، جەمیل بایک و دوران کاڵکان)، کوردی عاتیفی دەستی بە دەربڕینی عاتیفەی خۆی کرد و دەیوت “ئەوان لە دڵماندان!” بەڵام هەر ئەم سەرکردانەن ئێستا نەک تەنیا خاک، بەڵکو خوێنی ڕژاوی شەڕڤانەکانیان و عاتیفەی خەڵکیش دەفرۆشن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close