جیهانی ئیسلامیدونیا

سیسی: هاوکاری و هەماهەنگیی نزیکمان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە

کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، میسر داوای لە کەناڵەکەیان کردووە کە چاوپێکەوتنێکی کەناڵەکە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسردا بڵاونەکاتەوە، بەڵام ئەوان ئەو داوایەیان ڕەتکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چاوپێکەوتنەکەدا عەبدولفەتاح سیسی دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاری و هەماهەنگیی نزیکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، هاوکات نکۆڵی لەوەش کردووە کە هیچ زیندانییەکی سیاسیی لە میسردا بوونی هەبێت. بەڵام پێشتر هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردبوو کە زیاتر لە ٦٠ هەزار زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکانی میسردان. لەکاتی وەڵامدانەوەی بەشێک لەو بابەتەشدا عەرەقێکی زۆر بە ڕووخساری عەبدولفەتاح سیسیەوە دەبینرێت، کە بوونی عەرەق لەسەر ڕووخسار بەپێی شارەزایانی خوێندنەوەی ڕووخسار، بەهۆی درۆکردنەوەیە.

یەکێک لەو کەسانەی کە لە میسر زیندانیکراوە مەحمود حوسێنی ڕۆژنامەنووسی جەزیرەیە، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ و لەکاتی گەڕانەوەی بۆلای خێزانەکەی دەستگیرکراوە. ئەو ڕۆژنامەنووسە زیاتر لە ٧٤٣ ڕۆژە بەبێ تۆمەت لە زیندانەکانی میسردا زیندانی کراوە.

هەرچەندە میسر بە ڕوونی لە داواکەیدا باسی لەوە نەکردووە کە دژی کام بەشەی چاوپێکەوتنەکەیە و نایەوێت پەخش بکرێت، بەڵام وا پێدەچێت کە لەگەڵ ئەو بەشەدا ناساز بێت کە تیایدا سیسی باسی پەیوەندییەکانی میسر و ئیسرائیل دەکات.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوزی ئەمریکیدا، عەبدولفەتاح سیسی لە وەڵامی ئەوەدا کە ئایا ئیسرائیل و میسر لە ئێستادا نزیکترین هاوکاریی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە؟ وتوویەتی، “ئەوە ڕاستە.. ئێمە هاوکاری و هەماهەنگییەکی بەرفراوانمان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.”

ساڵی ڕابردووش سوپای میسر ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان میسر و ئیسرائیل دەکرد، بە دیاریکراویش هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان لە بیابانی سینا لە باکوری میسر، کە هاوسنوری غەززەیە و لە ئێستادا بەناوی بوونی داعشەوە سوپای ئیسرائیل جەنگی تیادا بەرپاکردووە.

پێشتریش بەرپرسانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئاشکرا ستایشی هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی سیسی-یان کردووە، بەوەی کە بە شێوەیەکی سەلامەت و سەرکەوتووانە و بە مۆڵەتی ئیسرائیل هێزی سەربازی و ئاسمانی لە نزیک (سنوری ئیسرائیل) بڵاوکردووەتەوە بۆ شەڕی دژ بە گروپە چەکدارییەکان.

لەدوای ئەوەی سیسی لە ساڵی ٢٠١٤دا دەسەڵاتی گرتەدەست، لانیکەم دوو جار لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەکانیان بە شێوەیەکی کەم لەلایەن میدیاکانەوە گرنگیی پێدرا، کە تا ئێستاش زۆرینەی گەلی میسر ئیسرائیل بە دوژمن دەزانن و دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ ئیسرائیلدا.

چاوپێکەوتنەکەی عەبدولفەتاح سیسی بڕیارە سبەینێ یەک شەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە کەناڵی سی بی ئێس نیوز (کاتژمێر ٧) پەخشبکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close