دونیا

ئەمریکا.. دوو خانمە موسڵمانەکەی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی یاساییان بە قورئان خوارد

هەریەکە لە ئیلهان عومەر و ڕەشیدە تلەیب دوای ئەوەی توانییان سەرکەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەستبێنن، سوێندی یاساییان بە قورئانی پیرۆز خوارد.

دوێنێ پێنج شەممە ئیلهان عومەر و ڕەشیدە تلەیب سوێندیان بە قورئان خوارد، ئیلهان کۆپییەک لە قورئانی باپیرەیی بۆ سوێندخواردنەکە بەکارهێنا و ڕەشیدەش کۆپییەک لە قورئانەکەی خۆیی بەکارهێنا بۆ سوێندخواردنی یاسایی.

ئیلهان عومەر لە تویتەرەکەی خۆی وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە هی ساتی سوێندخواردنەکەیەتی و نوسیوویەتی، “وەک منداڵێک، بووم بە وەرگێڕی باپیرەم لە پرسەکانماندا، باپیریشم یەکەم کەس بوو کە تامەزرۆیی منی بۆ سیاسەت هەستپێکرد. ئاواتەخوازبووم کە لەم ساتە مێژووییەدا وەک شاهیدێک ئامادەگیی هەبووایە، بەڵام ڕۆحی هەر لێرەیە لەکاتێکدا من دەستم لەسەر قورئانەکەیەتی بۆ سوێندخواردنی یاساییم لەم مەراسیمە فەرمییەدا.”

ئیلهان یەکەمین خانمی موسڵمانی حیجابپۆشە کە توانیبێتی لە مێژووی ئەمریکادا بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنگرێس.

ئیلهان لە پۆستێکی تریدا وێنەیەکی خۆی و باوکیی بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی، “٢٣ ساڵ بەر لە ئێستا، لە کامپێکی ئاوارەکانەوە لە کینیا، من و باوکم هاتینە فڕۆکەخانەیەکی واشنتن. ئەمڕۆ، دەگەڕێینەوە بۆ هەمان فڕۆکەخانە و وەک سۆماڵییەکی ئەمریکی لە کۆنگرێس سوێندی یاسایی دەخۆم.”

پێشتر لە کۆنگرێس پۆشینی سەرپۆش و جۆرەکانی تری پۆشاکی ئیسلامی قەدەغە بووە. ئیلهانیش کە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا وەکو کۆچبەر چووەتە ئەمریکا، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکای کرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر فیلیس کاهنی ڕکابەریدا بەدەستهێنا و ٤١٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

هاوکات ڕەشیدە تلەیب کە بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە بە هەمان شێوە لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، سوێندی بە قورئانی پیرۆز خوارد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close