كــوردستان

برازایەکی عومەر عینایەت بە بڕێک تلیاکەوە دەگیرێت کە بەهاکەی ٢٠٠ هەزار دۆلارە

بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکانی ئیسلامی نێت، مامۆستا ماردین حەمە سەعید مامۆستای وانەی وەرزش لە ھەڵەبجە بە بڕیک تلیاکەوە دەگیرێ کە بەهاکەی ٢٠٠ ھەزار دۆلارە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی کە لە کەسانی باوەڕپێکراو و نزیک لە مامۆستاکەوە دەستکەوتوون، ناوبراو لە دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دادگا تەنھا حوکمی یەک ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاندووە.

تاوانبار کوڕی مامۆستا حەمە سەعید حاجی عەنایەتە کە سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە پەروەردەی پارێزگای ھەڵەبجە و، برازای عومەری حاجی عینایەت پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانە.

بەگوێرەی زانیارییەکان بەھۆی پەیوەندی شەخسی عومەری حاجی عینایەتەوە، ماوەی زیندانییەکەی لە ساڵێک و شەش مانگەوە کەمدەکرێتەوە بۆ تەنھا شەش مانگ.

تلیاک کە ئێستا بووەتە یەکێک لە سەرچاوە مەترسیدارەکان لەسەر گەنجی کورد و، لە شاری ھەڵەبجە بەتایبەتی بە شێوەیەکی بەرفراوان کار لەسەر بەلاڕێدابردنی گەنجان دەکرێت و، ماردین حەمە سەعید یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەم ماددەیەی گەیاندووەتە دەست ئەو گەنجانەی کە ئالودەبوون.

بۆیە گرنگە کە نهێنیی لەم جۆرە هەر زوو ئاشکرا بکرێت و بە خەڵکی ڕابگەیەنرێت، بەپیی یاسایش ئەوەی بازرگانی پێوە بکات حوکمەکەی لەسێدارەدانە، بەڵام ئەم مامۆستایە بە شەش مانگ زیندانیکردن لێی دەربازدەبێت و؛ دەوترێت کە ئەو مامۆستایە وتوویەتی، “مامەم (واتە عومەر عینایەت) ناھێڵێت ئەو شەش مانگەش لە زینداندا بم.”

بەپێی یاساش ئەوەی بەم ماددانە حوکم بدرێ لە کارەکەی دووردەخرێتەوە و بۆ ھەمیشەش بۆی نییە خۆی بۆ ھیچ پلە و پۆستێک کاندید بکات، بەڵام بەرپرسان قڕوقپیان کردووە و بەنیازیش نین لە مامۆستایەتییەکەش دووری بخەنەوە.

ئەوەی زیاتر جێگای داخە ئەوەیە کە هیچ میدیایەکی بینراو و بیستراو و خوێنراو گرنگیی بەم کەیسە نەداوە، لەکاتێکدا ئەمە کەیسێکی ئێجگار گەورە و هەستیارە و پەیوەندیی بە ژیانی دەیان هەزار گەنجی خێرلەخۆنەدیوی ئەم وڵاتەوە هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close