جیهانی ئیسلامیدونیا

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوای ڕادەستکردنی بکوژانی خاشقچی بە ئەنقەرە دەکات

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوایکرد، بکوژانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودیی ڕادەستی ئەنقەرە بکرێن بە مەبەستی دادگاییکردنیان.

باخچەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، تاوانباران دەبێت بهێنرێنە تورکیا و لێرە دادگایی بکرێن.

ناوبراو وتووشیەتی، حکومەتی تورکیا پێویستە تەواوی ئەو تاوانە زۆر بە ڕوونی ئاشکرابکات و بخاتەڕوو.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو و موقنیعی لە کەیسی خاشقچی کرد، هەندێک لە چاودێرانیش دەڵێن، هەر کەیسێک نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی تیابکات سەرنوگوم دەبێ.

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستاش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، یەکێک لە بکوژەکانی خاشقچی لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت، “دەزانم چۆن پارچەپارچەی بکەم.”

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا چاویان لەئاستی کەیسی خاشقچی نوقاندووە.

سعودییەش چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ڕایگەیاند، ئەمریکا لە دۆسیەی خاشقچی و جەنگی یەمەندا دەستوەردانی لە ناوخۆی سعودیە کردووە.

سعودییە ڕایشیگەیاند، تۆمەتبارکردنی موحەمەد بن سەلمان بە کوشتنی جەمال خاشقچی دەستوەردانی ئەمریکا (سیناتۆرەکانی ئەمریکایە) لە کاروباری سعودیە. ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە ژمارەیەک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا موحەمەد بن سەلمانیان بە دەرکردنی فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی تۆمەتبارکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close